حکومەتی سوێد: مزگەوتێکی ستۆکهۆڵم لەلایەن ئێرانەوە بۆ سیخوڕی بەکاردەهات

04-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی سوێد دەڵێت، مزگەوتێکی شیعەمەزهەبەکانی پایتەختی وڵاتەکە لەلایەن ئێرانەوە بۆ سیخوڕی، لە دژی سوێد و دیاسپۆرای ئێرانی بەکارهاتووە. مزگەوتەکەش قسەکانی حکومەت رەتدەکاتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 03-02-2025 یاکۆب فۆرسمێد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی سوێد لە ئێکس نووسی: "دەزگەی ئەمنیی سوێدی بۆیان دەرکەوتووە کە ناوەندی ئیسلامیی ئیمام عەلی لە ستۆکهۆڵم، لەلایەن ئێرانەوە وەکو سەکۆیەک بۆ  سیخوڕی و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی سوێد بەکاردەهات."
 
فۆرسمێد گوتی، ئەمە تاڕادەیەکی زۆر جیدییە و حکومەتی سوێد هەموو هاوکارییەکی دارایی بۆ ئەو ناوەندە راگرتووە.
 
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی سوێد گوتیشی: "نابێت پارەی حکومەت بۆ ئەو چالاکییانە بەکاربێت، کە لەگەڵ بەها دیموکراسییە بنچینەییەکان یەکناگرنەوە."
 
مزگەوتەکە لە وێبسایتی خۆی راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و نووسی: "ناوەندی ئیسلامیی ئیمام عەلی رێکخراوێکی سەربەخۆیە و هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ پارتێکی سیاسی یان دەوڵەتێکەوە نییە. ناوەندەکە چاودێرییەکی چڕی باڵەخانەکە دەکات بۆ ئەوەی رێگە نەدات وەکو سەکۆیەک بۆ جموجمۆڵی تاوانکاری بەکارببرێت. ناوەندەکە هیچ پارەیەکیشی لە وڵاتانی دەرەوە وەرنەگرتووە."
 
میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی باڵیۆزی سوێدی لە تاران کردووە و سەرکۆنەی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری ناوەندەکەی کردووە.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "لەم کەیسە رێسا دیپلۆماسییەکان هیچ رێزێکیان بۆ دانەنراوە، بەڕێوەبەری ناوەندەکە رێگەی پێنەدراوە چاوی بە خێزانەکەی خۆی و هیچ دیپلۆماتێکی ئێرانی بکەوێت."
 
مزگەوتی ئیمام عەلی لە ناوچەی یارفالایە لە ستۆکهۆڵم. لە ئایاری 2017 هێرشی کرایە سەر و زیانێکی زۆری مادی پێگەیشت. دواتر راگەیێنرا، ئەو کەسەی هێرشی کردبوو لایەنگری داعش بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئۆتۆمبێلی جەنەڕاڵ ڤانیل سارڤارۆڤ پاش تەقینەوە.

چەند کاژێرێک دوای گفتوگۆکانی ئەمریکا، جەنەڕاڵێکی رووسی کوژرا

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە باشووری مۆسکۆ، جەنەڕاڵێکی باڵای سوپای رووسیا کوژرا. رووداوەکە تەنیا چەند کاژێرێک دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆی شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا دێت لە شاری مەیامیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. لێکۆڵەرانی رووسیاش پەنجەی تۆمەت بۆ "هێزە تایبەتەکانی ئۆکراینا" رادەکێشن.