لە کینیا 181 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

03-05-2024
تەنیا ئەحمەد
ناوچەیەکی کینیا کە بەر لافاو کەوتووە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتوون
ناوچەیەکی کینیا کە بەر لافاو کەوتووە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتوون
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕانی کەشوهەوا و بارانی بەخوڕ بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە نایرۆبیی پایتەختی کینیا. حکومەتی ئەو وڵاتەی رۆژهەڵاتی ئەفریقا باری لەناکاوی راگەیاندووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاو گەیشتە هەموو شوێنێک و تادێت مەترسییەکانی زیاتر دەبن.
 
هاووڵاتییەکی کینیا دەڵێت، "لافاوەکە لەپڕ بوو، کاتێک لە ماڵ رامانکرد هیچ شتێکمان لەگەڵ خۆمان نەبرد. کاتمان نەبوو هیچ شتێک رزگار بکەین. تەنانەت هەندێک خەڵک لە سەربانی ماڵەکانیان بازیان دەدا."
 
تاوەکو ئێستا 181 کەس بەهۆی لافاو و سەرڕێژبوونی چەند بەنداوێک گیانیان لەدەستداوە و 124 کەسیش بریندار بوون. حکومەتی کینیا دەڵێت، 90 کەس بێسەروشوێنن و زیاتر لە 188 هەزار کەسیش دەربەدەر بوون.
 
حکومەتی کینیا بڕیاری داوە تاوەکو 06-05-2024 هەموو قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەکان دابخرێن.
 
رێجینا ئۆتێندی، ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکە دەڵێت، "هەموو خانووەکان ژێرئاو کەوتن. خەڵک چووبوونە سەربانی خانووەکان و چاوەڕێی رزگارکردنیان بوون. دەمانەوێت بزانین منداڵەکانمان چۆن دەتوانن بچنەوە قوتابخانە لە کاتێکدا هەموو کتێب و جلوبەرگیان لەنێو چوون."
 
لە نێوەڕاستی مانگی ئادارەوە شەپۆلی بارانێکی زۆر چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ئەفریقای گرتووەتەوە. کەشناسیی کینیا پشبینی دەکات بارانی بەخوڕ چەند رۆژێکی دیکەش بەردەوام بێت. سەرۆکی وڵاتەکە سوپای راسپاردووە بەشداری لە گەیاندنی هاوکاری و رزگارکردنی هاووڵاتییاندا بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە