رووداو دیجیتاڵ
زۆربوونی خێرای ژمارەی دانیشتووانی زەوی لە 50 ساڵی رابردوودا وایکردووە شارەکان قەرەباڵختربن و هۆکارە جیاوازەکانی گواستنەوەش زیاتر بەکاربهێنرێن.
ئەوە وایکردووە پێویستییەکی زیاتر بە رێژەی سەوزایی لە نێو شارەکان هەبێت. لێکۆڵەران لە پەیمانگەی تەندروستیی جیهانی لە بارسێلۆنا باس لەوە دەکەن، ئەگەر رێژەی سەوزایی لەنێو شارەکاندا بگاتە 30٪، ئەوا مردن بە رێژەی یەک لەسەر سێ کەمدەبێتەوە.
فێرناندۆ فێرناندێز، هاوئاهەنگیکار لە پەیمانگەی گرینپیس لە بارسێلۆنا دەڵێت، "هەموو دەزانین ئێستا لە دۆخێکی ناسەقامگیری ژینگەییداین و دەبێت شتێک بکەین. بەڵام زۆربەی کات دووچاری کێشە دەبینەوە لە رووبەڕووبوونەوەی کێشە ژینگەییەکان. بەرپرسی شارەکان ناتوانن یاسای تووندتر دابنێن."
بەگوێرەی توێژینەوەی ئەو پەیمانگە ئیسپانییە کە لەسەر 93 شاری گەورەی ئەوروپا کراوە، ئێستا بە تێکڕا رێژەی سەوزایی لە ناوەندی شارەکانی ئەو کیشوەرەدا 15٪ـە.
ئەمەش وایکردووە، جیاوازی پلەی گەرمای ناوەندی شارەکان بەراورد بە گوندەکان 1 پلەی سیلیزی بێت.
لێکۆڵەرانیش باس لەوە دەکەن، کەمی سەوازیی و پیسبوونی هەوا هۆکاری نەخۆشییەکانی دڵ و بیرچوونەوەیە و کاریگەریی لەسەر ژیری منداڵانیش هەیە.
مارک نایوێنوسن، بەڕێوەبەری پلاندانان لە پەیمانگەی تەندروستیی جیهانیی بارسێلۆنا گوتی، "پێموایە ئەوەی جیاوازە لەم توێژینەوەیەدا ئەوەیە زۆر شاری ئەوروپا لە خۆدەگرێت. هەروەها کورتکراوەیەکە لەبارەی قەیرانی ژینگە، سەوزایی شارەکان، تەندروستی و پلانداڕێژی شار."
ساڵی 2022 ئیسپانیا گەرمترین پلەی گەرمی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد؛ ئەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی 1961 کە بۆ جاری یەکەم پلەی گەرمی تۆمارکرا 15 پلەی سلیزی گەرمتر بوو.
بەگوێرەی شارەوانیی بارسێلۆنا، رێژەی سەوزایی لەو شارە 25.2٪ـە و بەهیوان تاوەکو ساڵی 2050 رێژەکە بگەیێننە 30٪ و دەردانی گازە زیانبەخشەکان لە سفر نزیکبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ