رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا نزیکەی 3.5 ملیۆن بەڵگەنامەی نهێنیی پەیوەست بە جێفری ئێپستینی بڵاوکردەوە. ئەم بەڵگەنامانە کە لەژێر گوشاری یاسایەکی کۆنگرێس دا بڵاوکرانەوە، پڕن لە وردەکاری لەبارەی پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ گەورەترین بازرگانی سێکسی لە مێژووی ئەمریکادا. وەزارەتی دادی ئەمریکا دەڵێت، "زۆربەی ئەو شتانەی لەسەر سەرۆک ترەمپن، پڕوپاگەندەن."
ناوی ترەمپ؛ 1000 ئاماژە و 1800 ئەنجامی گەڕان
لەنێو ماڵپەڕی وەزارەتی داد، ناوی "Donald Trump" زیاتر لە 1,000 جار لەنێو بەڵگەنامە فەرمییەکاندا هاتووە. لە کاتی گەڕانی ورددا، زیاتر لە 1,800 ئەنجام دەردەکەون کە بەشێکیان هەواڵە رۆژنامەوانییەکانن کە ئێپستین لەگەڵ هاوڕێکانی وەک ستیڤ بانۆن ئاڵوگۆڕی کردوون، بەڵام بەشێکی دیکەیان یاداشتی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای)ن.
لیستی تۆمەتە سێکسییەکان
یەکێک لە بەڵگەنامەکان، لیستێکە کە لێکۆڵەرانی ئێف بی ئای لە ئابی 2025 ئامادەیان کردووە. ئەم لیستە زیاتر لە 12 تۆمەتی جیاوازی "نەسەلمێندراوی" تۆمەتی سێکسیی دژی ترەمپی تێدایە.
• ئەم تۆمەتانە لە رێگەی "ناوەندی نیشتمانیی ئۆپەراسیۆنەکانی هەڕەشە" (NTOC) کۆکراونەتەوە.
• بەرپرسانی ئێف بی ئای لە ئیمەیڵەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەشێک لەم تۆمەتانە بە رەنگی "زەرد" دیاریکراون بەهۆی ئەوەی نێوەڕۆکەکەیان زۆر "وروژێنەر و قێزەونە."
• زۆربەی ئەم زانیارییانە لەلایەن خەڵکەوە وەک "زانیاریی دەستی دووەم" نێردراون و ئێف بی ئای نەیتوانیوە دەستی بە هەموو سەرچاوەکان بگات.
دۆسیەی (جەین دۆ) و دەستدرێژی لە تەمەنی 13 ساڵیدا
بەڵگەنامەکان جارێکی دیکە دۆسیەی ناسراو بە (Jane Doe)یان هێناوەتە پێشەوە. تۆمارەکانی FBI باس لە کچێک دەکەن کە ترەمپی تۆمەتبار کردبوو بەوەی لە ساڵی 1994 و کاتێک تەمەنی تەنیا 13 ساڵ بووە، لە ماڵەکەی ئێپستین لە نیویۆرک دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر.
لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، "جێفری ئێپستین تووڕە بووە لەوەی ترەمپ ئەو کەسە بووە پەردەی کچێنی (جەین)ی لابردووە." کاتێک لە ساڵی 2016 سکاڵای ئەم کچە لە میدیاکان بڵاوبووەوە، ئێپستین ئیمەیڵێکی بۆ تۆم باراک (نێردەی ئێستای ترەمپ بۆ کاروباری سووریا) ناردووە و نووسیویەتی، "ئەمە شتێکی شێتانەیە، بەڵام پێویستە ئێوە بزانن."
بەڵگەنامەی (SOD-NY-3027571 Serial 631)
ئەمە یەکێکە لەو فایلانەی وەزارەتی داد بڵاویکردووەتەوە، تێیدا چاوپێکەوتنی FBI لەگەڵ یەکێک لە کچەکان نووسراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ 27-07-2021 دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو بەڵگەکە:
- گیلان ماکسوێڵ (هاوبەشەکەی ئێپستین) کچێکی بردووەتە ئاهەنگێک لە نیویۆرک و بە شێوەیەک کچەکەی بە ترەمپ ناساندووە وەک ئەوەی (سیڤی) پێشکێش بکات.
- ترەمپ و ئەو کچە بۆ 20 خولەک قسەیان کردووە.
- پاشان کچەکە بانگێشتی مارالاگۆ (شوێنی حەوانەوەی ترەمپ) کراوە و ترەمپ خۆی پیاسەی پێ کردووە و شوێنەکەی نیشان داوە، لە کاتێکدا ئێپستین و ماکسوێڵیش لەوێ بوون.
- ماکسوێڵ بە کچەکەی گوتووە، "پێم وایە ئەو تۆی بەدڵە، تۆ چەند بە بەختی، ئەمە نایابە." هەروەها جەختی کردووەتەوە کە کچەکە بۆ ترەمپ "بەردەستە."
- کچەکە بە FBIی گوتووە: "لەوێ هیچ شتێکی (سێکسی) لەنێوان من و ترەمپ رووی نەدا."
لۆلیتا ئێکسپرێس
بەڵگەنامەکانی مانگی 12ـی 2025 دەریانخستووە، داواکاری گشتیی فیدراڵی بەڵگەیان هەیە، ترەمپ لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا چەندین جار بە فڕۆکە تایبەتەکەی ئێپستین (ناسراو بە لۆلیتا ئێکسپرێس) گەشتی کردووە.
ئەمە پێچەوانەی لێدوانەکەی ترەمپە لە ساڵی 2024 کە گوتی: "هەرگیز لەنێو فڕۆکەکەی ئێپستین دا نەبووم."
ئیمەیڵەکانی ئێپستین لە ساڵی 2018دا دەریدەخەن کە ئەو لەگەڵ نووسەر مایکڵ وۆڵف گەنگەشەی ئەوەیان کردووە چۆن بەرپەرچی هەواڵەکانی رۆژنامەی (Miami Herald) بدەنەوە کە باسی قوربانییەکانی دەکرد.
• ئێپستین نووسیویەتی: "بیر لەوە دەکەمەوە ترەمپ لەم دۆخەدا چی دەکات؟"
• وۆڵف لە وەڵامدا دەڵێت: "ئەو هەرگیز روونکردنەوە نادات، تەنیا نکۆڵی دەکات و میدیا تۆمەتبار دەکات. هەموو شتێک پەیوەندیی بە دۆناڵد ترەمپەوە هەیە."
• ترەمپ رایگەیاندووە، سکاڵا لەسەر مایکڵ وۆڵف تۆمار دەکات بەوەی "پیلانگێڕی"ی لەگەڵ ئێپستین کردووە.
'ترەمپ هاوڕێم نییە'
بەگوێرەی بڵاوکراوەکان، لە ئۆکتۆبەری 2016دا لاری سەمەرز (وەزیری پێشووی گەنجینەی ئەمریکا) لە ئێپستین دەپرسێت، "چ ئەگەرێك هەیە ترەمپ بە ڕاستی بەکارهێنەری کۆکایین بێت؟"
ئێپستین لە وەڵامدا دەڵێ، "هیچ."
هەروەها لە تەممووزی 2017دا، کاتێک سەمەرز بە ئێپستین دەڵێت، "ترەمپی هاوڕێت نەخۆشیی دەروونییەتی."
ئێپستین وەڵام دەداتەوە: "ئەو هاوڕێی من نییە، پێشتریش ئەوەم پێ گوتیت."
وەزارەتی داد لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "هەندێک لەم زانیارییانە ناڕاست و پڕووپاگەندەی میدیایین کە بەر لە هەڵبژاردنی 2020 نێردراون بۆ تێکدانی ناوبانگی ترەمپ."
تاوەکو ئێستا ترەمپ بەردەوام پەیوەندیی خۆی بە ئیپستینەوە رەتکردووەتەوە و دەڵێ لە کارەکانیدا تێوەنەگلاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ