راپۆرتێک: ترەمپ و پووتین لە ئیمارات یان سعودیە کۆدەبنەوە

03-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چەند سەرچاوەیەکی رووسیا دەڵێن، کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پووتین لە ئیمارات یان سعودیە بەڕێوەدەچێت؛ هۆکارێکی ئەمەش بۆ پەیوەندیی باشی دوو سەرکردەکە لەگەڵ دوو وڵاتەکە دەگەڕێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 03-02-2025 دوو بەرپرسی رووسی بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزیان راگەیاند، بۆ کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، ئیمارات و سعودیە بە شوێنێکی گونجاو دادەنرێت.
 
ترەمپ گوتوویەتی بە زووترین کات کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دەهێنێت و گوتیشی، ئامادەیە پووتین ببینێت.
 
لەلایەکی دیکە، پووتین پیرۆزبایی لە دەستبەکاربوونی ترەمپ کرد و گوتی، ئامادەیە لەگەڵیدا گفتوگۆ لەسەر ئۆکراینا و وزە بکات.
 
چەند سەرچاوەیەکی رووسیا ئاماژەیان بەوە کردووە، چەند بەرپرسێکی وڵاتەکە لە چەند هەفتەی رابردوو، سەردانی سعودیە و ئیماراتیان کردووە.
 
سەرچاوەیەک گوتی، هێشتا لە رووسیا ئاسوودەیی تەواو لەسەر ئەو پرسە نییە، "بەشێک لە بەرپرسانی هەواڵگری و دیپلۆماتەکان نیگەرانی ئەوەن، ئیمارات و شانشینە عەرەبییەکە پەیوەندییەکی زۆر باشی ئەمنی و سەربازییان لەگەڵ ئەمریکا هەیە."
 
نە کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن)، نە سعودیە و ئیماراتیش هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەو دەنگۆیە نییە، بەڵام پووتین و ترەمپ ماوەیەکە لەگەڵ دوو وڵاتە عەرەبییەکە پەیوەندییەکی باشیان هەیە.
 
رۆژی یەکشەممە ترەمپ گوتی، ئیدارەکەی پلانیان داناوە کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ چەندین لایەن بکەن، "لەوانەش ئۆکراینا و رووسیا."
 
لەسەر ئەم قسەیەی ترەمپ پرسیار لە دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن کرا و گوتی: "پلان دانراوە."
 
دۆناڵد ترەمپ لە 20-01-2025 وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو، دوای چوونە نێو کۆشکی سپی، یەکەم بەرپرسی وڵاتێکی بیانی، کە ترەمپ تەلەفۆنی بۆ کرد محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بوو.
 
لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیشدا کە لە داڤۆسی سویسرا بەڕێوەچوو، ترەمپ بە ئۆنڵاین بەشداری کرد و لە وەسفی بن سەلمان گوتی: "ئەو پیاوێکی نایابە."
 
پووتین لە ساڵی 2023 سەردانی سعودیە و ئیماراتی کرد؛ ئەیلوولی پێشوو گوتی: "سوپاسگوزاری محەممەد بن سەلمانم بۆ یارمەتیدان و رێکخستنی گەورەترین ئاڵوگۆڕی زیندانییانی ئەمریکا - رووسیا لە جەنگی ساردەوە."
 
لە ساڵی 2015 محەممەد بن سەلمان بۆ یەکەم جار سەردانی رووسیای کرد و لەوکاتەوە لەگەڵ پووتین پەرەی زۆریان بە پەیوەندییەکانیان داوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە