سزای زیندانی تا هەتایی بۆ ئەو پیاوە بڕایەوە، هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپی دا

39 خولەک له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی ئەمریکا سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر ئەو پیاوەدا سەپاند، بەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی لە یاریگەیەکی گۆڵف لە فلۆریدا داڕشتبوو.
 
 رۆژی چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026 ئایلین کانۆن، دادوەری دۆسیەکە، دوای دانیشتنێکی 90 خولەکی، سزای زیندانی تاهەتایی و حەوت ساڵ زیندانی زیادەی بەسەر "رایان روس"ی تەمەن 59 ساڵدا سەپاند. دادوەرەکە رایگەیاند، ئەم سزایە بۆ پاراستنی خەڵکە لە تاوانەکانی داهاتووی ئەو تۆمەتبارە.
 
بەگوێرەی شایەتحاڵانی دادگاکە، دادوەری دۆسیەکە لەدوای خوێندنەوەی بریاری دادگەکە، رووی کردووەتە روس و پێیگوتووە: "خراپە لە ناخی تۆدایە، نەک لە کەسانی تر."
 
رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 15ـی ئەیلوولی 2024، کاتێک رایان روس لە ناو دەوەنەکانی دەوروبەری یاریگەی گۆڵفی "وێست پاڵم بیچ" لە فلۆریدا خۆی حەشار دابوو، لەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ خەریکی یاری بوو.
 
پاسەوانە نهێنییەکانی ترەمپ سەرە لولەی نیشانەشکێنێکیان لەنێو دەوەنەکان بینی و دەستبەجێ تەقەیان لێکرد. هەرچەندە رووس بە ئۆتۆمبێلەکەی هەڵات، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. ئەمە دووەم هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ بوو لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا.
 
رایان روس لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا رەتیکردەوە پارێزەری هەبێت و خۆی نوێنەرایەتیی خۆی دەکرد. لە ماوەی دەستبەسەریدا، چەندین داواکاری "سەیر و سەمەرە"ی پێشکەش بە دادگا کردبوو، لەوانە: داوای هێنانی "سەماکاری رووت" و دروستکردنی "یاریگەیەکی بچووکی گۆڵف" لەناو گرتووخانەکەدا.
 
هەروەها داوای کردبوو ئەندامانی دەستەی سوێندخۆران لەسەر بنەمای بۆچوونەکانیان سەبارەت بە "شەڕی غەززە" و "حەزی ترەمپ بۆ کڕینی گرینلاند" هەڵبژێردرێن، بەڵام دادگا هەموو داواکارییەکانی رەتکردەوە.
 
ئەم هەوڵەی رایان روس تەنیا دوو مانگ دوای هەوڵەکەی "ماتیو کرووکسی" تەمەن 20 ساڵ هات، کە لە 13ـی تەممووزی 2024 لە پێنسیلڤانیا تەقەی لە ترەمپ کرد و فیشەکێک بەر گوێی راستی کەوت. لەو رووداوەدا کرووکسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە