سەرکردەی "مافیای کورد" لە فینلاندەوە دیپۆرت دەکرێتەوە

04-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەزگەی کۆچبەرانی فینلەندا (میگری) رایگەیاند، بڕیاریان داوە میلان جاف دیپۆرتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە. میلان پێشتر لە فینلاند راپەر بووە و سەرۆکایەتیی گرووپێکی تاوانکاری کردووە و بەوهۆیەوە چەندین سزای قورسی بەسەردا سەپێندراوە. جگە لەوەش گەشتی چوونە نێو وڵاتانی ئەورووپای لێ قەدەخە کراوە.
 
بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی میلان جاف دوای ئەوە هات، کە دادگە مافی مانەوەی لەو وڵاتە لێوەرگرتەوە و رایگەیاند، ئێستا دۆخی عێراق بەراورد بەو کاتەی کە میلان داوای مافی مانەوەی کردووە باشترە و هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی لە فینلاند نەماوە. 
 
میلان جاف، کە بەپێی میدیای فینلاند، مێژوویەکی درێژی تاوانکاریی لەو وڵاتەدا هەیە، لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی گشتی و کۆمەڵگە دەبینرێت. 
 
ئەو تاوانانەی کە تائێستا بەسەر میلان ساخکراونەتەوە بریتین لە هەوڵی کوشتن، دزی گەورە، دەستدرێژی سێکسی و سەرکردایەتیکردنی گرووپێک بە ناوی "مافیای کورد"
 
پاشخانی تاوانکاری
 
میلان جاف یەکەمجار وەک سەرکردەی گرووپی "مافیای کورد" ناوبانگی دەرکرد، کە تۆمەتی تووندووتیژی و تاوانی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەری دەدرێتە پاڵ.
 
لە ساڵی 2022، دادگەی ناوچەی هیڵسنکی، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر میلان جافدا سەپاند، دوای ئەوەی تاوانی "هەوڵدان بۆ کوشتن"ـی بەسەردا ساخکرایەوە. لە ساڵی 2023، دادگەی تێهەڵچوونەوە سزاکەی کەمکردەوە بۆ شەش ساڵ و دوو مانگ.
 
لە دۆسیەیەکی دیکەدا، میلان جاف بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنێکی پێگەیشتوو تاوانبار کرا. هەروەها بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر منداڵێکی تەمەن 13 ساڵ تاوانبار کرابوو، بەڵام دادگەی تێهەڵچوونەوە دواتر ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنەکەی پەسند کرد. بەو هۆیەوە میلان جاف سزای دوو ساڵ و 8 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. بە لەبەرچاوگرتنی سزاکانی پێشووی، ئەم سزایانە وایکرد چەندین ساڵ لە زینداندا بمێنێتەوە.
 
میلان سزای زیندانیکردنەکەی لە مانگی ئابی 2025 تەواو کرد. بەڵام یەکسەر دوای ئازادبوونی لە زیندانی تورکو، پۆلیس دووبارە دەستگیری کردەوە و گواستیەوە بۆ یەکەی دەستبەسەرکردنی یۆتسینۆ و ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت کە رووبەڕووی دیپۆرتکردنەوە دەبنەوە.
 
رێکارە یاساییەکان و دەستبەسەرکردن
 
دادگەی ناوچەی هیڵنسکی دووجار لەسەر داوای پۆلیس ماوەی دەستبەسەرکردنی میلانی درێژکردووەتەوە، بەو پاساوەی کە ئەگەر ئازاد بکرێت، لەوانەیە هەوڵ بدات کە خۆی بشارێتەوە و پۆلیس نەتوانێت دیپۆرتی بکاتەوە. 
 
میلان جاف لە دادگەی کارگێڕی هێڵسنکی تانەی لە بڕیارەکەی دەزگای کۆچبەران بۆ دیپۆرتکردنەوەی داوە. دادگە هێشتا وەڵامی تانەکەی نەداوەتەوە، بەڵام ئەگەر رەتیبکاتەوە، رەنگە دەستبەجێ دیپۆرت بکرێتەوە. 
 
قەدەخەی گەشتکردن
 
جگە لە دیپۆرتکردنەوە، دەزگەی کۆچبەرانی فینلاند قەدەخەی گەشتی بەسەر میلاندا سەپاندووە کە رێگری دەکات لەوەی بچێتە ناوچەی شنگن و سەرجەم وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا. 
بەرپرسانی فینلاند ئەو بڕیارەیان بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتیی گەڕاندووەتەوە. 
 
لە مۆسیقاوە بۆ تاوان
 
میلان جاف پێشتر هەوڵی دابوو وەک راپەرێک کار بکات، بەڵام ناوەکەی زیاتر بە تاوانەوە بەسترایەوە نەوەک میوزیک. 
لە دۆسیەی "مافیای کورد" میلان جاف وەکو کەسیایەتییەکی سەرەکی دۆسیەکە ناسێندرا و ناوبانگی وەک یەکێک لە دیارترین سەرۆک گرووپە تاوانکارییەکانی فینلاند دەرکرد.
 
چی روودەدات؟
 
ئەگەر دادگەی کارگێڕی بڕیارەکەی دەزگەی کۆچبەران پەسند بکات، فینلاند میلان جاف دیپۆرتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. بەرپرسانی فینلاند جەختیان لەوە کردووەتەوە کە باشتربوونی دۆخی عێراق، هیچ پاساوێکی مرۆیی بۆ مانەوەی لە فینلاند نەهێشتووەتەوە. 
 
میلان ئێستا لە زیندانی یەکەی دەستبەسەرکردنی یۆتسینۆ ماوەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری تانەکەی دەکات. دۆسیەکەیشی مشتومڕێکی زۆری لە فینلاند لێکەوتووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە