رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵی نوێی چینی، بازاڕەکانی ئەو وڵاتە جمەیان دێت لە کڕیار. بۆ چینییەکان، کڕینی کەلوپەلی نوێ تەنیا نەریتێکی سادە نییە، بەڵکو گوزارشتە لە بڕوابوون بە هاتنی "بەختی باش" و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی ژیان.
لە بازاڕە گەورەکانی چین، خانەنشینان و خێزانەکان بە پەرۆشەوە سەرقاڵی کڕینی پێداویستییەکانی خوانە سەرەکییەکەیانن. دۆنگ شانگ شانگ، کە خانەنشینێکی چینییە، دەڵێت: "ئەمڕۆ هاتینە بازاڕی گەورە بۆ کڕینی شت بۆ سەری ساڵ. دواتر دەچین تاوەکو ماسی و گۆشت و چەند شتێکی باش بۆ سەری ساڵ بکڕین. دەبێت هەموو پێداویستییەکان بۆ ساڵی نوێ ئامادە بکەین."
خۆشترین خواردن لای چینییەکان لەسەر ساڵی چینی خواردنی ماسی و نودڵە. لای ئەوان ئەم دوو خواردنە هێمایە بۆ تەمەندرێژی و نیشانەی "بەرەکەت و رزقە".
لی شیانگ، ماسیفرۆشێکی بازاڕەکەیە، بە جۆش و خرۆشەوە باسی ماسی دەکات و دەڵێت: "ئێمەی چینی گوتەیەکمان هەیە و دەڵێین بەخواردنی ماسی رەنگە ئەم ساڵ رزق و رۆزیتان زیاتر بێت. ئێمە لێرە ماسی تەواومان هەیە، هەروەها پارچەی تەواو ترشیاتمان هەیە کە لە هێرینگی دروستکراوە."
ئەو فرۆشیارە لەبارەی جموجوڵی بازاڕەوە باس لەوە دەکات کە "فرۆشمان زۆر زۆر باشە. رۆژانە لانیکەم 50 ماسی هێرینگی وشککراوەی دەریاچەی کیانداوی لەم شێوەیە دەفرۆشین."
بەپێی ساڵنامەی چینی، ئەم ساڵ ساڵی "ئەسپە"، کە لای ئەوان بە ساڵی خێرایی و گۆڕانکاریی گەورە دادەنرێت. لە هەموو سووچێکی بازاڕەکاندا رەنگی سوور دەبینرێت؛ ئەم رەنگە لەخۆووە نییە، بەڵکو لای چینییەکان "هێمای بەخت و دڵخۆشییە."
لیو شوای، دووکاندارێکی کەلوپەلی رازاندنەوە، دەڵێت: "کڕیارەکانمان تەنیا خەڵکی ئاسایی نین، بەڵکو دامەزراوەکانیش دیکۆراتی ساڵی ئەسپ و کارەکتەری (فو) و زەرفە سوورەکان دەبەن. زەرفە سوورەکانیش فرۆشیان زۆرباشە"
حکومەتی چین بە وردیی چاودێریی جووڵەی بازاڕ دەکات. چینییەکان لەم بۆنەیەدا دەستکراوەن و پێشبینی دەکرێت خەرجییەکانی بازاڕکردن و گەشتیاری لەم پشووەدا 880 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.
خەرجیی تاک لە چین نزیکەی 40%ـی کۆی خەرجییەکان پێکدەهێنێت. حکومەت خوازیارە ئەم رێژەیە بەرزتر ببێتەوە بۆ بووژانەوەی زیاتری ئابووری.
چاوەڕوان دەکرێت (خێرایی ساڵی ئەسپ)، رەنگدانەوەی هەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی کڕین و فرۆشتن.
هەرچەندە بازاڕکردنی ئۆنلاین لە چین گەشەیەکی بێوێنەی کردووە، بەڵام هێشتا بازاڕە میللییەکان وەک دڵی فێستیڤاڵەکە ماونەتەوە و لەم هەفتەیەدا قەرەباڵخترین شوێنی وڵاتەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ