راپۆرتێک: فەرەنسا لە پرسی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دا زیاتر پاڵپشتی کوردی کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی راپۆرتێک، لە پرسی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا دا، پاریس رۆڵێکی ئەرێنی گێڕاوە و "تەنانەت پێچەوانەی ئەمریکا کە زیاتر پشتیوانیی شەرع بوو، پشتی کوردی گرت." ئەم هەوڵە کاریگەرەی فەرەنساش لە ئەنجامی ژمارەیەک پەیوەندی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بووە، لەوانەش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. 
 
دابەشبوونی ئەرکەکان؛ واشنتن بۆ ئاسایش و پاریس بۆ سیاسەت
 
چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسا بە پێگەی مۆنیتەری ئەمریکییان گوتووە، جۆرێک لە دابەشبوونی ئەرک لە نێوان ئەمریکا و فەرەنسادا هەبووە. راپۆرتەکە نووسیویەتی:
 
- واشنتن جەختی لەسەر بەهێزکردنی پێگەی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی دەوڵەت و کۆنترۆڵکردنەوەی زیندانەکانی داعش و کەمپەکان کردوەتەوە.
 
- پاریس رۆڵی "پشتگیری و داڕشتنەوەی مافەکان"ـی گێڕاوە. فەرەنسا سەرنجی خستوەتە سەر چەسپاندنی مافە مەدەنییەکان، زمانی کوردی، بەڕێوەبردنی خۆجێیی و نوێنەرایەتیی کورد لەنێو دەسەڵات.
 
کورد چ دەستکەوتێکی سیاسیی بەدەستهێنا؟
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە دیپلۆماسییانە، رێککەوتنەکە تەنیا تێکەڵکردنی شەڕڤانان نییە لەنێو سوپادا، "بەڵکو فەرەنسا توانی چەند خاڵێکی گرنگ بسەلمێنێت کە لە رەشنووسە سەرەتاییەکاندا نەبوون،" لەوانەش:
 
- مافی مەدەنی و پەروەردەیی: رێککەوتنەکە گەرەنتیی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد دەکات.
 
- گەڕانەوەی ئاوارەکان: گەرەنتیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بێ هیچ گوشارێک دەکات.
 
- پۆستە باڵاکان: بڕیاردراوە بەرپرسانی کورد لە پۆستە باڵاکانی پارێزگەکانی وەک حەسەکە و پۆستە وەزارییەکاندا دابنرێن.
 
- دەستووری نوێ: پاریس گەشبینە کە دیمەشق رێگە بدات نوێنەرانی کورد و هەسەدە بەشداربن لەو لیژنەیەی دەستووری نوێی وڵات دەنووسنەوە.
 
هاوپەیمانێکی مێژوویی؛ لە میتەرانەوە بۆ ماکرۆن
 
پشتیوانیی فەرەنسا بۆ کورد کاتی نییە، بەڵکو رەگ و ریشەیەکی مێژوویی هەیە. راپۆرتەکە بەم جۆرە باسی دەکات:
 
1983: دامەزراندنی پەیمانگەی کوردی لە پاریس.
 
1991: فەرەنسا هاندەری سەرەکیی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو بۆ پاراستنی کوردی هەرێمی کوردستان. دانیاڵ میتەران، هاوژینی سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا، بە "دایکی کورد" ناسرا دوای سەردانەکەی بۆ سنوورەکان و بەشداربوونی لە دانیشتننی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان لە 1992.
 
سەردەمی نوێ: لە 2014 فەرەنسا یەکەم وڵات بوو چەکی بۆ پێشمەرگە نارد. ماکرۆنیش ئەم میراتەی بەردەوام پێداوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2023 و 2024ـیشدا چەندین جار لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
 
هاوپەیمانیی هەسەدە و فەرەنسا کاتێک بەهێزتر بوو کە زیاتر لە 1,300 هاووڵاتیی فەرەنسی چووبوونە نێو داعش. ئێستا کە زیندانییەکان دەگوازرێنەوە بۆ عێراق و کەمپەکان (وەک هۆل) دەخرێنە ژێر چاودێری سوپای سووریا، فەرەنسا جەخت دەکاتەوە کە "دەبێت ئەم پڕۆسەیە بە جۆرێک بێت مەترسی لەسەر ئاسایشی ئەورووپا دروست نەکات."
 
کەریم قەمەر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە فەرەنسا بە پێگە ئەمریکییەکەی گوتووە: "ئێمە سوپاسی ترەمپ دەکەین بۆ رێککەوتنەکە، بەڵام هەست دەکەین واشنتن زیاتر لایەنگری شەرع بووە. لە بەرامبەردا، فەرەنسا هەمیشە لەگەڵمان بووە. داوا لە سەرۆک ماکرۆن دەکەین بەردەوام بێت لە پاراستنی گەلەکەمان لە سووریا."
 
پەیوەندی ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی
 
رینا باست، رۆژنامەڤانی ئامادەکاری راپۆرتەکە، لەبارەی رۆڵی فەرەنساوە لە ئێکس نووسیویەتی، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ژمارەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی کرد، لەوانەش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
 
پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆندا هەیە و زۆرجار لەبارەی پێشهاتەکان قسە دەکەن.
 
رۆژی 17-01-2026 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنی له‌ به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێگه‌يشت، تيايدا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاستيان تاوتوێ كرد و به‌تايبه‌تى تيشكيان خسته‌ سه‌ر پێشهاته‌كانى سووريا."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "هه‌ردوولا نيگه‌رانيى قووڵيان به‌رامبه‌ر ئاڵۆزى و پێکدادانەکان له‌ سووريا ده‌ربڕى و داوايان كرد هه‌موو لايه‌ك دۆخه‌كه‌ هێور بکەنەوە؛ هه‌روه‌ها پشتگيرييان بۆ ده‌ستبه‌جێ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆكان بۆ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى 10ی ئادارى نێوان هه‌سه‌ده‌ و حكومه‌تى سووريا ده‌ربڕى و جه‌ختيان له‌ پاراستنى خه‌ڵكى سڤيل كرده‌وه‌."
 
هەر لەبارەی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لەم رێککەوتنەی نێوان هەسەدە و دیمەشق، رۆژنامەڤانی مۆنیتەر ئەمبرین زەمان رۆژی 30-01-2026 نووسی، "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی یەکلاییکەرەوە و سەرەکی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و رەواندنەوەی مەترسییەکان لەسەر رۆژئاوای کوردستان گێڕاوە."
 
رۆژنامەڤانەکە باسی لە هەوڵێکی کاریگەر و یەکلاییکەرەوەی نێچیرڤان بارزانی کردووە و دەڵێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە فرانکلین گراهام، سەرۆکی دەزگەی بیڵی گراهام و یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییە هەرە کاریگەرەکانی ئەمەریکا کرد.
 
لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییەدا گراهام نامەیەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نارد و داوای لێکرد رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە "لەنێوبردن"ی گەلی کورد. ترەمپ لە وەڵامدا نووسی، "بەجێگەیێندرا. دۆناڵد."
 
ئەمبرین زەمان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسیشدا پێش واژۆکردنی رێککەوتنەکە نووسی، "ئەگەر رێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ بکرێ، دەبێت ستایش و پێزانینێکی زۆر ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، مەزڵووم عەبدی و لیندزی گراهام بکرێت."
 
هاوکات رۆژی 01-02-2026 رۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە وردەکاریی ئەو ئاگربەست و رێککەوتنە کرد کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی راگوزەری سووریا واژۆکراوە و رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی و یەکلاییکەرەوەی هەبووە.
 
رۆژنامە فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوە کرد، دوای سێ هەفتە لە شەڕ و پێکدادان، ئاسۆی جەنگ لە نێوان دیمەشق و کوردی رۆژئاوای کوردستان دوورکەوتنەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا، "رۆڵێکی سەرەکی لە نێوەندگیریی نێوان لایەنەکاندا گێڕا" بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەشتیارەکە چووەتە سەر فڕۆکە و گەشتێکی دواخست

گەشتیارێک لە ئیسپانیا چووە سەر سەقفی فڕۆکەیەک و گەشتێکی دواخست

لە رووداوێکی نامۆدا لە فڕۆکەخانەی مانیسێس لە ڤالێنسیای ئیسپانیا، گەنجێک سەرکەوتە سەر سەقفی فڕۆکەیەکی کۆمپانیای ڤولینگ و بووە هۆی پەکخستنی گەشتێک کە بڕیاربوو بەرەو ئەمستردام بفڕێت، ئەمەش گەشتیارانی تووشی سەرسوڕمان کرد و گەشتەکەی بۆ ماوەی دوو کاژێر دواخست.