رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، وڵاتەکەی بەهێزترین سوپای هەیە و هیوادارن پێویست نەکات بەکاریبهێنن.
رۆژی سێشەممە، 3ی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، ئێستا سوپای ئەمریکا "بەهێزترینە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە بە خێراییەک چەک کۆگادەکەین هەرگیز وڵاتەکەمان بەخۆیەوە نەبینیووە".
سەرۆکی ئەمریکا لەم ئیدارەیەیدا زۆرترین سەرنجی لەسەر پرسە نێوخۆییەکانی وڵاتەکەی و ئاسایشی سنوورەکانیەتی. ئەمە جگە لە نوێکردنەوەی چەک و زیادکردنی دروستکردنی.
نیسانی ئەم ساڵ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە بودجەی ساڵی داهاتوو یەک تریلیۆن دۆلار بۆ بەرگری خەرج دەکەن، ئەمە 12٪ی لە پار زیاترە.
واشنتن بە گەورەترین دابینکەری چەک بۆ ئۆکراینا و ئیسرائیل دادەنرێت. پاریش ژمارەیەک میدیای ئەمریکی و ئۆکراینی بڵاویانکردەوە، بەهۆی کەمبوونەوەی چەکەوە، واشنتن پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ ئەوەی چەکی زیاتر بۆ ئۆکراینا بنێرێت.
ترەمپ لە نووسینەکەیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی ئاماژەی بەوەش کرد، "هیوادارم هەرگیز پێویست نەکات (سوپا) بەکاربهێنین!".
دیار نییە ترەمپ مەبەستی لە بەکارهێنانی سوپایە لە دژی چ وڵاتێک، بەڵام ئێستا ئەمریکا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە. چەند جارێکیش سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی، دەیانەوێت بە ئاشتی بگەنە رێککەوتن لەگەڵ تاران ئەگەر نا بە "بۆمباران". ئەمە لەکاتێکدایە میدیای ئەمریکا ئاماژە بە کەمبوونەوەی ئەگەری رێککەوتنی هەردوولا دەکەن.
ئەو گوتانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە دوێنێ، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەکاتی راگەیاندنی پلانی بەرگریی وڵاتەکەی بۆ 10 ساڵی داهاتوودا گوتی، "پێویستە بەریتانیا ئامادەبێت بۆ جەنگ".
بە گوێرەی پلانەکە بەریتانیا 15 ملیار پاوەند لە دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی نوێ، 1.5 ملیار پاوەند لە دروستکردنی شەش کارگەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی بەردەوامی تەقەمەنی، 1.5 ملیار پاوەند لە نوێکردنەوەی بارەگا سەربازییەکان و یەک ملیار پاوەندیش لە تەکنەلۆژیا نوێ بۆ خێراکردنی گەیاندنی زانیاری بە سەربازانی خەرج دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە وڵاتەکە دەیەوێت بە هاتنی ساڵی 2030، ساڵانە 3٪ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بۆ واری سەربازی خەرج بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ