جیهان
لە پەرلەمانی بەریتانیا، خەڵاتی رێزلێنان بۆ 50 ساڵەی هونەری شڤان پەروەر بە هونەرمەندەکە دەدرێت.
رووداو دیجیتاڵ
لە لەندەن، لەلایەن سەنتەری پێشکەوتنی کوردەوە بەرنامەیەکی تایبەت بۆ 50 ساڵەی هونەری شڤان پەروەر ئامادەکرا. پەروەر لە مەراسیمەکەدا گوتی، "بەریتانیا زۆر دەوڵەتی دروستکردووە، هیوادارین دەوڵەتی کوردستانیش بۆ ئێمە دروست بکات."
شڤان پەروەر، عوسمان بایدەمیر، سیاسەتڤانی کورد، لۆرد دەیڤد پۆڵ، سیاسەتڤانی بەریتانی، فەریال کلارک، وەزیری کوردی بەریتانی و ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار، نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رۆژنامەڤانان و کوردانی دیاسپۆرا بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد.
لە سەرەتادا، شڤان پەروەر بە کورتی باسی ژیانی هونەری خۆی، ئاستەنگەکانی ساڵانی سەرەتای هاتنەپێشەوەی و ژیانی لە دوورەوڵاتی کرد.
شڤان پەروەر باسی هونەری خۆی کرد و گوتی، "پێش ئەوەی دەست بە گۆرانی گوتن بە کوردی بکەم، زۆرێک لە هاوڕێ و دۆستانم ئامۆژگارییان کردم کە بە تورکی گۆرانی بڵێم، بەڵام من گوتم نابمە بەشێک لەو هونەرمەندانەی دەبنە پارچەیەک لە تواندنەوەی (ئاسیمیلاسیۆنی) کوردان و گۆرانی بۆ تورکەکان دەڵێن."
شڤان دەڵێت، "لە سەرەتادا گۆرانییەکی کوردیم بە ناوی 'کا کوردستان من کا'، گوت و لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. ئەمەش هێزێکی پێدام کە بەردەوام بم و زۆر گۆرانیم دروستکرد. لەبەر زۆریی ئاستەنگ و نادادپەروەری، زۆر گۆرانیم بۆ گەلەکەم گوتن."
"من مۆسیقای خۆم تەنیا بە کوردی نەچڕیوە. زۆر ئەلبوومم بە زمانەکانی دیکەش هەن. هارد ڕۆک، ڕاپ، جاز، زۆر جۆری مۆسیقام تاقیکردوونەتەوە."
"بەریتانیا زۆر دەوڵەتی دروستکردووە"
شڤان پەروەر باسی لەوە کرد، "لەبەر نەبوونی دەوڵەتێک وەک گەلەکەم، منیش زەحمەتی زۆرم کێشاوە و هێشتاش دەکێشین، بەریتانیا وەک دوورگەیەک لە جیهاندا زۆر دەوڵەتی دامەزراندووە."
پەروەر دەڵێت، ئێستا زمانی ئینگلیزی لەناو سێ ملیار کەسدا قسەی پێدەکرێت. ئەمریکا، نیوزلەندا، کەنەدا و زۆر دەوڵەتی دیکە بە دەستی بەریتانیا دروستکران. "هیوادارین بەریتانیا کوردستانێکیش بۆ ئێمە دروست بکات"
"گەشتێک بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991"
پەروەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی سەفەرەکەی بۆ هەرێمی کوردستانیشی کرد و گوتی: لەسەر بانگهێشتی خانمی یەکەمی فەرەنسا دانیێل میتێران، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1991دا هاتووەتە باشووری کوردستان.
شڤان پەروەر دەڵێت، "ئەو کاتە ئێمە لە رێگەی ئێرانەوە چووین. من گومانم هەبوو کە لەلایەن ئێرانەوە بگیرێم، بەڵام میتێران منی وەک راوێژکاری رۆژنامەڤانی خۆی لە لیستی شاندەکەدا تۆمار کردبوو."
"هیوادارم پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا سەرکەوتوو بێت"
شڤان پەروەر لەبارەی پرۆسەی چارەسەری تورکیاش قسەی کرد و گوتی، "لە تورکیا لەلایەن حکومەتەوە هەندێک هەوڵ بۆ گۆڕانکاری دەنرێن و هیوادارم ئەم پرۆسەیە لەوێ سەرکەوتوو بێت و ئێمەش بچین پیرۆزباییان لێبکەین، بڵێین سوپاس، دەستخۆش، کارێکی باشتان کرد و خۆتان گۆڕی."
عوسمان بایدەمیر: تۆ رۆحی کوردستانیبوونت پێداین
عوسمان بایدەمیر، سیاسەتڤانی دیاری کورد بەشداری لە رێزلێنانەکە کرد و باسی هێز و کاریگەریی هونەر و دەنگی شڤان پەروەری کرد و گوتی، "ئێستا کە سەیری دەکەم، من لێرە نیم. دەگەڕێمەوە بۆ منداڵی خۆم کە ئەو کاتە وڵاتمان و زمانمان قەدەخە بوو. گۆرانییەکانمان قەدەغە بوون."
بایدەمیر گوتی، "ئەو کاتە کوردبوون شتێکی زۆر مەترسیدار بوو. لە جیاتی هەموو بەشداربووان، دەمەوێت سوپاسێکی تایبەت پێشکەشی شڤان پەروەر بکەم بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی تاوەکو ئێستا بۆ هونەری کوردی داویەتی."
ئەو سیاسەتڤانە دیارەی کورد سوپاسی پەروەری کرد و ئەوی بە پێدانی "رۆحی کوردستانیبوون" ناساند و گوتی، "تۆ بۆ ئێمە وەزیری هونەر و باڵیۆزی ئاشتیت لەنێوان کورد، عەرەب، فارس و تورکدا. پردێکیت لەنێوان باشوور و باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوادا."
"شڤان ناوی بەرخودان بوو"
فەریال کلارکیش، وەزیری کوردی بەریتانی باسی لە هونەری شڤان پەروەر کرد و گوتی، "گۆرانییەکانی لە منداڵیمدا مانای بەرخۆدان و تێکۆشانی کوردیان دەگەیاند لە هەموو ناوچەکەدا. زۆر باشم لەبیرە کاتێک منداڵ بووین گوێمان لە گۆرانی 'ئەز خەلەفم خەلەف' دەگرت و هەڵدەپەڕین. ئەگەر من ئەمڕۆ لێرە بم، کورد هێشتا کوردە و بۆ مافی خۆی بەرخۆدان دەکات، یەکێک لە هۆکارەکانیش گۆرانییەکانی تۆن کە ئیلهام دەداتە بەرخۆدانی گەلی کورد."
"شڤان پەروەر چرای هیوایە"
ئیبراهیم دۆگوشیش، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری سەنتەری پێشکەوتنی کورد لەسەر بەرنامەکە گوتی، "ئێمە زۆر سەربڵندین" ئەم خەڵاتە دەدەینە شڤان پەروەر، کەسایەتییەکی ئەفسانەیی کە مۆسیقا و پەیامەکانی بۆ زۆر نەوەی کورد و دۆستانی کوردستان لە چوار لای جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. دڵسۆزیی شڤان بۆ کولتوور، زمانی کوردی و تێکۆشانی بۆ دادپەروەری لە رێگەی هونەرەوە کەمتر نییە لە شتێکی بێوێنە."
لەبارەی چالاکییەکەیشەوە، ئیبراهیم دۆگشیوش گوتی، "نەک تەنیا رێزلێنانێکە بۆ کارە بێوچانەکانی، بەڵکو لە هەمان کاتدا بۆ رۆڵی هەمیشەیی ئەوە وەک دەنگێک بۆ گەلی کورد و چرایەکی هیوایە لە کاتە سەختەکاندا."
دوای بەرنامەکە، هەر یەک لە لۆرد دەیڤد پۆڵ و کلارک لەسەر ناوی (سەنتەری پێشکەوتنی کورد) خەڵاتی رێزلێنانیان پێشکێشی شڤان پەروەر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ