رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بە رێژەی 90٪ کەمیان کردووە، بەڵام تاران بە "خێراییەکی سەرسوڕهێنەر" ئەو بنکە ژێرزەوییانە چاکدەکاتەوە کە بۆردوومان دەکرێن و لە چەند کاژێرێکدا دەیانخاتەوەکار. ئەمەش گومان دەخاتە سەر ئەو بانگەشانەی پێنتاگۆن کە دەڵێت، توانای مووشەکیی ئێرانیان لەنێو بردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە رۆژی 3ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کرێکاران و تیمەکانی ئێران بەردەوامن لە هەڵکەندن و دەرهێنانی ئەو سەکۆ و بنکە ژێرزەوییانەی کە بە بۆمبی ئەمریکا و ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
رۆژنامەی Haaretzـی ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران شۆفڵ بەکاردەهێنێت بۆ هەڵدانەوەی ئەو سەکۆیانەی کەوتوونەتە ژێر خاک کە بەهۆی بۆردوومانەوە داپۆشراون و دوای چەند کاژێرێک دووبارە مووشەکیان لێوە هەڵدەدات.
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەڵێن، هەڵسەنگاندنی دروستی توانای مووشەکیی ئێران زۆر قورسە، چونکە تاران ژمارەیەکی زۆر "سەکۆی ساختە" بەکاردەهێنێت، بە جۆرێک ئەمریکا دڵنیا نییە چەند لەو سەکۆیانەی تێکشکاندوونی راستەقینە بوون یان ساختە.
کەمبوونەوەی هێرشەکان و قەبارەی زیانەکان
لە کاتێکدا پێنتاگۆن و کۆشکی سپی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێشکەوتنی گەورەیان دژی ئێران بەدەستهێناوە، ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "راستییەکان ئەمانەن: هێرشە بالیستی و درۆنییەکانی ئێران 90٪ کەمیان کردووە، هێزی دەریاییان بەتەواوی لەنێوچووە، دوو لەسەر سێی کارگەکانی بەرهەمهێنانیان زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون، هەروەها ئەمریکا و ئیسرائیل باڵادەستیی رەهای ئاسمانییان بەسەر ئێراندا هەیە."
پێنتاگۆن رایدەگەیێنێت کە لە ماوەی 5 هەفتەی جەنگدا، زیاتر لە 11 هەزار ئامانجیان لە نێو ئێران پێكاوە. پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکاش رایگەیاند: "لە 24 کاژێری رابردوودا کەمترین ژمارەی مووشەک و درۆن لەلایەن ئێرانەوە هەڵدراون."
توانای ئێستای ئێران چەندە؟
سەرەڕای کەمبوونەوەی هێرشەکان، ئێران هێشتا بڕێکی زۆر مووشەک و سەکۆی گەڕۆکی ماوە. بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی CNN، ئێران هێشتا نیوەی سەکۆ مووشەکییەکانی وەک خۆی ماون.
بەرپرسانی ئەمریکا و رۆژئاوا ئاشکرای دەکەن کە ئێران رۆژانە نزیکەی 15 بۆ 30 مووشەکی بالیستی و 50 بۆ 100 درۆنی خۆکوژی ئاراستەی ئیسرائیل دەکات. بەڵام مووشەکەکان بەشێوەی بەکۆمەڵ هەڵنادات، بەڵکو یەک یەک یان دوو دوو هەڵیان دەدات. بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا هۆکاری ئەمە بۆ هەبوونی درز و کێشە لەنێو حکومەتی ئێران و تێکچوونی سیستمی "فەرماندەیی و کۆنترۆڵ" دەگەڕێننەوە، کە وایکردووە نەتوانن ژمارەیەکی زۆر مووشەک بەیەکەوە هەڵبدەن.
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا پێیان وایە، ئێران بە مەبەست بەشێکی زۆر لە سەکۆکانی لە ئەشکەوت و بنکە ژێرزەوییەکاندا دەشارێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین توانای مووشەکیی خۆی بپارێزێت. ئەوان دەڵێن، ستراتیجیی تاران ئەوەیە ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت، بتوانێت بەردەوام بێت لە دروستکردنی گوشار، یان ئەگەر جەنگیش کۆتایی هات، بتوانێت هێشتا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ناوچەکە بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ