لە پایتەختی پۆرتوگال ترامێک لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و 15 کەس گیانیان لەدەستدا

03-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری لیسبۆنەی پایتەختی پۆرتوگال، ترامێک لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و بەهۆیەوە، 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 18ـی دیکەش برینداربوون. بەگوێرەی تەندروستیی شارەکە، برینی پێنج کەسیان سەختە و زۆربەی بریندارەکان گەشتیارن.
 
رۆژی چوارشەممە 03-09-2025 ترامێک لە شاری لیسبۆنە کە چەندین گەشتیار و خەڵکی شارەکەی هەڵگرتبوو لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و کەوتە سەر لا.
 
تیمە فریاگوزارییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و سەرەتا وا بڵاوکرایەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ژمارەکە ئێستا گەیشتووەتە 15 کەس و پێشبینیی بەرزبوونەوەشی دەکرێت.
 
ئەو ترامەی لە رێڕەوەکەی دەرچووە پێی دەگوترێت (Streetcar) یان (Funicular) کە جۆرێکە بەسەر شوێنی لێژ دەکەوێت و دێتە خوارەوە. لیسبۆنە یەکێکە لەو شارانەی بەو ترامانە زۆر بەناوبانگە و گەشتیارێکی زۆری هاتووچۆی پێدەکەن. 
 
پەیمانگەی نیشتمانی بۆ فریاگوزاریی پزیشکیی پۆرتوگال رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری بریندارەکان گەشتیار و بیانین.
 
مارسێلۆ ریبێلۆ دیسوزا، سەرۆکی پۆرتوگال سەرەخۆشیی لە خێزانی مردووەکان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە