بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا بۆ رووداو : ئامانجی ئەمریکا لە ئێران روون نییە و رژێم بە بۆمب ناگۆڕێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دیمەنی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژئاوای تاران
دیمەنی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژئاوای تاران
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئالان ئایڕ، گوتەبێژی پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ زمانی فارسی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئامانجەکانی ئیدارەی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران ناڕوونن و پاساوی جیاوازی بۆ دەهێننەوە، ئاماژەی بەوەش کرد "ناتوانرێت بە بۆمب رژێمەکان بگۆڕدرێن" و هێرشی سەربازی تەنیا وێرانکاری و هەژاری بۆ گەلی ئێران لێدەکەوێتەوە.
 
ئالان ئایڕ لەبارەی ئاراستەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گوتی: "راستگۆ بم، ئێمە نازانین بۆچی ئیدارەی ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئێران. ئەوان چەندین مانا و پاساوی جیاوازیان خستووەتە روو؛ لەوەی کە ئێران هەڕەشەیەکی حەتمی بووە، تاوەکو دەگاتە ئەوەی گوایە ئێران خەریکبووە هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل و بۆیە ئەمریکا هێرشی پێشوەختەی کردووە."
 
"ئیسرائیل دەیەوێت رژێمی ئێران بڕووخێنێت"
 
سەبارەت بە جیاوازیی ئامانجەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ، ئایڕ ئاماژەی بەوە کرد ئیسرائیل وەکو "هەڕەشەیەکی بوونگەرایی" سەیری ئێران دەکات و ئارەزووی لەنێوبردنی شێوازی ئێستای حوکمڕانییە لەو وڵاتە، وادیاریشە ئەمریکا لەم ئامانجانەدا "هاوپەیمان یان هاوکارە".
 
ئەو دیپلۆماتە پێشووەی ئەمریکا دەڵێت: "پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا ئێران لە وەڵامدا هەوڵدەدات شەڕەکە بۆ تەواوی ناوچەکە فراوان بکات، بەو هیوایەی هێندە ئازار و زیان دروست بکات سەرۆک ترەمپ ناچار بێت هێرشەکان بوەستێنێت؟".
 
"زۆربەی ئەمریکییەکان پشتگیری لە شەڕکردن بۆ ئیسرائیل ناکەن"
 
ئالان ئایڕ باس لەوە دەکات هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران رەنگە ببێتە کێشەیەکی سیاسیی نێوخۆیی بۆ تیمی ترەمپ، چونکە :"راپرسییەکان لە ئەمریکا دەریدەخەن زۆربەی لە ئەمریکییەکان پشتگیری لەوە ناکەن واشنتن بچێتە شەڕەوە بۆ پشتگیریکردن لە ئامانجەکانی ئیسرائیل." دەشڵێت: "وا دەردەکەوێت هۆکاری سەرەکیی هێرشی ئەمریکا تەنیا لەبەر ئەوە بووبێت ئیسرائیل وای ویستووە، ئەمەش بە بڕوای من هۆکارێکی باش نییە."
 
"رژێمەکان بە بۆمب ناگۆڕدرێن".
 
هەرچەندە ئالان ئایڕ رەخنەی تووند لە رەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر گەلی ئێران و ناوچەکە دەگرێت و بە "رژێمێکی تۆقێنەر" ناوی دەبات، بەڵام پێیوایە بژاردەی سەربازی ئامانجە سیاسییەکان ناپێکێت و دەڵێت: "تۆ ناتوانیت بە بۆمب رژێمەکان بگۆڕیت. ئەوەی لە ئەنجامی ئەم هێرشە سەربازییانەدا چاوەڕوان دەکرێت، تەنیا کوشتنی زیاتر و وێرانکاریی زیاترە لە ناو ئێران، لەگەڵ هەژاریی زیاتر بۆ گەلی ئەو وڵاتە."
 
داهاتووی جەنگ و بژاردەکانی بەردەم تاران
 
لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەم گرژییانە، ئایڕ پێشبینی دەکات شەڕەکە ئەو کاتە کۆتایی بێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەموو ئەو شوێنانە وێران بکەن کە مەبەستیانە. دوای ئەوەش یەکێک لەم سێ بژاردەیە روودەدات: "یان ئەوەی لە حکومەتی ئێران دەمێنێتەوە هەوڵی رێککەوتن دەدات، یان بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن، یانیش وەک ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات حکومەتەکە بە کردەیی بڕووخێت و گەلی ئێران هەوڵی دۆزینەوەی حکومەتێکی جێگرەوە بدەن."
 
ئالان ئایڕ شارەزاییەکی باشی لە کولتوور و زمانی فارسی هەیە، دەڵێت ئێستا: "نیگەرانییەکی زۆر و نادڵنیاییەکی گەورە" لە نێوخۆی ئێراندا هەیە و زۆربەی ئێرانییەکان دەیانەوێت ئەم شەڕە بە زووترین کات کۆتایی بێت.
 
 
دەقی گفتوگۆ لەگەڵ ئالان ئایڕ، گوتەبێژی پێشووتری کۆشکی سپی بۆ زمانی فارسی لەگەڵ رووداو
 
رووداو: ئایا ئەم هێرشە بۆ رێککەوتنێکی تازە یان بۆ گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە؟
 
ئالان ئایڕ: راستگۆ بم، ئێمە نازانین بۆچی ئیدارەی ئەمریکا هێرشیکردە سەر ئێران، ئەوان چەندین مانا و پاساوی جیاوازیان خستووەتە روو؛ لەوەی کە ئێران هەڕەشەیەکی حەتمی بووە، تا دەگاتە ئەوەی کە گوایە ئێران خەریک بووە هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل و بۆیە ئێمە پێشوەختە هێرشمان کردوونەتە سەر، یان چەندین گێڕانەوەی دیکەی هاوشێوە. ئێمە نازانین ئایا حکومەتی ئەمریکا هەوڵی گۆڕینی رژێم دەدات یان نا. سەرۆک ترەمپ بە شێوەیەکی سەرەکی گوتوویەتی کە ئەو دەیەوێت رژێمی ئێستای ئێران بڕووخێنێت، دواتر ئەوە دەمێنێتەوە سەر گەلی ئێران کە چی لەوە دەکەن بەجێماوە. بۆیە بابەتەکە زۆر ناڕوونە. ئەوەی روونە ئەوەیە کە ئەمریکا دەڵێت لانی کەم ئامادەیە بۆ چەند هەفتەیەک لەسەر ئەم کارەی بەردەوام بێت.
 
 
رووداو: ئاراستەی ئیسرائیل روونە کە دەیەوێت رژێم لە ئێران بگۆڕێت، بەڵام بۆچی ئاراستە و ئامانجی ئەمریکا بە روونی دیار نییە؟
 
ئالان ئایڕ: پێموایە تا رادەیەکی زۆر، هەنگاوەکانی ئیدارەی ئەمریکا بەندە بەوەی چی روودەدات. تۆ راست دەکەیت؛ بۆ ئیسرائیل... یان ئارەزووی ئیسرائیل، رووخاندنی رژێمی ئێرانە. ئیسرائیل وەک هەڕەشەیەکی بوونگەرایی سەیری ئێران دەکات، بۆیە هەوڵ دەدات بە لەناوبردنی شێوازی ئێستای حکومڕانی لە ئێران، رێگری لەو هەڕەشەیە بکات. وادیارە ئەمریکا لەم ئامانجانەی شەڕدا هاوپەیمان یان هاوکارە لەگەڵ ئیسرائیل. کەواتە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئێران لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، هەوڵ دەدات شەڕەکە بۆ تەواوی ناوچەکە فراوان بکات، بەو هیوایەی هێندە ئازار و زیان دروست بکات سەرۆک ترەمپ ناچار بێت هێرشەکان بۆ سەر ئێران بوەستێنێت. لێرەدا دوو داینامیکی جیاواز هەیە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی رووخاندنی حکومەتی ئێران دەدەن، ئێرانیش تەنیا هەوڵ دەدات هێندە وێرانکاری و ئازاری ئابووری دروست بکات کە ئەمریکا بوەستێت.
 
 
رووداو: پێشتر ئەمریکا کە رژێمی سەدام حوسێنی لەنێوبرد، هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا پێکهێنا، بەڵام ئێستا ئەمریکا تەنیا لەگەڵ ئیسرائیل هاوپەیمانی دەکات دژی ئێران، بۆچی؟
 
ئالان ئایڕ: ئیسرائیل و ئەمریکا هەمیشە هاوبەشی ستراتیژیی زۆر بەهێز بوون. راپرسییەکان لە ئەمریکا دەریدەخەن کە زۆرێک لە ئەمریکییەکان پشتگیری لەوە ناکەن ئەمریکا بچێتە شەڕەوە بۆ پشتگیریکردن لە ئامانجەکانی ئیسرائیل. بۆیە ئەمە دەکرێت ببێتە کێشەیەکی سیاسیی ناوخۆیی بۆ سەرۆک ترەمپ و ئیدارەکەی. وەک گوتم، لەم ساتەدا ئێران هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر ئەمریکا دروست نەکردبوو. بۆیە وا دەردەکەوێت هۆکاری سەرەکیی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تەنیا لەبەر ئەوە بووبێت کە ئیسرائیل وای ویستووە. دووبارە دەڵێمەوە، بە بڕوای من ئەمە هۆکارێکی باش نییە.
 
رووداو: بەڕێزت پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوویت بە زمانی فارسی بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران پەیامی ئەمریکا لە تۆ ببیستن، پێشتر لە کۆشکی سپی میکانیزمەکانی بڕیاردان و دیاریکردنی ئامانچ چۆن بوو؟ ئێستا میکانیزمەکان گۆڕاون؟
 
ئالان ئایر: ئەگەر مەبەست لەوەیە کە ئایا وەزارەتی دەرەوە هێشتا گوتەبێژی زمانی فارسی هەیە، نەخێر، نییەتی. من تاکە گوتەبێژ بووم و دوای رۆشتنی من ئەو پۆستەیان هەڵوەشاندەوە. بەڵام هەرچەندە گوتەبێژێکی هەمیشەیی زمانی فارسی نییە، هێشتا چەندین رێگەی دیکەیان هەیە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ گەلی ئێران. ئەوان سۆشیاڵ میدیایان بە زمانی فارسی هەیە، ماڵپەڕیان بە فارسی هەیە، هەروەها حکومەتی ئەمریکا هێشتا (دەنگی ئەمریکا)ی هەیە کە بە زمانی فارسی پەخش دەکات. کەواتە ئەم ئیدارەیە هێشتا چەندین رێگەی هەیە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی بە گەلی ئێران.
 
رووداو: خۆت وەکو ئەمریکییەک پێت وایە کە رژێمی ئێستای ئێران مەترسییە بۆ سەر ئەمریکا و دەبێت بگۆڕدرێت؟
 
ئالان ئایڕ: ئەمە رژێمێکی ئێرانیی تۆقێنەرە و هیچ مشتومڕێک لەسەر ئەوە نییە. ئەوان کاری زۆر خراپیان لە ناوچەکەدا کردووە، کاری زۆر خراپیان بەرامبەر گەلی خۆیان کردووە. بۆیە هیچ پاڵپشتییەک نییە و منیش پشتگیری لە رژێمی ئێران ناکەم. لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ ناتوانیت بە بۆمب رژێمەکان بگۆڕیت. تەنانەت ئەگەر پێمان وابێت کە هەبوونی رژێمێکی دیکە لە ئێران (کە منیش وای دەبینم) کە زیاتر لایەنگری رۆژئاوا بێت و پەرۆشتر بێت بۆ یارمەتیدانی گەلی خۆی، بیرۆکەیەکی باشە، بەڵام حکومەتی ئەمریکا و حکومەتی ئیسرائیل ناتوانن بەو کارانەی ئێستا دەیکەن ئەو ئامانجە بپێکن. ئەوەی لە ئەنجامی ئەم هێرشە سەربازییانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا چاوەڕوان دەکرێت، تەنیا کوشتنی زیاتر و وێرانکاریی زیاترە لە ناو ئێران، لەگەڵ هەژاریی زیاتر بۆ گەلی ئێران؛ جگە لەو کاریگەرییە خراپانەی لە ناوچەکەدا دەیبینین، لە عێراق و کەنداو و وڵاتانی دیکەدا.
 
رووداو: پێت وایە ئەم جەنگە چۆن کۆتایی پێ دێت؟
 
ئالان ئایڕ: شەڕەکە ئەو کاتە کۆتایی دێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردومان بوەستێنن، ئەوانیش گوتوویانە کە تا ماوەیەک ئەمە روونادات. شەڕەکە کاتێک کۆتایی دێت کە ئەمریکاو ئیسرائیل هەموو ئەو شوێنانەیان وێران کرد کە دەیانویست، و هەموو ئەو کەسانەیان کوشت کە دەیانویست لە ئێران بیانوژن. لە کۆتایی ئەوەدا، یەکێک لەم دوو شتە روودەدات: یان ئەوەی لە حکومەتی ئێران دەمێنێتەوە هەوڵ دەدات جۆرێک لە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و رەنگە ئیسرائیلیش بکات، یان بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوەی ئەوان لە ئێران دەیانەوێت. بژاردەی سێیەمیش ئەوەیە کە پێموایە ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات حکومەت بە کردەیی بڕووخێت و دواتر، وەک سەرۆک ترەمپ گوتی، ئەوە دەمێنێتەوە سەر گەلی ئێران کە هەوڵ بدەن حکومەتێکی جێگرەوە بدۆزنەوە.
 
رووداو: وەکو کەسێک کە خۆت فارسییەکی زۆر باش دەزانیت و شارەزایی کولتوور و بیرکردنەوەی خەڵکی ئێرانیت، پێت وایە خەڵکی ئێران چ بڕیارێک دەدەن؟
 
ئالان ئایڕ: ئێران وڵاتێکی زیاتر لە 1.6 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و 92 ملیۆن کەسی لێ نیشتەجێیە. بۆیە من ناتوانم پێشبینی بکەم 92 ملیۆن کەس بڕیاری چی دەدەن، کەسیش ناتوانێت. هەندێک کەس دڵخۆشن بەوەی بۆ نموونە ئایەتوڵڵا خامنەیی مردووە، هەندێکی دیکە دڵخۆش نین. زۆربەی گەلی ئێران پێموایە نیگەرانی داهاتووی خۆیانن، چونکە بێ گوێدانە ئەنجامەکە، شەڕ لە کورتخایەندا هەرگیز بۆ ئەو وڵاتەی هێرشی دەکرێتە سەر باش نییە. بۆیە پێموایە نیگەرانییەکی زۆر و نادڵنیاییەکی زۆر لە ئێران هەیە، زۆربەی ئێرانییەکانیش دەیانەوێت ئەم شەڕە بە زووترین کات کۆتایی بێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو.وێنە: گرافیکی رووداو

دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی "دوایین و باشترین هەلی" واشنتنە بۆ رێگری لە ئێران تاوەکو نەبێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە جەنگ چووەتە رۆژی سێیەمەوە و ئاڵۆزییەکان تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە.