رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئەڵمانیا (BND) ئاشکرای دەکات، خەرجییە سەربازییەکانی رووسیا زۆر زیاترن لەو ژمارانەی مۆسکۆ بە فەرمی رایدەگەیێنێت. دەزگاکە هۆشداریش دەدات لە مەترسییەکانی رووسیا بۆ سەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناتۆ.
رۆژی چوارشەممە، 4-2-2026، دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، شیکارییەکانیان بۆ داتاکانی بودجەی رووسیا دەریخستووە، لە ساڵانی 2022 و 2023ـدا خەرجییە سەربازییەکانی مۆسکۆ نزیکەی 66٪ زیاتر بووە لەوەی بە فەرمی راگەیێندراوە. دەزگاکە دەڵێت: "ئەم ژمارانە سەلمێنەری ئەو مەترسییە گەورەیەن کە رووسیا بۆ سەر ئەورووپا دروستیکردووە."
بەگوێرەی هەواڵگریی ئەڵمانیا، پێناسەی رووسیا بۆ خەرجییەکانی بەرگری جیاوازە لەوەی ناتۆ بەکاری دەهێنێت؛ مۆسکۆ خەرجییەکانی وەک بیناسازیی سەربازی، پڕۆژەکانی ئایتی (IT) و هاوکارییە داراییەکانی کەسوکاری سەربازان ناخاتە ناو بودجەی بەرگرییەوە.
دەزگاکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئەم خەرجییە "شاراوانە" هەژمار بکرێن، تێکڕای خەرجییەکان لە ساڵی 2024ـدا گەیشتووەتە 171 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا بە فەرمی تەنیا 160 ملیار یۆرۆ راگەیێندراوە. هەروەها بۆ سێ چارەکی یەکەمی ساڵی 2025، کۆی خەرجییەکان گەیشتووەتە 192 ملیار یۆرۆ، لە کاتێکدا رووسیا بە فەرمی تەنیا 139ملیار یۆرۆی راگەیاندووە.
دەزگای (BND) روونیکردووەتەوە، کۆی خەرجییە سەربازییەکانی مۆسکۆ لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 10٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) و نیوەی بودجەی گشتیی ئەو وڵاتە بووە. دەزگاکە هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەم پارەیە تەنیا بۆ جەنگی دژی ئۆکرانیا بەکارناهێنرێت، بەڵکو بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی تواناکانی سوپایە، بەتایبەتی لە نزیک سنوورە رۆژهەڵاتییەکانی ناتۆ."
لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، مارتن یێگەر، سەرۆکی دەزگای (BND) بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، رووسیا پێداگرە لەسەر فراوانکردنی "هەژموونی خۆی بەرەو ئەورووپا."
یێگەر گوتی: "بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، رووسیا سڵ لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆ لەگەڵ ناتۆ ناکاتەوە ئەگەر پێویست بکات."
هاوکات فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رووسیای بە کردنی هێرشی ئەلیکترۆنی و سیخوڕیکردن لە دژی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا تۆمەتبار کرد. مێرتس رایگەیاند، گومانی ئەوەی هەیە مۆسکۆ لە پشت چەندین "درۆنی گوماناوی" بێت کە لە مانگەکانی رابردوودا بوونە هۆی دروستکردنی پشێوی لە فڕۆکەخانەکانی ئەورووپادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ