ووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کرد. ترەمپ رایگەیاند، هێزی سەربازیی ئێران "ئیفلیج کراوە" و راوێژکاری ئەڵمانیاش باسی لەوە کرد، کاتی ئەوە هاتووە پلان بۆ "رۆژی دوای نەمانی رژێمی تاران" دابنرێ.
رۆژی سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ و فرێدریش مێرتس کۆمەڵێک پرسی هەستیاریان تاوتوێ کرد، کە لە سەرووی هەموویانەوە هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران، جەنگی ئۆکرانیا و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و بەرلین بوو.
"ئێران بەرگری نەماوە"
ترەمپ باسی لە زیانەکانی هێرشەکان بۆسەر ئێران کرد و گوتی: "ئێستا ئێران نە هێزی دەریایی ماوە و نە هێزی ئاسمانی. هەموو سیستمە رادارییەکانی تێکشکێنراوە. هێزە سەربازییەکانی ئێمە کارێکی ناوازەیان کردووە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، تاران لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەم و لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە 35 هەزار کەسی کوشت و گوتی، بەرپرسانی ئێران "خەڵکی خراپن، سەرکردەکانیان یەک لە دوای یەک دەکرێنە ئامانج." ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا رێگری کردووە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ باسی لەوەشکرد، رەنگە ئەو پاڵنەر بووبێت بۆ ئیسرائیل تاوەکو هێرش بکاتە سەر ئێران نەوەک بە پێچەوانەوە، چونکە بەپێی زانیارییەکانی ئەو، ئێران بەنیازی هێرش بووە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە لە یەکەم هێرش لە رۆژی شەممەدا 49 سەرکردەی باڵای ئێران کرانە ئامانج و لە هێرشەکانی دیکەشدا سەرکردایەتییە نوێیەکە کراوەتە ئامانج.
بەرپرسان داوای پارێزبەندی دەکەن
ترەمپ باسی لەوە کرد کە ئێستا زۆرێک لە بەرپرسانی ئێران داوای "پارێزبەندی" دەکەن بۆ ئەوەی دەستبەرداری چەک بن و رایانکردووە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێمە نامانەوێ کەسێک بێتە سەر دەسەڵات کە وەک ئەوانەی پێشوو خراپ بێت؛ دەمانەوێ دەسەڵات بۆ گەل بگەڕێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکەی کرد وەک سعوودیە، ئیمارات و قەتەر کە هاوکارییان کردووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران. باسی لەوەش کرد کە رێککەوتنی ئەتۆمی سەردەمی ئۆباما "خراپترین رێککەوتن" بووە و ئەگەر ئەو کاتی خۆی لێی نەکشابایەوە، ئێستا ئێران ئیسرائیلی بە چەکی ئەتۆمی وێران کردبوو.
سەرکردایەتی نوێی ئێران
کاتێک لە ترەمپ پرسیار کرا، ئایا کەسێکی لە مێشکدایە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوازێکی تەنزئامێز گوتی: "زۆربەی ئەو کەسانەی لە مێشکماندا بوون، ئێستا مردوون. هەندێکمان لەو گرووپە لە مێشکدا بوو، کوژراون. گرووپێکی دیکەشمان هەبوو، بەپێی راپۆرتەکان وا دیارە ئەوانیش مردبن."
سەبارەت بە ئەگەرەکانی گەڕانەوەی کوڕی شای پێشووی ئێران، ترەمپ گوتی: "هەندێک کەس ئەویان خۆش دەوێت، ئەو مرۆڤێکی زۆر باش دیارە، بەڵام ئێمە زۆر بیرمان لەوە نەکردووەتەوە. من وام پێ باشە کەسێک لە نێوخۆی وڵات بێت، کەسێک کە لەوێ بێت و ئێستا لای خەڵک خۆشەویست بێت."
راوێژکاری ئەڵمانیا: دەبێت باس لە قۆناخی دوای رژێمی ئێران بکەین
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا هیوای خواست ئەم ئۆپەراسیۆنە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێستای ئێران بهێنێت و گوتی و گوتی: "هاوڕاین لەسەر لادانی ئەم رژێمە مەترسیدارەی تاران. دەبێت ئێستا باس لە 'رۆژی دوای ئەوان' بکەین کە چۆن دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ