رووداو دیجیتاڵ
سەیفولئیسلام قەزافی کوژرا و داواکاری گشتیی لیبیا دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە کوژرانی سەیفولئیسلام قەزافی، کوڕی موعەمەر قەزافی، سەرۆکى پێشووى لیبیا دەستپێکردووە.
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە هات، ئێوارەی رۆژى سێشەممە 03-02-2026 سەیفولئیسلام لە دۆخێکی تەمومژاویدا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە شاری زنتان لە رۆژئاوای لیبیا کوژرا.
وێڕای ئەوەی هێشتا لایەنە فەرمییەکان وردەکاریی تەواویان بڵاونەکردووەتەوە، سێ سەرچاوەی نزیک لە سەیفولئیسلام قەزافی رایانگەیاند، کوڕی سەرۆکی پێشووی لیبیا کوژراوە.
محەممەد عەبدولموتەلیب، راوێژکاری پێشووی سەیفولئیسلام، لە لێدوانێکدا کوژرانی کوڕەکەی قەزافی وەک "دەستی خیانەت" ناوبرد و گوتی، "ئەو پیاوەی لیبیای خۆشدەویست و خەونی بە پێشکەوتنی وڵاتەکەیەوە دەبینی، تیرۆر کرا."
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە شاری زنتان، کوشتنەکە لەلایەن 4 کەسی نەناسراوەوە بووە.
عەبدوڵڵا عوسمان، راوێژکاری سەیفولئیسلام پشتڕاستی کردەوە، داواکاری گشتی دەستی بە رێکارە یاساییەکان کردووە بۆ دۆزینەوەی هێرشکار کە دوای رووداوەکە بەرەو شوێنی نادیار هەڵاتووە.
سەیفولئیسلام لە ساڵی 1972 لە تەرابلوس لەدایکبوو، وەک جێنشینی باوکی و رووخساری مۆدێرنی دەسەڵاتەکەی باوکی پێناسە دەکرا.
دوای رووخانی دەسەڵاتی قەزافی لە ساڵی 2011، سەیفولئیسلام لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی زنتانەوە دەستگیرکرا و بۆ چەندین ساڵ لە زیندان مایەوە. وێڕای ئەوەی لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواکرابوو، بەڵام لە ساڵی 2017ـەوە بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کرا و لە شاری زنتان نیشتەجێ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ