ترەمپ: لەبارەی پێناسی گومرگی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا قسەمان کرد

03-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەبارەی پێناسی گومرگی قسەیان کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو وڵاتەکە بڕیاریان دا رێژەیەک لە باج بخەنە سەر کاڵای یەکدی.
 
رۆژی دووشەممە 03-02-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "تازە قسەم لەگەڵ جەستن ترودۆ کرد. کاژێر 3:00 دووبارە قسەی لەگەڵ دەکەم."
 
رۆژی شەممە، 01ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە فەرمانێکی نوێیدا، 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا و مەکسیک و 10٪ی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی چیندا سەپاند. 
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کەنەدا و مەکسیک بەهۆی ئەوەیە، ئەو وڵاتانە هەڕەشەیەکی گەورەیان بۆ ئەمریکا دروست کردووە لەبارەی پرسەکانی کۆچبەری نایاسایی و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر. 
 
ترەمپ لە پۆستەکەی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئامانجی پێناسە گومگرییەکان بۆ راگرتنی لێشاوی دەرمانی فێنتانیلە."
 
دەرمانی فێنتانیل دەرمانێکی ئازارشکێنە و لە ئەمریکا بە رەچەتەی دکتۆر رێگەپێدراوە، بەڵام زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی دەبێتە هۆی سڕبوون.
 
لەبارەی بڕیارە نوێیەکەی ئیدارەی ترەمپ، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئامانج لەو هەنگاوە لەدژی ئەو سێ وڵاتە "بۆ راگرتنی کۆچبەری نایاساییە و هەروەها راگرتنی مادەی هۆشبەرە بەتایبەت جۆری فینتانێڵ بۆ نێو ئەمریکا."
 
لە وەڵامی ئەو بڕیارە، جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند بەشێک لەو پێناسە گومرگییانە، لە رۆژی سێشەممەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەشی دووەمیش لەماوەی 21 رۆژدا جێبەجێ دەکرێن بۆ ئەوەی کۆمپانیا کەنەدییەکان کاتیان هەبێت جێگرەوەی بەرهەم و کاڵای ئەمریکی بدۆزنەوە و دابینی بکەن.
 
قەبارەی ئەو کاڵایانەی کەنەدا پێناسی گومرگیی خستووەتە سەریان، 155 ملیار دۆلاری کەنەدییە، کە دەکاتە 106 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
 
رۆژی یەکشەممە، 02-02-2025، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئەمریکا بە سەدان ملیار دۆلار پاڵپشتیی دارایی کەنەدا دەکات. بەبێ ئەو پشتگیرییە گەورەیە، کەنەدا ناتوانێت وەک وڵاتێک بمێنێتەوە."
 
ترەمپ هەروەک پێشتریش جارێک گوتبووی، دیسانەوە نووسی: "پێویستە کەنەدا ببێتە ویلایەتی 51ـەمی ئەمریکا."
 
لەبارەی ئەو پێشنیازەی نووسیویەتی: "ئەمە دەبێتە هۆی باجی زۆر کەمتر، پاراستنی باشتری خەڵکی کەنەدا و هەروەها نەهێشتنی پێناسی گومرگی."
 
رۆژی 08-01-2025 واتا 12 رۆژ پێش ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات و ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ نەخشەیەکی نوێی ئەمریکای بڵاوکردەوە، لەو نەخشەیەدا، ترەمپ، کەنەدای دراوسێی وڵاتەکەی بە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا دانا و لەسەر نەخشەکەش نووسی "ئای کەنەدا!"
 
بەڵام پێش بڵاوکردنەوەی نەخشەکە، ترودۆ، لە ئێکس نووسیبووی "دەرفەتی بوونی کەنەدا بە بەشێک لە ئەمریکا، سفرە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلیسی سوێد لە شوێنی رووداوی تەقەکردنەکە. وێنە: Getty Images

یەکێک لە بریندارانی رووداوی تەقەکردنەکەی سوێد کوردە

تادێت زانیاریی نوێ لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی ئەم هەفتەیەی شاری (ئورێبرۆ)ی سوێد ئاشکرا دەبن. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە بەرکەوتووانی تەقەکردنەکە کوردێکە، کە ئێستا لە نەخۆشخانەیە