رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک، بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا و دەوڵەمەندترین کەسی جیهان لە ئێکس بڵاویکردەوە، پاڵپشتی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی ببێتە شای ئێران.
ئیلۆن مەسک لە ئێکس پۆستێکی ئەنتۆنیۆ گارسیا مارتێنێز، بازرگانێکی ڤەنزوێلی بڵاوکردووەتەوە کە نووسیوویەتی، "روبیۆ بیر لەوە دەکاتەوە ببێتە سەرۆکی ڤەنزوێلا، حاکمی کوبا و شای ئێران". مەسکیش لەسەر پۆستەکە نووسیوویەتی "پاڵپشتیی ئەمە دەکەم".
ئەو پاڵپشتییەی مەسک دوای ئەوە هات کە دوێنێ ئەمریکا هێرشیکردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوژینەکەی رفاند. ژمارەیەک وڵات، لەوانە ئیسرائیل پاڵپشتی ئەو هەنگاوەی ئەمریکایان کرد. ئەمە لە کاتێکدایە لە ئێرانیش خۆپێشاندان بەڕێوەدەچن.
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران بەهۆی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن لە ئێوارەی یەکشەممە 28-12-2025 لە تارانەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک پارێزگای دیکە وەک کرماشان، لوڕستان، ئیلام، چوار مەحاڵ و بەختیاری، قوم، خوزستان، فارس، ئیسفەهان، هەمەدان و مەشهەدی گرتووەتەوە. و تاوەکو ئێستا لە هەندێک شار گرژی تێکەوتووە.
دوای دەستپێکردنی ئەو ناڕەزاییانە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەستی لەکارکێشایەوە و عەبدولناسر هیمەتی کرایە سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە. هیمەتی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەهای تمەن و دۆخی بازاڕ سەقامگیر دەکەن و پێش بە گەندەڵی لە بازاڕی دراو دەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ