دۆناڵد ترەمپ: دەمانەوێت کەرتی غەززە بگرینەدەست

05-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
پێشوازیی دۆناڵد ترەمپ لە بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆشکی سپی. وێنە: AFP
پێشوازیی دۆناڵد ترەمپ لە بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆشکی سپی. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بنیامین نەتەنیاهوو وەکو یەکەم سەرۆک لە خولی نوێی سەرۆکایەتیی ترەمپ پێی نایە نێو کۆشکی سپی و پێشوازی لێکرا، دۆناڵد ترەمپ لەکاتی بەخێرهاتنی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسی لە گواستنەوەی تەواوی خەڵکی غەززە بۆ ناوچەیەکی نوێ کرد. 
 
ترەمپ دەیەوێت رۆڵی ئاشتیخواز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگێڕێت. یەکەم هەنگاوی پێش سوێندخواردنی دەستیپێکرد کاتێک ئاگربەستی غەززە دوای 15 مانگ جەنگ راگەیێندرا و بارمتەکان ئازاد کران. 
 
بەڵام بەشێک لە ئەندامانی کابینەکەی نەتەنیاهوو کە سەر بە باڵی راستڕۆکانن، دەیانەوێت هێرشی سەر غەززە بەردەوام بێت تاوەکو حەماس بەتەواوی لەنێو دەچێت. 
 
ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت هەنگاو بەرەو رێککەوتنێکی فراوانتر بنێت کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیلە لەگەڵ وڵاتان، لەوانە سعودیە. بەڵام بەبێ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە شەڕی غەززە ئەوە روونادات. 
 
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکدا گوتی، سعودیە داوای لێنەکردووە کە دەوڵەتی فەلەستین دابمەزرێنن. هەروەها پێشنیازی ئەوە دەکات خەڵکی غەززە بۆ شەش ناوچەی دیکە بگوازرێنەوە. 
 
ترەمپ باسی لەوە کرد کە پێویستە خەڵکی غەززە لە میسر و ئوردن جێگیر بکرێن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی سەرۆکانی ئەو دوو وڵاتە قسەیەکی جیاوازیان کردووە لەوبارەیەوە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، وڵاتانی دیکەش ئامادەن خەڵکی غەززە وەربگرن، بەڵام ناوی وڵاتەکانی نەهێنا. 
 
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە چەند وڵاتێک کرد کە زۆر دەوڵەمەندن و ئامادەن بە پارەکانیان هاوکاریی خەڵکی غەززە بکەن کە لە شوێنی دیکە جێگیر ببن.
 
خاوەندارێتیی غەززە لەلایەن ئەمریکاوە
 
سەرۆکی ئەمریکا "پێشنیازێکی سەرسوڕهێنەری" بۆ غەززەییەکان هەبوو، زۆر بە رژدیش جەختی لە جێبەجێکردنی دەکردەوە. ئەو دەڵێت، بەپێی پلانەکە، "ئەمریکا خاوەندارێتیی غەززە دەکات، بەرەوپێشی دەبات و هەزاران هەلی کاری تێدا دەڕەخسێنێت."

هەروەها گوتی، "هەمووان ئەو بیرۆکەیەیان بەدڵە."

ترەمپ هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد، تاکە هۆکار کە فەلەستینییەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە غەززە بەهۆی ئەوەیە کە هیچ بژارەیەکی دیکەیان نییە. هەروەها غەززەی وەکو ناوچەیەکی وێرانە ناوبرد. 

 
ئەو گوتی، ئەمریکا کەرتی غەززە دەگرێتە دەست، پاکی دەکاتەوە لە بۆمب و بنیادی دەنێتەوە. هەروەها ئابوورییەکەی دەخاتەوە سەرپێ. 

ترەمپ بە رژدییەکی وەها قسەی لەسەر ئەو پێشنیازە کرد کە "ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ رابردوو و مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە." ئەو وەکو چانسێکیش پێشنیازەکەی خستەڕوو کە ئێستا غەززە بووەتە سیمبوولی، مەرگ و وێرانی. 

سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەشی کرد کە 1.8 ملیۆن فەلەستینی کە لە غەززەن، دەیانەوێت بچن لە شوێنێکی باشتر بژین. 

کاتێک رۆژنامەڤانێک لەبارەی چارەسەری دوو دەوڵەت پرسیاری لە ترەمپ کرد کە ئایا ئەو پێشنیازە هەلی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین ناکوژێت؟ ترەمپ خۆی لە پرسیارەکە دزییەوە و گوتی، "ئەوە هیچ پەیوەندی بە چارەسەری دوو دەوڵەتییەوە نییە، یان چارەسەری یەک دەوڵەتی، یان هەر شێوەیەکی دەوڵەت."

ئەو گوتیشی، خەڵکی غەززە هەرگیز چانسێکی وەهایان نەبووە لە ژیانیاندا و کەرتەکەی بە "چاڵی دۆزەخ ناوبرد."

رۆژنامەڤانێکی دیکە لە ترەمپی پرسی، کاتێک ئەمریکا کەرتەکە دەگرێتە دەست، دەیانەوێت کێ لەوێ بژی؟ ترەمپ وەڵامی دایەوە، خەڵکی جیهان، لەنێویاندا فەلەستینییەکان. 
 

 

 
گۆڕینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەشێکی زۆری کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی بە پاڵپشتیکردنی ترەمپ و پەسنکردنی بەڕێکرد. ئەو گوتی، ترەمپ کەسێکە لە دەرەوەی بۆکسەکە بیردەکاتەوە و شتانێک دەبینێت کە ئەوانی دیکە رەتیدەکەنەوە. 

نەتەنیاهوو گوتی، "ئەوە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەیە کە نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەڕێژێتەوە."

لە باسکردنی گرووپە چەکدارەکان، نەتەنیاهوو گوتی، "ئیسرائیل کاتێک جەنگەکە کۆتاییدەهێنێت کە دەیباتەوە... ئەوەش سەرکەوتن دەبێت بۆ ئەمریکا." 

هەروەها باسی لە "سەرکەوتنەکانی ئیسرائیل" لە غەززە، لوبنان و ئێران کرد. گوتی، هەندێک لەو گرووپانەی کە ئیسرائیل جەنگیان دژ دەکات، بەرپرسن لە رشتنی رووبارێک خوێنی ئەمریکییەکان. 

نەتەنیاهوو بە زمانێکی ئایینیش باسی لەوە کرد، ئیسرائیل دەبێت کارەکەی لە غەززە تەواو بکات، بەو واتایەی حەماس لەنێوبەرێت. 
 
ترەمپ: سەردانی غەزز دەکەم 

لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا، دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەی کرد پلانی هەیە سەردانی ئیسرائیل، سعودیە و کەرتی غەززە بکات. ئەو گوتی، خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەسانی باشن، بەڵام کاری بەشێک لە سەرکردەکان، دۆخەکەی تێکداوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئیسرائیلم زۆر خۆشدەوێت و سەردانی دەکەم، سەردانی غەززە دەکەم، سەردانی سعودیە دەکەم، سەردانی شوێنی دیکەش دەکەم لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شوێنێکی سەرنجڕاکێشە و زۆر زیندووە و شوێنێکی زۆر جوانە و خەڵکێکی زۆر باشی تێدایە. پێموایە سەرکردایەتیی خراپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها لە ئەمریکا وایکردووە کە ئەو ناوچەیە ئەوهای لێبەسەر بێت." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی و ئەلێکساندەر دۆبرینت. وێنە: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسێکی باڵای حیزبێکی ئەڵمانیا پاڵپشتیی مانەوەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەکات

لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی گرووپی پەرلەمانیی پارتی یەکێتیی کۆمەڵایەتیی مەسیحی (CSU) کۆبوونەوە. پارتە ئەڵمانەکە لەبارەی کۆبوونەوەکە لە ئێکس بڵاویکردەوە، سەرۆکەکەیان پاڵپشتی مانەوەی هێزەکانیان دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان.