رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران دەربڕی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل و تاران گورزی تووند لە یەکدی دەوەشێنن و لوبنانیش بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی ئێرانی دا.
دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، سەرکردایەتیی ئێستا ئێران "خەڵات" یان "دیارییەکی گەورە"یان پێشکەشی ئەمریکا کردووە کە بەهایەکی یەکجار زۆری هەیە. ترەمپ گوتی: "دوێنێ کارێکی سەرسوڕهێنەریان کرد، دیارییەک گەیشت کە پەیوەندی بە نەوت و گازی ناو تەنگەی هورمزەوە هەیە. ئەمە بۆ من یەک مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانی دروستدا دەکەین."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن، مۆڵەتی پێنج رۆژی دابووە تاران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەگەرنا وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە وێران دەکات.
سەرەڕای گەشبینییەکانی ترەمپ بۆ دیپلۆماسی، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئەمریکا پلانی هەیە سێ هەزار سەربازی دیکە لە تیمی بژاردەی فەوجی 82ـی ئاسمانی رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات. ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر هەڵکشانێکی وشکانی دەبینرێت.
پلانی 15 خاڵی بۆ ئاگربەست
بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، نێردەکانی ترەمپ پێشنیازی ئاگربەستێکی یەک مانگییان کردووە. پلانەکە لە 15 خاڵ پێکدێت و گرنگترینیان بریتین لە:
قەدەخەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناو خاکی ئێران.
کردنەوەی تەواوەتیی تەنگەی هورمز.
لە بەرامبەردا، سووکردنی سزاکانی سەر ئێران.
لێدانی بووشەهر و نکۆڵی لە گفتوگۆ
ئێران رایگەیاند، بۆ دووەمجار وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر کەوتووەتە بەر هێرش، ئەمەش وایکرد ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی داوای "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن" بکات.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی لەگەڵ واشنتن رەتکردەوە و ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت یاری بە بازاڕی نەوت بکات.
دەرکردنی باڵیۆزی ئێران
حکومەتی لوبنان لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا فەرمانی بە باڵیۆزی ئێران دا تاوەکو رۆژی یەکشەممە خاکی وڵاتەکەی جێبهێڵێت، ئەوەش بە تۆمەتی دەستوەردان و بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنەکانی حیزبوڵڵا.
ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان تاوەکو رووباری لیتانی چڕتر کردەوە. ئاماری کوژراوانی لوبنان گەیشتە هەزار و 72 کەس و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون. لە دوایین هێرشدا، منداڵێکی تەمەن 3 ساڵان لە ناو کوژراوەکاندا بوو.
دۆخی ناوچەکە و نرخی نەوت
سعودیە، ئیمارات، بەحرێن و کوێت رایانگەیاند، چەندین هێرشی نوێی درۆنی و مووشەکیی ئێرانییان لە ئاسماندا تێکشکاندووە. لە ناو تارانیش خەڵک دەڵێن دەنگی تەقینەوە و مووشەک بووەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەیان و تەنیا خەمیان ئەوەیە ژێرخانی وزەی وڵاتەکەیان تێکنەچێت.
نرخی نەوتی برێنت دوای دابەزینەکەی دوێنێ، جارێکی دیکە رووی لە بەرزبوونەوە کردەوە و گەیشتەوە سەرووی 100 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ