حاکمی چەند ویلایەتێک وەڵامی ترەمپ دەدەنەوە: ساختەکاری نەکراوە

04-11-2020
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرس و حاکمی هەرسێ ویلایەتی جۆرجیا، پەنسلڤانیا و میشیگن قسەیان بۆ میدیاکان کرد و رایانگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن لە ویلایەتەکانیان بەبێ کێشە بەڕێوەچوو، ساختەکارییش ئەنجامنەدراوە. پێشبینیش دەکەن ئەنجامی ئەو دەنگانەی کە لەڕێگەی پۆستەوە دراون پێش رۆژی هەینی رابگەیێندرێن.
 
تۆم وۆڵف، حاکمی پەنسلڤانیا گوتی، هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لە ویلایەتەکەیان بەڕێوەچوو، دووربوو لە دەستی دەرەکی، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بە تووندی بەرگری لە دەنگی ویلایەتەکەیان دەکەن ئەگەر هاتوو هێرشی کرایە سەر؛ سەبارەت بە دواکەوتنی هەژمارکردنی دەنگەکانیش باسی لەوە کرد کە ئەوە "نیشانەی ئەوەیە کە ئەم سیستەمە کاری خۆی دەکات".
 
لیزا ماری، بەرپرسی کۆمیسیۆنی فیلادلفیا دڵنیایی دا لەوەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەبێ کێشە بەڕێوەدەچن، بەڵام کاتی کۆتاییهاتنی جیاکردنەوەی دەنگەکان کاتی دەوێت.
 
سەبارەت بەوەی کە ترەمپ دەڵێت شەڕی درەنگکەوتنی جیاکردنەوەی ئەو دەنگانەی بە پۆستە دراون دەبەنە دادگای باڵا، میچ مکۆنێل، سەرۆکی زۆرینە کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیران گوتی "دادگا بڕیار لەسەر پرسە جێناکۆکەکان دەدات، لەم وڵاتەدا بەم شێوەیە کێشەکان چارەسەردەکرێن".
 
میچ مکۆنێل لەوەدا دۆناڵد ترەمپ بە هەڵە دەزانێت کە زووتر لەکاتی خۆی سەرکەوتنی راگەیاند، دانی بەوەشدا نا کە کاتی دەوێت تاوەکو هەموو ویلایەتەکان هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان تەواودەکەن.
 
جۆسیلین بینسن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتی میشیگن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هەموو دەنگێک دەژمێرن و هەژماریشی دەکەن "گەشبینم کە تا درەنگانی ئەمڕۆ زۆربەی دەنگەکان جیاکراونەتەوە".
 
دروستبوونی ئەو هەموو کار و کاردانەوانە دوای ئەوە دێن کە جۆ بایدن بە درێژایی 12 کاژێری رابردوو لە هەرسێ ویلایەتی میشیگن، ویسکەنسن و نێڤادا پێش ترەمپ کەوتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا، بەبێ ئەو سێ ویلایەتە، دەنگی نوێنەرانی بایدن 238 دەنگ بوون، دەنگی نوێنەرانی ترەمپ 213 دەنگ بوون. ئەگەر هەرسێ ویلایەتەکە یەکلاییکرانەوە و لە بەرژەوەندیی بایدن بوون، کە پێشبینی دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا ئەنجامەکان یەکلاببنەوە، ئەوا دەنگی بایدن 270 دەنگی نوێنەران تێدەپەڕێنێت کە زۆرینەیە بۆئەوەی ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا.
 
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا نزیکەی 100 ملیۆن کەس تەنیا لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا دەنگیاندا، ئەمەش نزیکەی 70%ی کۆی دەنگەکانی هەڵبژاردنی 2016یە، زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە لەڕێگەی پۆستەوە دەنگیانداوە، ترەمپ دژی ئەم جۆرە دەنگدانە بوو، چونکە گەڕاندنەوەی دەنگەکان بۆ مەبەستی ژماردن و جیاکردنەوە پێویستی بە کاتە و ترەمپیش ترسی هەیە لەو ماوەیەدا ساختەکاری بکرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژێک دوای هەڵبژاردن لە گومانەکانی لە پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی بەردەوام بوو، ترەمپ لە تویتەر گوتی خەریکن لە هەموو شوێنێک دەنگ بۆ بایدن کۆدەکەنەوە، ترەمپ دەڵێت لە پەنسلڤانیا، ویسکەنسن و میشیگن دەنگ بۆ بایدن کۆدەکرێتەوە، دەشڵێت "ئەمە بۆ وڵاتەکەمان زۆر خراپە".
 
وۆلفی میگان، بەرپرسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ویسکەنسن دوای ئەم تۆمەتەی ترەمپ هاتە سەر هێڵ و گوتی "بە هیچ شێوەیەک ساختەکاری لە ویسکەنسن ئەنجامنەدراوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە