رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی رووسیا داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات کە بە "زووترین کات" زانیاریی ورد لەبارەی شوێن و دۆخی تەندروستیی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا ئاشکرا بکات. ئەم داواکارییەی مۆسکۆ دوای ئەوە دێت کە واشنتن دەستگیرکردنی مادورۆی لە کاراکاس و گواستنەوەى بۆ دەرەوەى ولات راگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رۆژی شەممە، 03-01-2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مافی خۆیەتی بزانێت سەرۆکی وڵاتێکی خاوەن سەروەری بۆ کوێ گواستراوەتەوە.
مۆسکۆ ئەم هەنگاوەی ئەمریکای بە "کاری چەتەگەریی نێودەوڵەتی" ناوبرد و رایگەیاند، شاردنەوەی شوێنی هێشتنەوەی مادورۆ گومانەکان لەبارەی سەلامەتیی گیانی قورستر دەکات.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "پێویستە واشنتن دەستبەجێ روونکردنەوە بدات کە نیکۆلاس مادورۆ و هاوژینەکەی لە کوێن. هەر جۆرە بێدەنگییەک لەمبارەیەوە پێشێلکردنی روونی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
رووسیا دەڵێ، ئەم دەستگیرکردنە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و تەنیا "دەستدرێژییەکی سەربازیی" ئەمریکایە.
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا مادورۆیان دەستگیر کردووە و لە ڤەنزوێلاوە بەرەو دەرەوە بردوویانە.
ترەمپ ئۆپەراسیۆنەکەی بە "ناوازە" ناوبرد، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنی دەستبەسەرکردنی مادورۆی ئاشکرا نەکردووە، تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە "لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە."
دێڵسی رۆدریگێز، جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا هەمان داواکاریی ئاراستەی واشنتن کرد و داوای "بەڵگەی زیندوومانەوەی" سەرۆکەکەیان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ