جیهان
زانایان بەشداری لە تاقیکردنەوەیەک دەکەن بە سەرپەرشتی دەزگا نەمسایی و ئیسرائیلییەکان بۆ گەشتێک بۆ سەر مەریخ. وێنە Reuters
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، مرۆڤ تەنیا دەتوانێت چوار ساڵ لەسەر مەریخ بژیت. ئەگەر زیاتر لەوە بمێنیتەوە، بەهۆی تیشکە گەردوونییەکانەوە دەمرێت.
لە کاتێکدا مرۆڤ نزیکدەبێتەوە لەوەی پێی بخاتە سەر مەریخ، لێکۆڵینەوەکە هۆشداری دەدات کە نابێت مرۆڤ زیاتر لە چوار ساڵ لەسەر هەسارە سوورەکە بمێنێتەوە.
لێکۆڵینەوەکە لە لایەن زانایانی زانکۆی کالیفۆرنیا و پەیمانگەی تەکنەلۆجیای ماساچووسێتس لە ئەمریکا کراوە، باس لەوە دەکات کە ئەو تیشکە بەهێزانەی لە خۆر و گەلەستێرەکانی دیکەوە دەگەنە سەر مەریخ، هۆکاری سەرەکیی مردنی مرۆڤ دەبن.
پێچەوانەی هەسارەی زەوی، مەریخ جەمسەری موگناتیسی و بەرگەهەوای نییە کە تیشکە زیانبەخشەکان بۆ دەرەوە بشكێننەوە، لە کاتێکدا بەرکەوتنی درێژخایەنی ئەو تیشکانە، دەبێتە هۆی مردن.
ئەم دۆزینەوە زانستییە دەکرێت ببێتە نەخشەڕێیەک بۆ ئاژانسەکانی بواری بۆشایی ئاسمان و کۆمپانیاکانی وەک سپەیس ئێکس کە دەیانەوێت لە ماوەیەکی نزیکدا مرۆڤ بنێرنە سەر چوارەم هەسارەی کۆمەڵەی خۆر.
لێکۆڵینەوەکە کە لە گۆڤاری (Space Weather)ـی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، رێنمایی دەدات کە کەی سەلامەتترین کاتە بۆ ناردنی کەشتییەکان بۆ سەر مەریخ.
زانایان بە باشی دەبینن کە گەشتەکان لەو کاتەدا بکرێن کە سووڕی خۆر دەگاتە لووتکە، واتە ئەو کاتەی خۆر لەوپەڕی خرۆشاندایە و تیشکدانەوەی بەهێزترینە، چونکە لەو کاتەدا تیشکە زیانبەخشەکان ئاراستەیان دەگۆڕێت بۆ دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر.
بەو تەکنەلۆجیایەی کە ئێستا لە بەردەستی مرۆڤە بۆ دروستکردنی کەشتیی ئاسمانی، گەشتی چوون و مانەوە و گەڕانەوە لە مەریخ دەکرێت کەمتر لە دوو ساڵی پێبچێت، بەوەش ئاسمانەوانەکان سنووری سەلامەتبوون لە تیشکدانەوە نابەزێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ