زیلینسکی: بە ئاگربەستە کورتەکە لە 'یارییەکانی' پووتیندا بەشدار نابین

04-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئەو ئاگربەستە سێ رۆژییەی کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاندبوو، بە "نمایشێکی شانۆیی" ناودەبات و دەڵێت، ئەو  ئاگربەستی کە کیێڤ دەیەوێت، ئاگربەستێکی گشتگیری بەردەوامە.
 
مۆسکۆ رایگەیاند، ئامانج لە ئاگربەستەکە، کە بڕیاربوو هاوکات بێت لەگەڵ یادکردنەوەکانی جەنگی دووەمی جیهانی لە 9ی ئایار، تاقیکردنەوەی "ئامادەیی" کیێڤ بوو بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن، هەروەها زیلینسکیی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت "هەڕەشەی راستەوخۆ" بۆ سەر رۆژی یادکردنەوەی جەنگی دووەمی جیهانی دروستبکات.
 
پێشتر کرێملین ئاگربەستێکی بێمەرجی 30 رۆژەی رەتکردەوە کە لە مانگی ئادار لەلایەن کیێڤ و واشنتنەوە پێشنیاز کرابوو و لەوکاتەوە پووتین سازشێکی کەمی پێشکەش کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە کە سێ ساڵە بەردەوامە.
 
زیلینسکی گوتی: "ئەمە زیاتر نمایشێکی شانۆییە بۆ پووتین، چونکە لە ماوەی دوو یان سێ رۆژدا، مەحاڵە پلانێک بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی کۆتاییهێنان بە جەنگ دابنرێت."
 
سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی هەینی ئەم قسانەی بۆ گرووپێکی بچووکی رۆژنامەڤانان کرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رۆژی شەممە بڵاوکردنەوەیان راگیرابوو.
 
بەشێکی ئۆکراینییەکان دەڵێن، مەبەست لە ئاگربەستە پێشنیازکراوەکە رێگریکردنە لە کیێڤ لە تێکدانی ئاهەنگەکانی ساڵیادی جەنگی دووەمی جیهانی، کە بڕیارە سەرکردە بیانییەکان لە مۆسکۆ ئامادە بن بۆ بینینی نمایشێکی سەربازی لە گۆڕەپانی سوور و گوێگرتن لە گوتارێکی پووتین.
 
زیلینسکی گوتی ئۆکراینا "بەشداری ئەو یارییانە ناکات کە ئامانج لێی دروستکردنی کەشێکی خۆشە بۆ پووتین تاوەکو 9ـی ئایار لە گۆشەگیری دەربچێت".
 
دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین، بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئامانج لە ئاگربەستەکە تاقیکردنەوەی "ئامادەیی کیێڤە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی درێژخایەن و بەردەوام".
 
بەرپرسانی ئۆکراینی رایانگەیاند، رۆژی شەممە تۆپبارانی رووسیا بووە هۆی کوژرانی دوو کەس لە هەرێمی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، هاوکات هێرشێکی درۆن بۆ سەر شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکراینا کەسێکی دیکەی کوشت.
 
هەروەها دەسەڵاتدارانی رووسیا ئۆکراینایان تۆمەتبار کرد بە هێرشێکی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری نۆڤۆڕۆسیسک لە باشوور، کە بووە هۆی زیانگەیاندن بە چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و برینداربوونی پێنج کەس.
 
"ناتوانین بەرپرسیارێتی هەڵبگرین"
 
بەگوێرەی کرێملین، سەرکردەی نزیکەی 20 وڵات، لەنێویاندا شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بانگهێشتنامەیان بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی 9ی ئایار قبووڵ کردووە.
 
زیلینسکی گوتی، هەندێک وڵات پەیوەندییان بە کیێڤەوە کردووە بۆ ئاگادارکردنەوەیان لەوەی گەشت بۆ رووسیا دەکەن و داوای دڵنیایی سەلامەتییان کردووە.
 
ئەو گوتی: "هەڵوێستی ئێمە زۆر سادەیە بەرامبەر هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە 9ی ئایاردا گەشت دەکەن بۆ رووسیا، ئێمە ناتوانین بەرپرسیارێتی ئەوە هەڵبگرین کە لە خاکی رووسیادا روودەدات."
 
زیلینسکی گوتی: "ئەوان [رووسەکان] دڵنیایی لە سەلامەتی ئێوە دەدەن،"بەڵام هۆشداریدا کە رووسیا "رەنگە چەندین هەنگاوی جۆراوجۆر بنێت، وەک سووتاندن، تەقینەوە و بابەتی لەو جۆرە و پاشان تاوانەکە بخاتە ئەستۆی ئێمە".
 
زیلینسکی ئاشکرای نەکرد ئۆکراینا لە ماوەی ئاگربەستەکەدا چی دەکات، بەڵام رووسیا لە وەڵامی ئەو قسانەدا کیێڤی تۆمەتبار کرد بە دروستکردنی "هەڕەشەیەکی راستەوخۆ" بۆ سەر ئاهەنگەکانی یادکردنەوە.
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە تەلەگرامەوە گوتی: "ئەو [زیلینسکی] هەڕەشە لە سەلامەتیی جەستەیی ئەو سەربازە دێرینانە دەکات کە لەو رۆژە پیرۆزەدا دێن بۆ نمایش و ئاهەنگگێڕان." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "لێدوانەکەی ئەو بێگومان، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە."
 
بەرپرسانی رووسیا بەڵێنیان داوە ئاهەنگی گەورە بەو بۆنەیەوە سازبکەن.
 
هێزەکانی رووسیا لە چەندین بەرەی جەنگەوە پێشڕەویی سەختیان کردووە، هەروەها مۆسکۆ و کیێڤ هەردووکیان هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر یەکدی چڕتر کردوونەتەوە.
 
ئەمریکا هۆشداریداوە کە رەنگە واز لە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیریی ئاگربەست بهێنێت ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەکات.
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی رابردوو گوتی، واشنتن بەدوای "ئاگربەستێکی تەواو و بەردەوام و کۆتاییهێنان بە ململانێکەدا" دەگەڕێت، نەک "ساتێکی سێ رۆژە بۆ ئەوەی بتوانێت ئاهەنگی شتێکی دیکە بگێڕیت".
 
برووس گوتی کە لە کۆتاییدا بڕیارەکە لای ترەمپ دەبێت بۆ ئەوەی یەکلایی بکاتەوە ئایا لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوام دەبن یان نا.
 
"بینینی شتەکان بە شێوەیەکی جیاواز"
 
ترەمپ لەوەتەی دەستبەکاربووە، گۆڕانکاریی گەورەی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر رووسیا کردووە و دەستپێشخەری کردووە بۆ لێک نزیکبوونەوە لەگەڵ کرێملین.
 
یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەو سیاسەتەوە ئەوە بوو کە لە 28ـی شوبات، ترەمپ و زیلینسکی لە کۆشکی سپی، بە بەرچاوی کامێراکانەوە، بە رووی یەکدا هەڵشاخان، لە کاتێکدا بڕیار بوو لەوێ قسە لەسەر رێککەوتنێک بکەن بۆ ئۆکراینا لە بەرامبەر پشتیوانیی بەرگری، کانزاکانی بە ئەمریکا بدات.  
 
بەمەش بە گفتوگۆیەکی تووندی بەرچاوی کامێرا لە نێوان ترەمپ و زیلینسکی لە کۆشکی سپی لە 28ـی شوبات گەیشتە لووتکە، کە بڕیار بوو هەردوو سەرکردە رێککەوتنێکی کانزایی واژۆ بکەن کە دەستڕاگەیشتنی ئەمریکای بە سەرچاوەکانی ئۆکراینا دەدا لە بەرامبەر دابینکردنی هەندێک پارێزگاریدا.
 
پاش ئەو رووداوە، ئۆکراینا دانوستاندنی لەسەر رێککەوتنەکە کرد. بە پێی رێککەوتنەکە واشنتن و کیێڤ بە هاوبەشی پەرە بە سەرچاوە کانزاییە گرنگەکانی ئۆکراینا دەدەن و وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
 
زیلینسکی رۆژی هەینی گوتی، رێککەوتنەکە بە سوودی هەردوو لایە و بەرژەوەندییەکانی ئۆکراینای پاراستووە، سەرەڕای ئەوەی کە رێککەوتننامەکە هیچ گەرەنتییەکی ئەمنیی کۆنکرێتی پێشکەش بە کیێڤ ناکات.
 
راگەیاندنی تەواوکردنی رێککەوتنەکە دوای کۆبوونەوەیەکی نێوان ترەمپ و زیلینسکی هات کە لە کۆتایی مانگی نیسان، پێش مەراسیمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس لە ڤاتیکان کرا، کە یەکەم دیداریان بوو لە دوای دەمەقالێکەیان.
 
زیلینسکی رۆژی هەینی گوتی: "ئێمە باشترین گفتوگۆمان کرد لە چاو هەموو ئەوانەی پێشتر. من دڵنیام کە دوای کۆبوونەوەکەمان لە ڤاتیکان، سەرۆک ترەمپ دەستی کرد بە بینینی شتەکان بە شێوەیەکی تا رادەیەک جیاوازتر."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا