داواکاری گشتیی شتوتگارت بۆ رووداو: بەیاساییکردنی حەشیش کاری دەزگا ئەمنییەکانی زەحمەتتر کردووە

04-05-2025
کەهی مەحموود
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

داواکاریی گشتیی شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیاساییکردنی بەکارهێنانی بە مەرجی حەشیش لەو وڵاتە، بارگرانی لەسەر دامودەزگە ئەمنی و دادوەرییەکان کەمنەکردووەتەوە، بەڵکو کاری داواکاریی گشتیی شارەکەی زەحمەتتر کردووە و ئاڵنگاری نوێی دروستکردووە. 
 
یاساکە کە نیسانی پار چووە واری جێبەجێکردنەوە، رێگە بە کەسانی تەمەن 18 ساڵ و بەرەو سەر دەدات لە هەلومەرجی دیاریکراودا حەشیش بەکارببەن. 
 
د. پاتریک فێنلە، جێگری گوتەبێژی داواکاریی گشتیی شتوتگارت لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداودا ئاماژەی بەوە کرد، هیچ گوشارێک لەسەر فەرمانگەکەیان کەمنەبووەتەوە. 
 
پاتریک فێنلە دەڵێت، لەو کاتەوەی یاساکە لە نیسانی 2024ـەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، "پێداچوونەوەمان بە نزیکەی 7 هەزار دۆسیەی تاوانی پەیوەندیدار بە حەشیش کردووە کە پێشتر بە گوێرەی یاسای کۆنی مادەی هۆشبەر بڕیاریان لەسەر درابوو". 
 
بە گوێرەی یاساکە، کەسانی پێگەیشتوو (هەژدە و بەرەو سەر) لە دەرەوەی ماڵەکانیان دەتوانن 25 گرام حەشیش لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن و تاوەکو 50 گرامیان لە ماڵەوە هەبێت؛ هەروەها دەتوانن سێ نەمامی حەشیش بچێنن، بەو مەرجەی حەشیشەکە تەنیا بۆ خۆیان بەکاربێنن و نەیفرۆشن. 
 
گوتەبێژی داواکاری گشتیی شتوتگارت ئاماژە بەوە دەکات، دوای دەرچوونی یاسا نوێیەکە، ئەوان ناچاربوون پێداچوونەوە بۆ یەک بە یەکی ئەو دۆسیانە بکەن کە پێشتر بە یاسای کۆن سزادرابوون، بۆ ئەوەی ئەگەر تۆمەتبارێک سزای بۆ دەرکرابێت و ماوەی سزاکەی مابێت، لە زیندان دەربهێندرێت.  
 
د. فێنلە باس لەوە دەکات، ئەم کارەیان ماندووبوونی زۆری پێویستە. 
 
هەروەها لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، ئەوانەی پێشتر بە حەشیش تاوانبارکرابوون، رێگەیان پێدراوە لە تۆماری سیستمی دادوەریی فیدراڵیی ئەڵمانیا، داوای سڕینەوەی پێشینەی تاوان بکەن. 
 
گوتەبێژی داواکاری گشتیی شتوتگارت دەڵێت: "نووسینگەی داواکاری گشتی، وەک دامەزراوەی چەسپاندنی یاسا، دەبێت پێداچوونەوە بۆ هەموو داواکاری و دۆسیەکان بکات." 
 
د، فێنلە روونی دەکاتەوە، وێڕای ئەوەی یاسا نوێیەکە ئەو سکاڵایانەی کەمکردوونەتەوە کە لەسەر بەکاربردنی بڕی کەمی حەشیش تۆماردەکرێن، بەڵام خودی یاساکە بارگرانیی بۆ سەر دامەزراوەکان زیادکردووە. 
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "هەندێ جار رێکاری یاسایی ناڕوون پێویستی بە فەرمان و بڕیاری دادگا باڵاکان هەیە، کە ئەوەش گوشاری زیاتر دەخاتە سەر سیستمی دادوەری."
 
هەروەها باس لەوە دەکات، بەهۆی گۆڕانکارییەکان، لێکۆڵینەوەکانیش زەحمەت بوون؛ دەشڵێت: "لێکۆڵینەوە زەحمەت بووە، چونکە هەندێ ئامرازی لێکۆڵینەوە، وەک چاودێریکردنی تەلەفۆن، چیدیکە بۆ هەندێ سەرپێچی دیاریکراو رێگەپێدراو نین."
 
بە گوتەی د. فێنلە، چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە لەو بازرگانانەش سەختتر بووە کە بڕێکی کەمتری حەشیش دەفرۆشن. 
 
لەبارەی کاریگەریی یاسا نوێیەکە لەسەر گەنجان، د. فێنلە روونی دەکاتەوە، ئەگەرچی تۆمارکردنی تاوانی پەیوەندیدار بە حەشیش لەسەر گەنجان لە ئەنجامی بەیاساییکردنی هەبوونی بڕی سنوورداری حەشیش کەمبووەتەوە، مەرج نییە بەکاربردنی مادە بێهۆشکەرەکە لە لایەن گەنجانەوە کەم بووبێتەوە. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانی، لەو کاتەوەی یاسا نوێیەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەکاربردنی حەشیش لە شتوتگارت 13٪ زیادیکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.