رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزێكی پێشووی ئەمریکا دوای 40 ساڵ سیخوڕیکردن بۆ کووبا؛ دەستگیرکرا. داواکارێکی گشتیی ئەمریکاش دەڵێت، باڵیۆزەکە تاوەکو ساتی دەستگیرکردنیشی لە سیخوڕیکردن بەردەوام بووە.
رۆژی دووشەممە، 04-12-2023، وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند "ڤیکتۆر مانوئێل رۆچا یەکێكە لەو سیخوڕانەی کە بۆ درێژترین ماوە هەستیارترین زانیاری ویلایەتەکە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بردووەتە دەرەوە."
رۆچا تەمەن 73 ساڵ بە رەچەڵەک خەڵکی کۆڵۆمبیایە و هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکایە؛ لە نێوان ساڵانی 1994 - 1995 لە سەردەمی ئیدارەی بێل کڵنتن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کاریکردووە. لە 2000 تاوەکو 2002 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە بۆلیڤیا.
مێریک گارلاند، داواکاری گشتی رایگەیاند، "رۆچا لە ساڵی 1981ـوە پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی کووباوە کردووە و تاوەکو ئەو کاتەی کە دەستگیر دەکرێت بەردەوام بووە لەو کارە؛ ئەوانەی کە ئەو شانازییە بە دەستدەهێنن و لە پۆستێکی گشتیی ئەمریکادا کار دەکەن بە دڵنیاییەوە متمانەی حکومەت و خەڵکی ئەم وڵاتە بە دەستدەهێنن؛ بە داخەوە کە هەندێ کەس ئەو متمانەیە بە سوودی خۆیان و دژ بە بەرژەوەندیی نیشتمان، دەقۆزنەوە."
گارلاند گوتیشی، "ناپاکیکردن لەو متمانەیە لە رێگەی خستنەڕووی دڵسۆزییەکی ساختە، تاوانێکە رووبەڕووی ئەوپەڕی هێزی یاسایی وەزارەتی داد دەبێتەوە."
لەو بارەیەوە حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، "بوونی رۆچا لە پۆستە جیاجیاکانی حکومەت رێگەی پێداوە دەستی بە زانیاری نهێنی بگات لە نێویاندا ئەو زانیارییانەی کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەیە."
رۆچا دوای 40 ساڵ چۆن ئاشکرابوو؟
بە گوتەی ئێف بی ئای، نووسینگەی هەواڵگریی فیدراڵیی ئەمریکا، رۆچا سەرجەم چالاکی و کارە سیخوڕییەکانی بۆ کەسێك باس کردووە، کە خۆی لەبەردەم رۆچا وەک سیخوڕێك دەرخستووە کە بە حیساب کار بۆ کووبا دەکات.
کاتێك کە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسە بەهێزتر دەبێت و چەند جارێک یەکدی دەبینن، ئیدی رۆچا بە تەواوەتی کارە نهێنییە سیخوڕییەکەی بۆ ئەو کەسە ئاشکرا دەکات و پێی دەڵێت، کە ئەو چوار دەیەیە کاری سیخوڕی بۆ کووبا دەکات و لە قسەکانیشیدا ئەمریکا بە "دووژمن" ناو دەبات و کارەکانی فیدێڵ کاسترۆ، سەرکردەی کۆچکردووی کووبا بە "پاڵەوانیێتی مەزن" دەزانێت و بەرز دەینرخێنێت.
وەزارەتی دادی ئەمریکا سێ تۆمەتی ئاراستەی رۆچا کردووە کە ئەوانیش "پیلانگێڕان دژ بە حکومەتی ئەمریکا، کارکردن وەک سیخوڕ بۆ وڵاتێكی بیانی بەبێ ئاگاداری وڵاتی دایک و هەروەها بەکارهێنانی پاسپۆرتی ئەمریکی بۆ کاری سیخوڕی، لە کاتێکدا خودی پاسپۆرتە ئەمریکییەکەش بە گوتەی وەزارەتی داد، لە رێگەی پێدانی زانیاریی ساختە بەدەستهاتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ