بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا: زیاتر لە 10 وڵات داوای گفتوگۆیان کردووە، بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوام دەبن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ وردەکاریی دانوستاندنەکانی نێوان شاندی ئەمریکا و شاندی ئێران لە مەسقەت و جنێڤ ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا هیچ جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ لایەنی ئێرانی نییە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیش بەردەوام دەبن. 
 
داواکارییەکانی ئەمریکا لە دانوستاندنەکان دا
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیدارەی ترەمپ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەڤانان لە واشنتن دی سی کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئامادە بوو، گوتی، شاندی ئەمریکا لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ شاندی ئێرانی ژمارەیەک داواکاری سەرەکی هەبوو کە ئەمانە بوون:
 
یەکەم: نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. 
 
دووەم: دەبێت ئێران 10 هەزار کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو لەنێوببات. 
 
سێیەم: دەبێت ئێران بۆ هەمیشە بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فوردو و ئیسفەهان دابخات. 
 
چوارەم: دەبێت ئێران واز لە پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارە نزیکەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت، لەوانەش حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن، حەماسی فەلەستین و گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراق. 
 
پێنجەم: دەبێ ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئاگاداری پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بێت. 
 
شەشەم: دەبێ ئێران رێگە بدات وڵاتانی ناوچەکە پرسی گرووپە چەکدارەکان و مووشەکانیان چارەسەر بکەن. 
 
وردەکاریی دانوستاندنەکان و "بێ هیوابوون"ی ئەمریکییەکان
 
لە مانگی شوباتدا سێ گەڕی دانوستاندن لەنێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوون. گەڕی یەکەم رۆژی 6ی شوبات لە مەسقەتی پایتەختی عومان، گەڕی دووەم رۆژی 17ی شوبات لە جنێڤی سویسرا و گەڕی سێیەم لە 26ی شوبات لە جنێڤ. 
 
بەرپرسەکەی ئەمریکا هەندێک لە وردەکارییەکانی نێو دانوستاندنەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، عێراقچی لە یەکەم کۆبوونەوەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران مافی خۆیەتی یۆرانیۆم بپیتێنێت و شاندی ئەمریکیش پێیان گوت: "ئێمەش مافی ئەوەمان هەیە بیوەستێنین و ئەو کارەش دەکەین".
 
بەرپرسەکە گوتی، شاندی ئێرانی بەڵێنی دا لە 5 تاوەکو 6 رۆژ دوای یەکەم کۆبوونەوە، رەشنووسی رێککەوتنێک ئامادە بکات، بەڵام بەو جۆرە نەبوو. بەرپرسانی ئەمریکی زانیان کە ئێرانییەکان دەیانەوێ هەموو شت دوابخەن.
 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە رایگەیاند، شاندی ئێران لە سێیەمین کۆبوونەوەیدا پێشنیازێکی 5 تاوەکو 7 لاپەڕەیی پێشکێش کرد کە سەرنجی لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئاشتیانە بوو لە 10 ساڵدا. پێشنیازەکە بۆ هەبوونی رێککەوتنێکی ئەتۆمی گشتگیر نەبوو، هەروەها ئێرانییەکان رەتیانکردەوە رێگە بدەن ئەمریکا پێشنیازەکە بداتە پسپۆڕان بۆ پێداچوونەوە و ئەوەش دەریخست کە ئێران ویستی رێککەوتنی نییە.
 
هۆکاری شکستی دانوستاندنەکان
 
بەرپرسەکەی ئیدارەی ترەمپ گوتی، دانوستاندنەکان لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە شکستیان هێنا.
 
یەکەم: ئەمریکا پێی وابوو تاران بە دیاریکردنی خشتەی کاتی وەک "سێ مانگ بۆ ساڵێک" خەریکی کات کوشتنە، بۆ ئەوەی دانوستانەکان بەرەو پرۆسەیەکی درێژخایەن ببات.
 
دووەم: ئێران 20 ساڵ بوو لەبارەی بەرنامەکەی گفتوگۆی دەکرد و ئەمریکییەکان دەیانگوت، دەبێ ئامادە بێت بۆ پێشکێشکردنی وردەکارییەکان.
سێیەم: دانوستاندنکارانی ئێران جەختیان لەوە دەکردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم پرسێکی "مافی نەتەوەیی و شکۆیە بۆ ئێران" و بەو هۆیەوە پێشنیازی ئەوەیان رەتکردەوە کە ئەمریکا سووتەمەنی ئەتۆمیان بە خۆڕایی بۆ دابین بکات.
 
بەرپرسەکەی ئیدارەی ترەمپ گوتی، لە دوایین گەڕی دانوستاندنەکاندا لە جنێڤ پێشنیازێکی چەند لاپەڕەیی لە لایەن شاندی ئێرانەوە پێشکێش کرا کە "هەندێ خاڵی باشی تێدا بوو" بەڵام "پڕبوو لە کونیش، هاوشێوەی پەنیری سویسری". هەربۆیە هیچ رێککەوتنێک بەدەست نەهات.
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیدارەی ترەمپ گوتی: "ئەگەر ئێران رێگەی پێبدرایە کە بەردەوام بێ لە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەوا دەیتوانی لە ماوەی یەک ساڵدا 1500 کیلۆگرام لە یۆرانیۆم بەرهەم بهێنێت کە ئەوە بەشی دروستکردنی 40 تاوەکو 50 بۆمبی ئەتۆمی دەکات".
 
بەرپرسەکەی ئەمریکا رایگەیاند، دوای سێ گەڕای دانوستاندن روون بووەوە ئێران ویستی سازشی نییە و تەنانەت دەیەوێ پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بەرفراوانتر بکات و هەربۆیە لایەنی ئەمریکی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی دانوستاندنەکان مانایان نییە. 
 
شەڕە و هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئێران نییە
 
لە رۆژی شەممە 28-2-2026ەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە و سەرکردەکانی چەندین وڵاتیش داوای راگرتنی شەڕ و گەڕاندنەوە بۆ دانوستاندنیان کردووە.
 
بەرپرسەکەی ئیدارەی ترەمپ لەو بارەیەوە گوتی، لەو رۆژەوە شەڕەکە دەستی پێکردووە هیچ جۆرە گفتوگۆیەک نییە، سەرەڕای ئەوەی 10 تاوەکو 12 وڵات هەوڵی نێوەندگیرییان داوە.
 
ئەو بەرپرسە رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەستی پێکردووە و دەبێت تاوەکو کۆتایی بڕوات".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو.وێنە: گرافیکی رووداو

دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی "دوایین و باشترین هەلی" واشنتنە بۆ رێگری لە ئێران تاوەکو نەبێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە جەنگ چووەتە رۆژی سێیەمەوە و ئاڵۆزییەکان تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە.