رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریس دەڵێت، دەسەڵاتدارانی تایبەت بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر نووسینگەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە فەرەنسا و داوایان لە ئیلۆن مەسک، خاوەنی تۆڕەکەش کردووە بۆ "دانیشتنێکی خۆویستانە" ئامادە بێت.
ئۆپەراسیۆنەکە کە ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی شوباتی 2026 بە هاوکاریی دەزگای پۆلیسی ئەورووپا (یۆرۆپۆڵ) بەڕێوەچوو، بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەک کە لە کانوونی دووەمی 2025ـەوە دەستیپێکردووە. بەرپرسان گومانی ئەوە دەکەن ئەلگۆریتمی ئێکس بۆ دەستوەردان لە سیاسەتی فەرەنسا بەکارهێندرابێت.
نووسینگەی داواکاری گشتی رایگەیاند، "دەست بە پشکنینی باڵەخانەکانی پلاتفۆرمی X لە فەرەنسا کراوە." ئاماژەی بەوەش کردووە، "بانگهێشتنامە بۆ ئامادەبوونی خۆویستانە لە رۆژی 20ی نیسانی 2026 لە پاریس بۆ بەڕێز ئیلۆن مەسک و خاتوو لیندا یاکارینۆ نێردراوە."
داواکاری گشتی باس لەوە دەکات، بانگهێشتکردنەکە بەهۆی پێگەی ئەوانە وەک "بەڕێوەبەرانی راستەقینە و یاسایی" پلاتفۆرمەکە.
لیندا یاکارینۆ لە تەممووزی ساڵی رابردوو، دوای دوو ساڵ کارکردن وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، دەستی لەکارکێشایەوە.
داواکارانی گشتیی تاوانی ئەلیکترۆنی لە پاریس لە تەممووزی 2025 داوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی پۆلیسیان کرد بۆ بەدواداچوونی گومانی چەند تاوانێک، لەوانەش "دەستکاری و دەرهێنانی داتای سیستمی ئۆتۆماتیکی وەک بەشێک لە باندێکی تاوانکاری."
ئەم جووڵەیەی دادگا دوای سکاڵایەکی ئێریک بۆتۆرێل، پەرلەمانتاری پارتی رێنیسانسـی ئیمانوێل ماکرۆن دێت کە سکاڵای لە "کەمبوونەوەی دەنگی جیاواز و بژاردەکان" و "دەستوەردانی کەسی" لەلایەن مەسکەوە لە بەڕێوەبردنی پلاتفۆرمەکەدا کرد.
لێکۆڵینەوەکان فراوانتر کراون و رۆڵی چاتبۆتی ژیریی دەستکردی (Grok)یشی گرتووەتەوە، کە تۆمەتبارە بە بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی نکۆڵیکردن لە هۆڵۆکۆست و دروستکردنی وێنەی دەستکاریکراوی سێکسی (Deepfake)ی ژنان و منداڵان.
لۆرێنت بوانێک، بەڕێوەبەری ئێکس لە فەرەنسا رەتیدەکاتەوە یاساکانیان پێشێل کردبێت و دەڵێت، "رێسای تووند و روونیان هەیە" بۆ رێگری لە گوتاری رقئامێز. پلاتفۆرمەکە پێشتر لێکۆڵینەوەکانی بە "هاندراوی سیاسی" ناوبردبوو.
ئەم هەنگاوەی فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا دێت. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چەندینجار جەختی کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی ئەو رێسایانەی تەکنەلۆژیا لەلایەن ئەورووپاوە، سنووردارکردنی ئازادیی رادەربڕینە و بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ