ناسا تەلەسکۆپێک دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان کە دەتوانێت نەخشەی 450 ملیۆن گەلەئەستێرە بکێشێت

04-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناسا بەنیازە تەلەسکۆپێک بەناوی (سفیر ئێکس – SPHEREx) بنێرێتە بۆشایی ئاسمان، کە دەتوانێت نەخشەی زیاتر لە 450 ملیۆن گەلەئەستێرە بکێشێت.
 
تەلەسکۆپەکە ئەمڕۆ (سێشەممە، 04-03-2025) کاژێر 10:00ـی شەو بە کاتی کالیفۆرنیا (بەرەبەیانیی چوارشەممە بەکاتی هەولێر) رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکرێت.
 
تەلەسکۆپی سفیرئێکس لەماوەی 25 مانگدا، چوار جار سکانی هەموو ئاسمان دەکات [وێنەی دەگرێت]، ئەمەش بە ئامانجی کردنەوەی پەنجەرەیەک بۆ زانینی ئەوەی؛ گەردوون چۆن دروستبووە و گەشەی کردووە. 
 
وشەی SPHEREx کورتکراوەی (سپێکترۆ فۆتۆمیتەر بۆ مێژووی گەردوون، سەردەمی ئایۆنبوونەوە و لێکۆڵینەوە لە بەفر)ـە. دەرفەتێک دەداتە زانایان لێکۆڵینەوە بکەن کە گەردوون و گەلە ئەستێرەکان چۆن و لەچی پێکهاتوون، هەروەها چۆن گەشەیان کردووە.
 
شۆن داماگال گۆڵدمان، بەڕێوەبەری کاتی لە بەشی فیزیای گەردوونی لە ناسا گوتی "ئەم تەلەسکۆپە، وەڵامی پرسیارێکی بنچینەیی دەداتەوە؛ ''ئێمە چۆن تاوەکو ئێرە هاتووین؟"
 
سەرەتا بڕیاربوو تەلەسکۆپی سفیرئێکس پێنجشەممە هەڵبدرێت، بەڵام کاتەکەیان بۆ یەکشەممەی دواتر دواخست، ناسا رایگەیاند، بۆ ئەوەیە تیمەکان کاتی زیاتریان لەسەر پرۆسەی هەڵدانەکە هەبێت. ناسا هەر خۆی دواتر کاتەکەی بۆ رۆژی سێشەممە 04-03-2025 رێکخستەوە. بەکاتی هەولێر، تەلەسکۆپەکە رۆژی چوارشەممە 05-03-2025 کاژێر 6:00ـی بەیانی هەڵدەدرێت.
 
ناسا تەلەسکۆپەکە بە مووشەکی سپەیس ئێکس فالکۆن 9 هەڵدەدات، لەگەڵیشی چوار مانگی دەستکردی بچووک بۆ لێکۆڵینەوە لە خۆر رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات.
 
تێچووی تەلەسکۆپەکە 488 ملیۆن دۆلارە و نزیکەی 10 ساڵە کاری تێدا دەکرێت. تەلەسکۆپەکە دەتوانێت وێنەی گەردوونی لە 102 رەنگی تیشکی ژێر سوور بگرێت، پێشترهیچ تەلەسکۆپێک ئەو کارەی پێنەکراوە.
 
ئامێری تیشکی ژێر سوور بۆ ئەوە بەکاردێت، کە دەتوانێت گاز و تۆز ببڕێت و وێنەی ئەستێرە زۆر دێرینەکانی گەردوون بداتە دەست زانایان. چاوی مرۆڤ ناتوانێت وەک تیشکی ژێر سوور وێنە ببینێت، ئەمەش چونکە تیشکەکە شەپۆلی درێژتری لە چاوی مرۆڤ هەیە.
 
زانایان تەکنیکێک بەکاردەهێنن کە پێیدەگوترێت شیکاری تیشکی (spectroscopy) کە پشت بە تیشک دەبەستێت بۆ لێکۆڵینەوە لە پێکهاتە کیمیاییەکانی مادەیەک. زانایان دوای دەستکەوتنی وێنەکان، دەتوانن تیشکە ژێر سوورەکان لە ئەستێرە و گەلەئەستێرەکان جیابکەنەوە و بیانکەنە رەنگی جیاواز، هاوشێوەی تیشکی خۆر کاتێک بەر هاوێنەیەک دەکەوێت و دەبێتە گورزەیەک تیشکی بینراو.
 
تەلەسکۆپەکە هەروەها تیشکەکانی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی وێنەی سێ رەهەندی(3D)ـی ملیۆنان گەلەئەستێرە بگرێت و لە تایبەتمەندییان بکۆڵێتەوە.
 
جەیمی بۆک، مامۆستای فیزیا لە پەیمانگەی کالیفۆرنیا بۆ تەکنەلۆژیا و لێکۆڵەر لە سفیر ئێکس گوتی، ئەو تەلەسکۆپە دەکرێت چەندین پرسیاری وەڵامنەدراو لەبارە پێکهاتەی گەردوون وەڵامبداتەوە، هەروەها لێکۆڵینەوە لە بنەچەی ئاو و مادە ئەندامییەکانی دیکە بکات، کە لە گەلەئەستێرەی رێگەی کاکێشاندا مەلە دەکەن.
 
بۆک گوتی "لەکاتی جیاکردنەوەی تیشکەکان و دروستکردنی وێنەی سێ رەهەندی، دەتوانین دووریی گەلەئەستێرەکان بزانین و شوێن ئاویش بکەوین."
 
بەگوتەی ئەو زانا فیزیاییە، گەڕان بەدوای بنەچەی ئاو نەک تەنیا بۆ ئەوە بەسوودە کە چۆن ژیان لەسەر زەوی پەرەی سەندووە، بەڵکو کەڵکی ئەوەشی هەیە کە زانایان سەرەداوێکیان دەستکەوێت کە ژیان یان مادە بنچینەییەکانی ژیان لە کوێی دیکەی ئەو گەردوونە زەبەلاحەدا هەن.
 
تەلەسکۆپەکە بە جۆرێک پێشکەوتووە، دەتوانێت زانیاری لەسەر رووداوەکانی 13.8 ملیار ساڵ لەمەوبەر لە گەردوون کۆبکاتەوە و شیبکاتەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە