رووداو دیجیتاڵ
زۆهران مەمدانی، سیاسەتمەداری ئەمریکی کە ئەگەری هەیە ببێتە سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک، لەگەڵ بەدەستهێنانی ناوبانگی زیاتردا ژیانی تایبەتیی خۆی و خێزانەکەی زیاتر دەبێتە جێگەی سەرنج. ئێستا خەڵک بە تامەزرۆییەوە دەیەوێ زانیاریی زیاتر لەبارەی راما سەواف دوەجی، هاوژینەکەی بزانێ. راما هونەرمەندێکی بەتوانایە و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوژینەکەیدا تاڕادەیەکی زۆر خۆی لە دەرکەوتنی میدیا بەدوورگرت.
راما دوەجی هونەرمەندێکی سووریایی-ئەمریکییە و لە دایک و باوکێکی خەڵکی سووریا لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تێکساس لەدایکبووە.
دوەجی لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو هاتووچۆی زۆر بووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر کارە هونەرییەکانی داناوە.
دوەجی تاوەکو تەمەنی 9 ساڵی لە تێکساس بووە، دواتر لەگەڵ خێزانەکەی چوونەتە دووبەی لە ئیمارات.
دوەجی رێڕەوێکی ئەکادیمیی سەرکەوتووی لە بواری هونەردا بڕیوە و سەرەتا وەک خوێندکاری بەشی دیزاین لە کۆلێژی هونەری زانکۆی کۆمۆنوێڵسی ڤێرجینیا لە قەتەر دەستی بە خوێندن کرد، دواتر چووەکەمپی سەرەکیی زانکۆکە لە شاری ریچمۆندی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا.
ئەو خانمە تەمەن 28 ساڵە دواتر بڕوانامەی ماستەری لە وێنەکێشان لە کۆلێژی هونەرە بینراوەکان لە نیویۆرک بەدەستهێنا کە یەکێکە لە دامەزراوە هونەرییە پێشەنگەکان لە ئەمریکا.
بەهرە هونەرییەکەی راما دوەجی لەلایەن دامەزراوە میدیایی و هونەرییە جیهانییەکانەوە دانی پێدانراوە و بەرهەمەکانی لە چەندین بڵاوکراوەی میدیای بەناوبانگ وەک نیویۆرکەر، واشنتن پۆست، بی بی سی، ڤۆگ و تەنانەت لەلایەن مۆزەخانەی تەیت مۆدێرن لە لەندەن نمایشکراون. کارە هونەرییەکانی زۆرجار تیشک دەخەنە سەر ئەو بابەتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی پەیوەستن بە ژنانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناسنامەیان.
چیرۆکی ناسینی راما دوەجی و زۆهران مامدانی لە ساڵی 2021 و لە رێگەی ئەپی ژوانبەستنی "هینج"ەوە دەستیپێکرد. لەو کاتەدا مەمدانی تازە وەک ئەندامی ئەنجوومەنی ویلایەتی نیویۆرک هەڵبژێردرابوو، بەڵام دوەجی زانیارییەکی ئەوتۆی لەبارەی پاشخانە سیاسییەکەی نەبوو.
یەکەم ژوانیان لە شوێنێکی تایبەت بە ناوی قاوەخانەی "Qahwah House" بوو، کە قاوەخانەیەکی یەمەنییە لە ناوچەی برۆکلین. مەمدانی لە تشرینی یەکەمی 2023 رامای مارەبڕی و لە شوباتی ئەم ساڵدا لە ئاهەنگێکی سادە و دوور لە چاوی کامێراکان زەماوەندیان کرد.
لە کاتێکدا راما لە کاتی هەڵبژاردنی هاوژینەکەیدا بە ئەنقەست خۆی لە دەرکەوتن و چاوی میدیاکان بەدوور گرت، پۆست و کارە هونەرییەکانی لە سۆشیاڵ میدیا ئاماژەیەکی روونن بۆ هاوسۆزییەکی بەهێزی بۆ دۆزی فەلەستین و هەڵوێستە سیاسییەکانی.
میدیای ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو خانمە هێزێکی کاریگەرە لە سەرکەوتنی هاوژینەکەی و یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لۆگۆی بانگەشەی مەمدانیان یەکلاییکردووەتەوە و رۆڵی هەبووە لە بەهێزکردنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیای مەمدانیش.
راما زۆر کەم لە سۆشیال میدیا دەردەکەوێ و لە حوزەیرانی رابردوودا دوای ئەوەی هاوژینەکەی بووە بەربژێری دیموکراتەکان لە ئینستاگرام نووسی، "ناتوانم لەمە زیاتر شانازی بکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ