رووداو دیجیتاڵ
پێشهاتەکانی تایبەت بە ئۆکراینا بە خێرایی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، لە دەمەقاڵێی ترەمپ و زێلینیسکی کە دواجار بە دەرکردنی دووەمیان لە کۆشکی سپی کۆتایی هات، تاوەکو بەستنی کۆبوونەوەیەکی لووتکە بەبێ ئەمریکا.
کۆبوونەوە لووتکەکە لە لەندەن بە ئامادەبوونی 17 وڵاتی جیهان کە زۆربەیان ئەورووپی بوون، کرا، کەنەدای دراوسێی ئەمریکاش بەشداری پێکرابوو.
چارەنووسی ئۆکراینا دیار نییە
دوور نییە ئەمریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا رابگرێت؛ ئەگەریش هەیە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت کە کۆمپانیای ستارلینک پێشکێشی سوپای ئۆکراینای دەکات و هێڵەکانی پێشەوەی یەکە سەربازییەکانی بەوانەی دواوەوە و بە ناوەندی فەرماندەیی دەبەستێتەوە، هەموو، یان بەشێکی ببڕدرێت.
ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای ستارلینکە و سەرۆکی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکایە، بە یەکێك لە کەسایەتییەکانی نزیک لە ترەمپ و دەستڕۆیشتووی نێو کابینەکەی دادەنرێت.
ئۆکراینا چی دەوێت؟
ئۆکراینا، وەک رایگەیاندووە دژی رێککەوتنی ئاشتی نییە، بەڵام داوای گەرەنتی دەکات و دەڵێت، هەر رێککەوتنێكی ئاشتی بەبێ گەرەنتی جێگەی متمانە نییە، بۆیە کیێڤ دەڵێت دەبێت ئەورووپا و ئەمریکا گەرەنتیی ئەوە بکەن "لە دوای وەستاندنی شەڕ، رووسیا بەهیچ شێوەیەک هێرش نەکاتەوە سەر ئۆکراینا."
سێ خاڵەکەی زێلێنیسکی بۆ ئاشتی
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت بۆ ئەوەی رازی بن بە رێککەوتنی ئاشتی، دەبێت ئەم سێ خاڵە دەستەبەر بکرێن:
- یەکەم؛ ئەمریکا گەرەنتیی کۆنترۆڵکردنی حەز و خواستەکانی پوتین بکات.
- دووەم؛ بڵاوکردنی هێزی ئاشتیخوازی بیانی و دانانی سیستمی بەرگریی بەهێزی دەریایی و ئاسمانی لە ئۆکراینا.
- سێیەم؛ کشانەوەی رووسیا لە هەموو خاکی ئۆکراینا، کە کۆنترۆڵی کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 20٪ـی رووبەری ئۆکراینا لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە.

ئەمریکا چی دەڵێت؟
سەبارەت بە خاڵی یەکەم، ئەمریکا دەڵێت باشترین لایەن کە بتوانێت گەرەنتیی جووڵەی داهاتووی رووسیا بکات، ئەورووپایە کە دراوسێی مۆسکۆ و کیێڤە، ئەوەش توانای لۆجستی گەورەی پێ دەدات کە رۆڵی گەرەنتیکار بگێڕێت.
سەبارەت بە داواکاریی بەردەوامی ئۆکراینا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ، ترەمپ بە کۆنکرێتی رەتی کردووەتەوە و دەڵێت بە هیچ شێوەیەک رازی بەوە نابێت.
ئیدارەی ترەمپ کێشەی لەگەڵ خاڵی دووەمدا نییە، بەڵام بە مەرجێك هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەگرێتەوە؛ سەبارەت بە سیستمی بەرگری دەریایی و ئاسمانی، واشنتن ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا لەو بارەیەوە.
سەبارەت بە کشانەوەی رووسیا، ترەمپ دەڵێت ئۆکراینا ناچارە رازی بێت بە لەدەستدانی بەشێك لەو خاکەی رووسیا لەو سێ ساڵە دا کۆنترۆڵی کردووە.
یەکێک لە هۆکاری دەمەقاڵەکەی نێو کۆشکی سپی؛ رازینەبوونی سەرۆکی ئۆکراینا بوو بە واژۆکردن لەسەر رێککەوتنی کانزا گرانبەهاکانی ئۆکراینا کە ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەیەوە سوود لە کانزا گرانبەهاکانی ئۆکراینا وەربگرێت لەبەرامبەر ئەو هاوکارییە لۆجستی و داراییانەی پێشکێشی کیێڤی کردووە.
ئەمریکا دەڵێت 350 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینای کردووە و کاتیەتی لە رێگەی رێککەوتنی کانزاکانەوە وەریگرێتەوە، زیلینیسکی داوای گەرەنتیی ئەمنی دەکات بەر لە واژۆکردنی رێککەوتنەکە.
لە نوێترین هەڵوێستیدا، ترەمپ رەخنەی لە زیلینیسکی گرتووە و بە کەسێكی خوازیاری شەڕ و دژەئاشتی ناوی بردووە، داوای گۆڕینی دەکات بە کەسێك کە ئامادەی ئاشتی بێت.
ئەورووپا
ئەورووپا ئۆکراینا بە بەشێك لە ئاسایشی خۆی دەبینێت بۆیە هەوڵدەدات لە رێگەی هاندانی وڵاتانییەوە، بەپەلە خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد بکەن تاوەکو بتوانن بەرەیەکی یەکگرتوو و بەهێز دروست بکەن و گەرەنتیی ئاسایشی ئۆکراینا و گەرەنتیی ئاگربەست و رێککەوتنی چاوەڕێکراوی ئاشتی بکەن.
بەریتانیا و فەرەنسا کە بە دوو وڵاتە بەهێزەکەی ئەورووپا ناسراون، ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بڵاوکردنی سەربازانیان لە ئۆکراینا، هەندێ وڵاتی دیکەی ئەورووپا پەسندی دەستپێشخەرییەکەیان کردووە، ئەگەرچی هێشتا کۆدەنگییەک لەنێو وڵاتانی دیکەی ئەورووپا دروست نەبووە.
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، کۆمسیاری باڵای یەکێتیی ئەورووپا کە بەهێزترین پۆستی نێو دامەزراوەکەیە، گوتی "پێویستە ئەورووپا بەپەلە دەست بە خۆپڕچەککردن بکات" هاوکات گوتیشی "دەبێت هەموو کیشوەری ئەورووپا ئامادەی خراپترین" بێت.
.jpg)
رووسیا
مۆسکۆ دەڵێت ئەگەر هەیە گفتوگۆ لەبارەی هەموو شتێک بکرێت، بەڵام "هەرگیز دەستبەرداری ئەو چوار هەرێمە: لۆهانسک، دۆنێتسک، خیرسۆن و زاپۆراژیا نابین" کە دەکەونە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. جگە لە نیمچە دوورگەی کریمیا کە رووسیا لە 2014ـەوە کۆنترۆڵی دەکات.
هەرچەندە رووسیا تەنیا هەرێمی لۆهانسکی بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کردووە و لە 50٪ـی هەر کام لە سێ هەرێمەکەی لەژێر دەستدایە، بەڵام مۆسکۆ دەڵێت هەر رێککەوتنێكی ئاشتی بەبێ لە خۆگرتنی 100٪ـی ئەو چوار هەرێمە، هیچ واتا و سوودێکی نییە.
پوتین دەڵێت، جگە لەو چوار هەرێمە، دەبێت کیێڤ واز لە بیرۆکەی ئەندامبوونی لە ناتۆ بهێنێت، چونکە هەنگاوێكی لەو جۆرە، هەڕەشە لە بوونی هەموو ئۆکراینا دەکات.
جگە لەوە، مۆسکۆ دژی بڵاوکردنی هێزی ئەورووپییە لەسەر سنووری رووسیا لە دیوی ئۆکرایناوە.
دوای دەمە قاڵەکەی ترەمپ وزێلینیسکی، ئەی ئێستا چی؟
ئەو لووتکەیە کە لە لەندەن بەسترا و بەریتانیا سەرۆکایەتیی کرد، دەکرێت شتێکی لێ سەوز ببێت، بە جۆرێك "نە شیش بسووتێت و نە کەباب."
کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت "لەندەن و پاریس بە هاوکاریی ئۆکراینا و چەند وڵاتێكی دیکە، پلانێك بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا ئامادەدەکەن و وردەکارییەکەی لە لووتکەی رۆژی 6-3-2025 لە برۆکسل تاوتوێ دەکرێت، پاشان بۆ ئیدارەی ترەمپ بەرزدەکرێتەوە، هەرچەندە لەیەکتێگەیشتنە سەرەتاییەکانی ئەمریکا و رووسیا بەتایبەتی لە دوای کۆبوونەوەی سەرەتاییان لە ریازی سعودییە ئەگەری رازیکردنی مۆسکۆ بەسەر کیێڤ، زیاتر دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ