رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا رایدەگەیێنێت، هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە، بەڵام جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەو هەنگاوە "بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهانی نراوە."
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، ماکسیم پریڤۆت، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، وەک بەرگریکارێکی سەرسەختی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەبێت دان بەوەدا بنێن کە ئۆپەراسیۆنەکەی رۆژی شەممە نەگەیشتووەتە ئاستی پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییە جێگیرەکان.
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا گوتی: "رژێمی ئێران مێژوویەکی درێژی لە سەرکوتکردنی تووندوتیژانە هەیە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس." گوتیشی، یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک دانراون، بەڵام ئێران لەو رووەوە "قوتابییەکی نموونەیی" نییە.
ماکسیم پریڤۆت باسی لەوەش کرد، پێویستە پرەنسیپەکان بەرامبەر واقیعە جیۆپۆلیتیکییەکان هەڵبسەنگێندرێن، چونکە ساڵانێک هەوڵی دیپلۆماسی بۆ وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران شکستیان هێناوە، بۆیە ئەو کارە سەربازییەی بە پێویست زانی بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان و رێگری لە ناسەقامگیریی ناوچەکە.
رۆژی 28ـی شوباتی 2026، جەنگەکە بە هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئێرانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، لە هێرشەکاندا 49 سەرکردەی باڵای ئێرانیان کوشتووە کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
سەبارەت بەوەی ئایا هێرشەکە لە رووی ئاسایشەوە پاساوی هەبووە، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا وەڵامی "بەڵێ" بوو، بەڵام جەختی کردەوە کە دەبێت دەستێوەردانی سەربازی دوایین بژارە بێت؛ داواشی کرد بە زووترین کات گرژییەکان کەم بکرێنەوە و رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگیرێت و بگەڕێنەوە بۆ کاری دیپلۆماسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ