پۆلیسی پاکستان: لەکاتی گواستنەوەیان بەهۆی ئەگەری بوومەلەرزەوە 216 زیندانی هەڵاتن

03-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی باڵای پۆلیسی پاکستان رایگەیاند، لە شاری کاراچی بەهۆی ئەگەری بوومەلەرزەوە 216 زیندانییان لە یەکێک لە گرتووخانەکان دەگواستنەوە، لەو کاتەدا هەموویان رایانکرد و تەنیا 78یان دەستگیرکراونەتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 3ی حوزەیرانی 2025، کاشیف عەباسی، بەرپرسی باڵا لە پۆلیسی کاراچی رایگەیاند، شەوی رابردوو ئاگاداریان کردنەوە کە ئەگەری بوومەلەرزە هەیە و پێویستە زیندانییەکانی گرتووخانەیەکی باشووری کاراچی بگوازنەوە. دەشڵێت، 216 زیندانی لە نێو گرتووخانەکە بوون و لەکاتی گواستنەوەیاندا هەڵاتوون. 
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنیەکان 78یان دەستگیرکردوونەتەوە. گوتیشی، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنەوەی یەکێک لە زیندانییەکانیش، رووبەڕووبوونەوە روویداوە و زیندانیەکە کوژراوە. 
 
شاری کاراچی پایتەختی هەرێمی سیند و گەورەترین شاری پاکستانە. 
 
بە گوێرەی گوتەکانی ئەو بەرپرسەی پاکستان، بەهۆی رووداوی هەڵاتنەکەوە سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون و پۆلیس لە هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی زیندانییە هەڵاتووەکان بەردەوامە. 
 
زیاول حەسەن، وەزیری ناوخۆی هەرێمی سیند رایگەیاند، رووداوەکە لەکاتی گواستنەوەی زیندانیەکان روویداوە کە بۆ سەلامەتییان دەگوێزرانەوە. دەشڵێت، لە دەرەوەی گرتووخانەکە، زیندانیەکان هێرشیان کردووەتە سەر پاسەوانەکان، دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەکدا گرت، دواتر، تەقەیان کرد و هەڵاتن. 
 
دوایین رووداوی هەڵاتنی زیندانیان لە پاکستان ساڵی 2013 بوو. ئەو کات 200 زیندانی تاڵیبانی پاکستان لە گرتووخانەیەکی باکووری وڵاتەکە هەڵاتن.  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە