ئەمریکا 7 ملیۆن دۆلار دەکاتە خەڵاتی کوشتنی سەرکردەی قاعیدە

03-06-2021
ئەحمەد تەڵعەت
نیشانەکردن ئەمریکا یەزید موبارەک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا حەوت ملیۆن دۆلار دەکاتە دیاری هەر کەسێک زانیاری بداتێ، یان شوێنی ئەبو عوبەیدە یوسف عەنابی ناسراو بە یەزید موبارەک ئەمیری نوێی قاعیدە لە مەغریبی ئیسلامی ئاشکرا بکات.

یەزید موبارەک مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بووە ئەمیری نوێی رێکخراوی قاعیدە لە ناوچەی مەغریب و شوێنی عەبدولمالیک دروکدالی گرتەوە، کە لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو لە باکووری مالی بە دەستی هێزەکانی فەرەنسا کوژرا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت "هانی هەر کەسێک دەدەین زانیاریمان پێ بدات لەسەر ئەبو عوبەیدە یوسف عەنابی، لەڕێگەی نامەوە بێت یان سیگنال و تەلەگرام و وەتس ئەپ، هەموو پەیوەندییەکیش لەوبارەوە تەواو نهێنی دەمێنێتەوە".

دەشڵێت، ئەو کەسە پێشتر وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای قاعیدە کاری کردووە، لە مەغریبیش بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوەکە بووە.

عەنابی لە ساڵی 2015ـەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە و لە ساڵی 2016ـەشەوە لە لیستی سزای ئەو وڵاتەدایە.

دیاری ئەمریکا بۆ کوشتنی سەرکردەی قاعیدە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا لە ناوچەی جیاوازی باکووری ئەفریقا گرووپی پەرگیڕی جیاواز چوونە پاڵ قاعیدە.

خەڵات بۆ بە سزاگەیاندنی سەرکردەی رێکخراوە پەرگیڕەکان پرۆگرامێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە و بەپێی یاسای سەپاندنی هێز لە ساڵی 1984ـەوە پەیڕەو دەکرێت، لە ماوەی 37 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار لەڕێگەی ئەو پرۆگرامەوە دراوەتە زیاتر لە 200 کەس کە هاوکار بوون لە دەستگیرکردن و پێدانی زانیاری بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، یان هاوکاری ئەمریکایان کردووە بۆ رێگری و پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری تیرۆر لە سەرانسەری جیهاندا.

زیادبوونی چالاکی گرووپە پەڕگیرەکان 

بەپێی راپۆرتێکی هەفتەی رابردووی "نیوز یۆرۆپ" دۆخی باکوور و ناوەڕاستی ئەفریقا دەکوڵێت و چالاکبوونەوەی "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" هەڕەشەیە نەک تەنیا لەسەر ناوچەکە بەڵکو لەسەر وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپاش .

بەپێی راپۆرتەکە بێت "گواستنەوەی چەکداری زیاتر و یەکگرتنی گرووپە چەکدارەکان لە نەیجیریا، سوودان و ناوچەی دیکە، هەڕەشەیەکی دیکەی ئەمنییە لەسەر ئاسایشی وڵاتان، بەهۆی بوونی داعش، قاعیدە و گرووپی دیکەی پەڕگیر زۆنکی نوێی ناسەقامگیری لە لیبیا و وڵاتانی دیکە دروستبووە.

باکووری ئەفریقا ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگە بەلای ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، تیرۆر لەو ناوچەیە خەریکە زیاتر پەلداوێت و دەبێتە هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر ئاسایشی وڵاتان .

رێکخراوی قاعیدە کە لەو چەند ساڵەی رابردوودا بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گورزی گەورەی بەرکەوت، پێش 33 ساڵ لەلایەن ئوسامە بن لادنەوە دامەزراوە، گەورەترین هێرش کە رێکخراوەکە لێی بەرپرسیار بێت، هێرشی 11ـی ئەیلوولی بۆ سەر دوو باڵەخانەی بازرگانی لە ئەمریکا کە بەهۆیەوە نزیکەی 2977 کەس کوژران و 25 هەزار کەسیش بریندار بوون.

قاعیدە لە کوردستان 

لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو کورد لە ئەفغانستان و لە نێو بزووتنەوەی تاڵیبان هەبوون، لە سەربازگەی فارووق ژمارەیەک کورد بەشداری خولەکانیان کردووە، ئەوان لقی ئەنسار و ئیسلامیان پێکهێنا لە هەورامانیش ماوەیەک حوکمیان کرد، پاشان لەگەڵ هاتنی قاعیدە ئەو گرووپانە کەتیبەکانی کوردستانیان پێکهێنا و پلانی چەندین هێرشیان دانا. 

دوای ململانێ و شەڕ لە هەرێمی کوردستان شکستیان هێنا، بەڵام بیرۆکەی ئەندامێتی لە قاعیدە هێشتا لای بەشێکی گەنجان مابوو، بۆیە لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 ، ژمارەیەک گەنجی کورد چوونە نێو لقەکانی سەر بە قاعیدە لە سووریا. بەشێكیشیان چوونە نێو داعش، ئەوانەی بوونە ئەندامی قاعیدە لە ریزی گرووپی چەکداری بەرەی نووسرە چەکیان هەڵگرت و گرووپی کۆساریان لەنێو نوسرە پێکهێنا کە تایبەت بوو بە ئەندامانی کوردی گرووپەکە. 

پاشان کوردەکانی نێو نوسرە لە ئەنسار نزیکبوونەوە، دوای چەندین ساڵ لەسەر پۆست و پلە رێکنەکەوتن و لەگەڵ جیهادییە بەلووچ و ئێرانییەکان بزووتنەوەی موهاجرینی ئەهلی سوننەیان پێکهێنا و هێشتاش بەشێکیان لە سووریا ماونەتەوە.

بزووتنەوەی موهاجرینی ئەهلی سوننەت، چەکداری خەڵكی ناوچەی جیاوازی کوردستانی تێدایە، بەڵام زۆربەیان خەڵكی رۆژهەڵاتن و هەندێکیان لە دوای 2016ـەوە چوونەتە سووریا.

ژمارەیەکی زۆر جیهادی کورد لەنێو ئەو گرووپە کوژراون، چەکدارانی کورد لە نێو گرووپەکەی سەر بە قاعیدە پێشتر لە حەلەب بوون، بەڵام دوای شکستیان لەو ناوچەیە روویان لە ئیدلب کرد و بەشێکیشیان لە حەمان، نزیکەی 90%ـی چەکدارانی گرووپی جیهادی موهاجرینی ئەهلی سوننەت کوردن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە