رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، ژمارەیەکی زۆر لە کارمەند و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکان لەبەردەم باڵەخانەی ئاژانسی USAID کۆبوونەتەوە لە دژی داخستنی دەرگاکانی ئاژنسەکە لەدوای قسەیەکی بەرپرسی بەشی کارامەیی حکومەت لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ رازییە بە داخستنی ئەو ئاژانسە.
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سەرجەمیان دیموکرات بوون، لە نێویاندا سێناتۆر کریس ڤان هۆڵن، هەوڵیاندا بچنە ژوورەوە بەڵام لەلایەن تیمی نوێیی ئاژانسەکە پێشوازیان لێ نەکراو لەبەردەم دەرگای سەرەکی لەلایەن کارمەندێکەوە کە نە ناوی خۆی ئاشکراکرد نە پلەکەی بەڕێکران.
ئەمەش بەشێک لە گفتوگۆی نێوان ئەو کارمەندە و سێناتۆر کریس ڤان هۆڵنە.
کریس ڤان هۆڵن: دەتوانم بپرسم، لەگەڵ USAIDیت؟
کارمەندی USAID: بەڵێ.
کریس ڤان هۆڵن: سوپاس بۆ خزمەتەکەت.
کارمەندی USAID: سوپاس بۆ کارەکانی ئێوەش.
کریس ڤان هۆڵن: کەس لە دۆج لێرەیە، لەم باڵەخانەیەن؟
کارمەندی USAID: ئێستا 8 فەرمانبەرین، ئەوە هەموو ئەو شتەیە کە ئاگادارم. نازانم دۆجەکان کێن، تەنیا دەزانم 8 کەس لێرەین، وەک ئاگادارن، کە میدیاکانیش ئاگادارن، ئەو خەڵکانە هەڵبژێردراون کە لە ئاژانسەکەدا خزمەت بکەن، ئەوانی دیکەش لە دوورەوە کاردەکەن.
کۆنگرێسمان دۆن بەیەر: فەرمانبەری؟
کارمەندی USAID: بەڵێ
کریس ڤان هۆڵن: بەڵێ دەزانم، دەمانەوێت سوپاسی خزمەتەکەت بکەین، هیچ دەرفەتێک نییە ئەو کەسانە ببینین.
کارمەندی USAID: من بەرپرس نیم لێرە، هاتووم زانیارییەکان بگەیێنم. سوپاس بۆ هاتنتان، دڵنیام وەزارەتی دەرەوە راگەیێندراوێک دەردەکات.
لەدوای ئەم گفتوگۆیە، ئەندامانی کۆنگرێس لە باڵەخانەکە چوونە دەرەوە و بە میدیاکانیان راگەیاند، ئەمە هەنگاوی یەکەمیان بوو، بەڵام هەنگاوی دووەمیان لە کۆنگرێس و دادگاکان دەبێت و رێگە بەداخرانی ئەو ئاژانسە نادەن.
کۆنگرێسمان دۆن بەیەر، کە سەر بە پارتی دیموکراتەکانە لەوبارەوە گوتی، "'هەنگاوی داهاتوومان رێکاری یاسایی دەبێت، دەشزانی کە حەکیم جێفری لەگەڵ ئێمە دایە، کاری لەسەر دەکەین، ئەگەر تاوەکو ئێستا سکاڵا تۆمارنەکرابێت، دڵنیام بەیانی دەکرێت، هەوڵدەدەین دادوەرەکان ئەمە بوەستێنن، بەقوڵی هیوادەخوازم دۆناڵد ترەمپ ئەو بڕیارانە فەرامۆش نەکات کە دادوەرەکان دەیدەن.''
دواتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەسەر ئەم پرسە دەکرد و رایگەیاند، ئەو ئاژانسە ماوەیەکی زۆرە لەسەر رێڕەوی خۆی لادراوە و هاوکارییەکان لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا خەرج ناکرێن، بۆیە پێداچوونەوە بەکارەکانی دەکەن و دۆناڵد ترەمپیش، بۆ ئەم قۆناخە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای وەک بەڕێوەبەری بەوەکالەتی ئاژانسەکە دیارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ