رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و پرسی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانیان تاوتوێ کرد. سەرۆکی کۆڵۆمبیا دەڵێت، سەرکردە سەرەکییەکانی بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە جەنگەڵەکان نین، بەڵکو لە "دووبەی، مەدرید و مەیامی" نیشتەجێن.
رۆژی سێشەممە 03-02-2026 دۆناڵد ترەمپ پێشوازیی لە گوستاڤۆ پێترۆ کرد و بۆ نزیکەی دوو کاژێر کۆبوونەوە. ئەم دیدارە دۆستانەیە لە کاتێکدایە، تەنیا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ترەمپ هەڕەشەی کردەی سەربازیی دژی ئەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور کرد و پێترۆشی تۆمەتبار کرد بەوەی لێشاوی کۆکاین رەوانەی ئەمریکا دەکات.
دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ رایگەیاند، هەردوولا باسیان لە هاوئاهەنگی لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و چەند پرسێکی دیکە کردووە.
لەبارەی قاچاخچێتیی مادە هۆشبەرەکان لە کۆڵۆمبیا، گوستاڤۆ پێترۆ گوتی، پێویستە "سەرکردە مافیا راستەقینەکان" بکرێنە ئامانج. گوتیشی، "باوەڕێکی چەسپاو هەیە، تەنانەت لە ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و کۆڵۆمبیاش، کە وا دەزانن سەرکردەکان ئەو کەسانەن لەنێو جەنگەڵەکان جلی سەربازییان پۆشیوە و چەکیان بەدەستەوەیە."
سەرۆکی کۆڵۆمبیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کەسانە تەنیا پلە دوو و پلە سێن و رایگەیاند، "سەرکردە سەرەکییەکانی بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە دووبەی (ئیمارات)، مەدرید (ئیسپانیا) و مەیامی (ئەمریکا) دەژین. ئاژانسەکانی ئەمریکا دەیان دەناسن و منیش بە شەخسی ناوی ئەوانەم داوەتە سەرۆک ترەمپ."
پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و پێترۆ پێشتر پڕ لە گرژی بوون، بە جۆرێک کە واشنتن سزای بەسەر سەرۆکی کۆڵۆمبیادا سەپاند، بەڵام پێترۆ دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند کە دیدارەکەیان "ئەرێنی" بووە.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، پێترۆ ئامادەیی زیاتری نیشان داوە بۆ کارکردن لەگەڵ ئیدارەکەی بە مەبەستی رێگریکردن لە لێشاوی مادە هۆشبەرەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە پێترۆ پێشتر رەخنەی تووندی لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا گرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ