رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی فەرەنسا مافی مانەوەی بەخشییە خێزانێکی کۆچبەری خەڵکی بەسرەی عێراق، کە ساڵی رابردوو لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز، کچە حەوت ساڵانەکەیان بەناوی سارا گیانی لەدەستدا.
ئەحمەد ئەلهاشمی و خێزانەکەی، لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا بەلجیکایان بەجێهێشت، دوای ئەوەی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ عێراق بۆ دەرچووبوو، بەو هیوایەی لە رێگەی فەرەنساوە خۆیان بگەیێننە بەریتانیا.
بەگوێرەی گێڕانەوەی خێزانەکە، قاچاخچییەک بڕی 5250 یۆرۆی لێ وەرگرتبوون بۆئەوەی بیانپەڕێنێتەوە؛ بەڵام لەکاتی سواربوونی بەلەمێکی بچووکدا لەگەڵ کۆمەڵێک کۆچبەری دیکە، کارەسات روویدا و سارای کچیان لەژێر قەرەباڵخیدا خنکا و هەوڵی پەڕینەوەکەشیان شکستی هێنا.
دوای ئەو رووداوە دڵتەزێنە، خێزانی ئەلهاشمی لە باکووری فەرەنسا مانەوە و تەرمی کچەکەیان هەر لەوێ بەخاک سپارد.
جێگەی سەرنجە، ئەو ناوچەیەی خێزانەکەی ئەلهاشمی تێیدا نیشتەجێ بوون، یەکێکە لە پێگە سەرەکییەکانی سیاسەتمەداری راستڕۆی تووندئاژۆ و دژە کۆچبەر، کە ئەویش مارین لو پێن-ە. سەرەڕای ئەمەش، خەڵکی ناوچەکە هاوسۆزییان بۆ خێزانەکە دەربڕی و دەستی یارمەتییان بۆ درێژکردن.
لە کۆتاییدا و دوای زیاتر لە ساڵێک لەو کارەساتە، حکومەتی فەرەنسا بڕیاری دا بە شێوەیەکی فەرمی مافی مانەوە و نیشتەجێبوون بە ئەحمەد ئەلهاشمی و خێزانەکەی بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ