رووداو دیجیتاڵ
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە قودس/ ئورشەلیم و لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە و مژارێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەش دانوستاندنی رۆژی هەینی ویتکۆف و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بوو. بڕیارە ویتکۆف لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئیسرائیلیش کۆببێتەوە.
نەتەنیاهوو بۆ ویتکۆف: ئێران جێگەی متمانە نییە
کۆبوونەوەکەی نێوان بنیامین نەتەنیاهوو و ستیف ویتکۆف ئەم ئێوارەیە بوو و کەمێک لەمەوبەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیێندراوێکی لەبارەی بڵاوکردەوە و گوتی: "پێش سەردانی ویتکۆف بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرێکی ئێرانی، سەرۆکوەزیران هەڵوێستی خۆی روونکردەوە و گوتی، ئێران چەندینجار بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردوون و هەربۆیە ناکرێ متمانە بە بەڵێنەکانی بکرێ".
بڕیارە ویتکۆف لەگەڵ ئییال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل و داود بارنیع، سەرۆکی دەزگای مۆسادیش کۆببێتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی، ئیسرائیل هەندێک داواکاری سەرەکی لە ئەمریکا بۆ کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی هەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی ئیسرائیل بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "ئیسرائیل داوا لە ئەمریکا دەکات هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، بردنە دەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراو لەو وڵاتە، وەستاندنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و وەستاندنی پشتگیریی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا لەخۆبگرێ".
بەپێی رۆژنامە بەریتانییەکە، بنیامین نەتەنیاهوو هۆشداریی داوەتە ئیدارەی ترهمپ کە "هەر رێککەوتنێکی لاواز تەنیا کڕینی کاتە بۆ تاران".
بە گوتەى بەرپرسێکى باڵاى ناونەهێندراوی ئیسرائیل بۆ رۆژنامەکە، نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا گوتوویەتی: "بژاردەى جەنگ بۆ گۆڕینی رژێم بۆ ئێمە باشترە تا رێککەوتنێکی بێ ئامانج."
گواستنەوەی هێز بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئەم سەردانەى نێردەى ئەمریکا لە کاتێکدایە ئەمریکا هێزێکی سەربازیی گەورەی رەوانەی ناوچەکە کردووە.
بەپێی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن بە یاوەریی سێ کەشتیی تێکشکێنەری مووشەکی، لە باکووری دەریای عەمان جێگیرکراوە.
هەر کەشتییەکی تێکشکێنەر دەیان مووشەکی لە جۆری تۆماهۆک هەڵگرتووە. هاوکات، دوو کەشتیی تێکشکێنەری دیکە لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست جێگیرکراون بۆ پاراستنی ئیسرائیل لە هەر هێرشێکی پێچەوانەی تاران.
هاوکات، 23 فڕۆکەی جەنگی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتن لە ئوردن.
رۆژنامەکە دەڵێ، پسپۆڕانی سەربازیی بۆچوونیان وایە ناردنی فڕۆکەی "EA-18G Growler" کە تایبەتە بە تێکدانی رادار و پەیوەندییەکان، نیشانەی ئەوەیە ئەمریکا دەیەوێ بچێتە قووڵایی ئاسمانی ئێران و سیستەمە بەرگرییەکانی پەکبخات.
هەروەها بوونی فڕۆکەی گەڕان و رزگارکردنی وەک "HC-130J" ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێنتاگۆن پێشبینی ئۆپەراسیۆنی مەترسیدار دەکات کە تێیدا پێویستی بە رزگارکردنی فڕۆکەوانەکان بێت لەنێو خاکی ئێران.
ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە
بەپێی گۆڤاری ناشناڵ ئینتریستی ئەمریکی، ئەم کۆکردنەوە گەورەیەی هێز مەترسییەکی گەورەی لەگەڵە، چونکە هەر پێکدادانێکی بچووک لە دەریای عومان یان گەرووی هورمز، دەکرێ بە خێرایی ببێتەهۆی جەنگێکی گشتگیر.
بە گوێرەی گۆڤارەکە، مێژووی ململانێکان دەریخستووە کە کاتێک دوو وڵاتی گەورە هێزێکی زۆر لە ناوچەیەکی تەسکدا کۆدەکەنەوە، ئەگەری هەڵەی تەکنیکی یان تێگەیشتنی هەڵە لە پەیامەکان زیاد دەکات.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئەمریکا دەست بە هێرش بکات، ئێران تەنیا بە بەرگریی ئاسمانییەوە ناوەستێت.
ناشناڵ ئینتریست دەڵێ، لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگدا دەکرێ تاران پلانی هەبێ هانی گرووپە چەکدارە نزیکەکانی لە ناوچەکەدا بکات هێرش بکەن و ئەمەش وادەکات جەنگەکە لە چوارچێوەی ئێران دەربچێت و تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە.
وێڕای لەنێوچوونی بەشێک لە تواناکانی لە جەنگی حوزەیرانی 2025دا، کۆگەی مووشەکیی ئێرانیش هێشتا کاریگەرە.
فابیان هینز، پسپۆڕی بەرنامەی مووشەکی دەڵێ، زۆربەی مووشەکە بالیستیکییە کورتمەوداکانی ئێران بە پارێزراوی ماونەتەوە. ئەم مووشەکانە بە تایبەتی بۆ پێکانی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و شارەکانی ئیسرائیل دروستکراون.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی ویتکۆف و عەباس عێراقچی لە تورکیا کۆدەبنەوە و ئەو کۆبوونەوەیەش وەک دوایین هەوڵی دیپلۆماسی دەبیندرێن بۆ رێگەگرتن لە هەر جەنگێک لەنێوان ئەمریکا و ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ