ملیاردێرێکی هیندی داوا لە گەنجانی وڵاتەکەی دەکات هەفتانە 70 کاژێر کار بکەن

04-11-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەسێک دەبێت رۆژانە چەند کاژێر کار بکات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە چەند رۆژێکە گەورە و بچووکی هیندستان سەرقاڵی وەڵامدانەوەین، چونکە ملیاردێرێکی ئەو وڵاتە داوای کردووە، گەنجەکانیان هەفتانە 70 کاژێر کار بکەن.
 
70 کاژێرەکە ئەگەر هەفتەی پێنج رۆژ کار بکرێت دەکاتە 14 کاژێری رۆژانە، ئەوەش نزیکە لە دوو هێندەی ئەوەی ئێستا هەیە. 
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر، نەرایانا مورسی، ملیاردێری هیندستانی و خاوەن چەندین کۆمپانیای بواری پەرەپێدانی سۆفتوێر، لە پۆدکاستێکدا رایگەیاند، "ئیش و کار لە هیندستان لەوانەن کەمترین بەرهەمیان هەیە لەسەر ئاستی جیهان، لەبەرئەوە دەبێت گەنجەکانمان ئامادە بن لە هەفتەیەکدا 70 کاژێر کار بکەن بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بەرەوپێش بچێت."
 
ئەو ملیاردێرە گوتی، "مەگەر بەرهەمی ئیش و کارەکان لە هیندستان گەشەپێبدەن، ئەگەر نا ناتوانین رکابەریی وڵاتانی زۆر پێشکەوتوو بکەین،" رێگە چارەسەریشی بۆ ئەمە ئەوە بووە، کاتی ئیشکردن بۆ نزیکەی دوو هێندە زیادبکرێت. 
 
لەدوای ئەم لێدوانە، نەرایانا مورسی پشتیوانی و رەخنەی زۆری پێگەیشت، لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیش خەڵکێکی زۆر بەو هۆیەوە باسیان لە ژینگەی شوێنی کار و چاوەڕوانییەکانی کارمەند و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار کردووە.
 
بەشێک لە رەخنەکان باس لە کەمیی مووچەی دەستپێکی کۆمپانیاکانی هیندستانیان کردووە، لەناویاندا کۆمپانیای Infosys کە مورسی خۆی یەکێکە لە دامەزرێنەرەکانی.
 
بەشێکی دیکە، تیشکیان خستووەتە سەر ئەو زیانە دەروونییانەی کە دەکرێت بەهۆی کاژێری زۆری کارکردنەوە کەسێک تووشی ببێت.
 
هەر لەسەر ئەم بابەتە، دیپاک کریشنامورسی، کە پزیشکێکی نەخۆشییەکانی دڵە لە شاری بەنگالوروی هیندستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی: "بەم شێوازە کەس کاتی نامێنێت بۆ کۆمەڵگە، خێزان، وەرزش و نوێبوونەوە، دەشپرسن بۆ گەنجەکان تووشی جەڵتەی دڵ دەبن؟"
 
وەکو ئەو پزیشکە باسی دەکات، ئەگەر ئەو کاتانە لە گەنجێک بستێنیتەوە، ئەوا بە ئەگەری زۆر تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت.
 
ئەم قسە و باسانە لەکاتێکدان، بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کرێکاران (ILO)، خەڵکی هیندستان بە گشتی ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار کاژێر کار دەکەن، کە رۆژانەی نزیکەی هەشت کاژێر دەکات، ئەوەش زیاترە لە کاژێرەکانی کارکردنی خەڵکی ئەمریکا، بەرازیل و ئەڵمانیا.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.