رووداو دیجیتاڵ
حەوت سیناتۆری کۆماریی ئەمریکا داوایان لە جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کردووە، ڤیزا نەداتە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، کە دەیەوێت لە نیویۆرک بەشداری لە کۆبوونەوەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
ئەو حەوت سیناتۆرە لە نامەکەیاندا گوتوویانە، لە کاتێکدا ئیبراهیم رەئیسی دەستی لە کوشتنی گیراوانی سیاسیی ئێران لە ساڵی 1988دا هەبووە، حکومەتی ئێران هەوڵێکی بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئەمریکی دەستپێکردووە، ئیبراهیم رەئیسی لە ناوخۆدا درێژە بە سەرکوتکردن دەدات و سوپای پاسداران لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکادایە، "مۆڵەت دان بە گەشتی ئیبراهیم رەئیسی و هاوکارەکانی بۆ ئەمریکا هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکە."
مارکۆ رۆبیۆ، تام کاتن، تێد کروز، مارشا بلەکبێرن، ریک سکات، جۆنی ئەرنێست و چاک گرەسلی ئەو حەوت سیناتۆرەن نامەکەیان واژۆ کردووە. ئەوان دەڵێن، پێشتریش سەرۆککۆمارەکانی ئەمریکا داواکاریی بەرپرسانی وڵاتانی دیکەیان بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا رەتکردووەتەوە.
عەلی بەهادۆری جەهرۆمی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران 02-08-2022 رایگەیاند، ئامادەکاریی سەرەتایی کراوە بۆئەوەی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشداری بکات.
لە کۆبوونەوەکانی ساڵی رابردووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەجێی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران؛ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداریی کرد.
ساڵی رابردوو ژمارەیەک سیناتۆری کۆماریخواز داوایان لە جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا کردبوو رێگە نەدات ئیبراهیم رەئیسی سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ساڵی 2019 ڤیزای بە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران نەدا بۆئەوەی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرک بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ