رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن لەوەی پێناچێت ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا بکاتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تاران ئەو تەنگەیە وەک "تاکە کارتی گوشاری کاریگەر" دەبینێت کە لە دژی واشنتن لە دەستیدا مابێتەوە.
سێ سەرچاوەی ئاگادار لە راپۆرتە هەواڵگرییەکان بە میدیاکانی ئەمریکایان راگەیاندووە، تاران بەردەوام دەبێت لە پەکخستنی تەنگەی هورمز بۆ ئەوەی نرخەکانی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە بەرزی بهێڵێتەوە، ئامانجی ئێران لەم هەنگاوە، گوشارخستنە سەر دۆناڵد ترەمپە بۆ ئەوەی رێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە بدۆزێتەوە کە پێنج هەفتەیە بەردەوامە.
چەکی "پەکخستنی گشتی" لەبری چەکی ئەتۆمی
عەلی وایز، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە گرووپی نێودەوڵەتیی قەیرانەکان، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەمریکا لە هەوڵیدا بۆ رێگریکردن لە ئێران بۆ دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ، چەکێکی دیکەی پێشکەش بە ئێران کرد کە ئەویش چەکی پەکخستنی گشتییە ."
وایز پێیوایە تاران تێگەیشتووە کە کۆنترۆڵکردنی بازاڕی وزەی جیهان لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە، زۆر کاریگەرتر و بەهێزترە تەنانەت لە چەکی ئەتۆمیش.
راپۆرتە هەواڵگرییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو شەڕەی ئامانج لێی لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران بوو، رەنگە لە راستیدا پێگەی تاران لە ناوچەکە بەهێزتر بکات، چونکە نیشانی دا کە دەتوانێت هەڕەشە لە گرنگترین رێڕەوی ئاویی جیهان بکات.
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە کە ترەمپ "دڵنیایە لەوەی تەنگەکە بەم زووانە دەکرێتەوە" و جەختیشی کردووەتەوە کە رێگە بە ئێران نادرێت دوای شەڕ کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئەو رێڕەوە ئاوییە بکات.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، ترەمپ پێیوایە وڵاتانی دیکە بەرژەوەندیی زۆر گەورەتریان لەوەدا هەیە کە رێگری لە داخستنی گەرووەکە بکەن، چونکە ئەوان زیاتر پشت بەو وزەیە دەبەستن کە لەوێوە تێدەپەڕێت.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان واشنتن و تاران پێ دەنێتە قۆناخێکی هەستیارەوە و هەردوولا هەوڵدەدەن کارتە بەهێزەکانی خۆیان بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەکاربهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ