رووداو دیجیتاڵ
دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-15 لە ئاسمانی ئێران، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی دەستبەجێیان بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەوانێکی بێسەروشوێن دەستپێکردووە. دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت، "هیوادارین زیانی پێنەگات، بەڵام ئێمە لە جەنگداین."
رۆژی هەینی، 3ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئیندیپێندێنت) رەتیکردەوە باس لەوە بکات کە کاردانەوەی وڵاتەکەی چی دەبێت ئەگەر فڕۆکەوانە بێسەروشوێنەکە بکەوێتە دەست هێزە ئێرانییەکان، تەنیا گوتی: "ناچمە نێو وردەکارییەکان، چونکە هیوادارین ئەوە روونەدات."
فڕۆکە جەنگییەکە کە دوو سەرنشینی هەبووە، لە ئاسمانی ئێران پێکراوە و فڕۆکەوانەکان ناچار بوون خۆیان هەڵبدەن. یەکێک لە فڕۆکەوانەکان لەلایەن تیمەکانی گەڕان و فریاگوزارییەوە دۆزراوەتەوە، بەڵام فڕۆکەوانی دووەم تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2003 و جەنگی عێراقەوە، فڕۆکەوانێکی ئەمریکی لەنێو خاکی "دوژمن"دا فڕۆکەکەی بخرێتە خوارەوە و بێسەروشوێن بێت.
هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی گەڕانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران داوا لە هاووڵاتییان دەکات هەر زانیارییەکیان لەسەر "فڕۆکەوانە دوژمنەکە" هەیە بە پۆلیس بدەن و بەڵێنی خەڵاتی گەورە بەو کەسانە دراوە کە دەستگیری دەکەن یان دەیکوژن.
لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ لە 28ی شوباتەوە فەرمانی هێرشە فراوانەکانی بۆ سەر ئێران دەرکردووە، ئەمە چوارەم فڕۆکەی جەنگی و شەشەم فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکییە کە تێکدەشکێت. هەر دوێنێ فڕۆکەیەکی دیکەی جۆری A-10 لەلایەن هێزە ئێرانییەکانەوە پێکرا، بەڵام فڕۆکەوانەکەی توانی خۆی بگەیێنێتە ئاسمانی کوێت و لەوێ بە سەلامەتی بنیشێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ