رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەرجەنتین بە فەرمی داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی لەسەرکار لادراوی ڤەنزوێلای رادەست بکات، تاوەکو لەو وڵاتە بە تۆمەتی "تاوان دژی مرۆڤایەتی" رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، دادوەرێکی ئەرجەنتینی بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا پەنای بۆ پرەنسیپی "دادوەریی گشتگیر" برد بۆ داواکردنی رادەستکردنەوەی مادورۆ. ئەم پرەنسیپە یاساییە رێگە دەدات بە دادگاییکردنی ئەو کەسانەی تاوانە قێزەونەکان دەکەن، تەنانەت ئەگەر تاوانەکە لە وڵاتێکی دیکەش کرابێت.
نیکۆلاس مادورۆ، کە ساڵانێکی درێژ حوکمی ڤەنزوێلای کرد، لە 3ـی کانوونی دووەمی 2025 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکرا و گوازرایەوە بۆ نیویۆرک. ئێستا لەوێ لەژێر لێکۆڵینەوەدایە نەک تەنیا بۆ پرسە سیاسییەکان، بەڵکو بۆ تۆمەتەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
دۆسیەی سکاڵاکان دژی مادورۆ لە ئەرجەنتین لە ساڵی 2023ـەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی رێکخراوی جۆرج و ئەمەل کلۆنی و مەکۆی ئەرژەنتینی بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسی، سکاڵایان تۆمارکرد.
داواکارانی گشتی لە ئەرجەنتین، نیکۆلاس مادورۆ و دیۆسدادۆ کابێلۆ، وەزیری ناوخۆی پێشووی ڤەنزوێلا تۆمەتبار دەکەن بە داڕشتنی "پلانێکی سیستماتیکی سەرکوتکردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و کوشتن" کە لە ساڵی 2014ـەوە دژی نەیاران و هاووڵاتییانی مەدەنی لە ڤەنزوێلا پەیڕەو کراوە.
ئەرجەنتین پێشتریش پرەنسیپی دادوەریی گشتگیری بەکارهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی لەلایەن سوپای میانمار و دانیال ئۆرتێگای سەرۆکی نیکاراگواوە کراون. هەروەها وڵاتانی وەک فەرەنسا، ئیسپانیا و ئەڵمانیاش هەمان رێکاری یاسایی دەگرنەبەر بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ.
لە کاتێکدا ئەرجەنتین داوای رادەستکردنەوەی دەکات، بڕیارە رۆژی 17ـی ئاداری ئەمساڵ دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنی مادورۆ لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت، کە تێیدا رووبەڕووی چەندین تۆمەتی قورسی حکومەتی ئەمریکا دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ