دوو رۆژی دیکە ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە ترەمپ بۆ ئێرانی داناوە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار کوردە @diyarkurda
ئاڵای ئەمریکا
ئاڵای ئەمریکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژی دیکە ئەو وادەیەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێرانی داناوە کۆتایی دێت. بەقسەی دۆناڵد ترەمپ ئەگەر بۆ 6ی نیسان کاژێر 8ی ئێوارە بەکاتی واشنتن، ئێران گەرووی هورمز نەکاتەوە و رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا نەکات، سوپای ئەمریکا تەواوی وێستگە کارەباییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج و تەختی زەوییان دەکات.
 
ئەو دواوادەیە لەدوای ئەوە هات، کە ترەمپ پێشتر لە رۆژی 21ی ئادار تەنیا 48 کاژێری بۆ ئێران دانابوو، بەڵام دواتر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، ترەمپ نووسی، لەسەر داوای ئێران کاتەکەی درێژکردووەتەوە و گفتوگۆکانیشیان لەگەڵ ئێران بۆ رێککەوتن بەردەوامن.
 
ئێدمۆد غەریب، پسپۆڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەبارەی لێکەوتەکانی ئەم دۆخەوە دەڵێت: "سەرۆکی ئەمریکا لەژێر گوشاردایە بەهۆی چەندین هۆکار و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەسەر خەڵکی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی نرخی پەین و پێویستییەکانی دیکە بەهۆی داخرانی گەورووی هورمز، ئێرانییەکانیش لەژێر گوشاری وێرانبوونی ژێرخانەکەیاندان، بەڵام هێشتا گرژی زۆر لە ئایندەدا روودەدەن."
 
پێدەچێت، سەرۆکی ئەمریکا لەژێر گوشاری ئابووری و رەخنە نێوخۆییەکانی ئەمریکا ئەم هەڕەشانەی لە ئێران کردبێت، هاوکات بیەوێت هەرچی زووترە لەگەڵ ئێران رێککەوتنێک واژۆبکەن و لەم شەڕە بێتە دەرەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوەی لەسەر زەوی دەبیندرێت بەتەواوەتی بەدڵی ترەمپ و ئیدارەکەی نییە، لەلایەک ئێران هێشتا گەرووی هورمزی داخستووە، لەلایەکی دیکەوە ئامادەنییە رێککەوتنێک بکات کە بەدڵی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی بێت.
 
بەوپێییەش لە ئیدارەی ترەمپدا دەکرێت شتەکان بەخێرایی رووبدەن و پۆستێکی سەرۆک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموو سیاسەتی ئەمریکا بگۆڕێت، ئەمە وایکردووە بۆ شرۆڤەکارەکان و چاودێرەکانیش قورسبێت پشبینی بەردەوامبوونی شەڕ یان ئاشتی بکەن، بەڵام روونە دۆخی ئابووری ترەمپ بەرەو بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دەبەن.
 
دکتۆر یەریڤان سەعید، مامۆستای زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن، ئاماژە بە هۆکارە کاریگەرەکان دەکات و رایدەگەیێنێت: "لەسەردەمی ترەمپدا قورسە شرۆڤە یان پێشبینی بۆ هەموو شتەکان بکەیت، چونکە شتەکان زۆر پێشبینی نەکراون، لەگەڵ ئەوەشدا چەند هۆکارێک هەن کە وادەکەن ترەمپ بەرەو ئاشتی یان شەڕ بڕوات، یەکێک لەو هۆکارانەش کە زۆر گرنگە، پرسی ئابووری و هەڵاوسانە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری ئەمریکا و بۆرسەی ئەمریکا دەبێت، بۆیە ئەگەر ئاشتی یانیش دانوستانیش لەگەڵ ئێران بکرێت، دۆناڵد ترەمپ ئەو هۆکارانە لەبەرچاو دەگرێت."
 
بڕیاربوو دۆناڵد ترەمپ، بۆ پشووی ئەم هەفتەیە، واتە شەممە و یەکشەممە بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی لە فلۆریدا، بەڵام کۆشکی سپی راگەیاند، ترەمپ ئەم هەفتەیە ناچێتەوە ماڵەکەی خۆیی و لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە