رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى داتاکانی پەیمانگەى لێکۆڵینەوەى جەنگی ئەمریکى، رووسیا لە مانگی رابردوودا گەورەترین پێشڕەویی لە خاکى ئۆکراینا کردووە.
لە ماوەى ئەم مانگەدا، رووسیا دەستى بەسەر 701 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکى ئۆکراینادا گرتووە، ئەمەش گەورەترین پێشڕەوییە لە ماوەى جەنگى نێوان هەردوو وڵاتەکە.
تاوەکو کۆتایی مانگى 11، سوپاى رووسیا بەنزیکەیی 20٪ خاکی ئۆکرایناى کۆنتڕۆلکردووە.
پێش جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022، تەنیا 7%ـی خاکی ئۆکراینا، کە بریتیبوون لە کریمیا و ناوچەکانی هەرێمی دۆنباس لە رۆژهەڵات لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادا بوون.
پێشڕەوییەکانى رووسیا هاوکاتن لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە هەمان مانگدا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، ئەمریکا دانوستاندنەکان لەگەڵ هەردوو وڵاتدا بەڕێوەدەبات.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکى رووسیا هەفتەى رابردوو داواکارییەکانى دووپاتکردەوە بە بەدەستەوەدانى ئۆکراینا بە بەشێک لە خاکەکەى بەرامبەر وەستاندنى جەنگەکە، بەشێک لەو خاکەى رووسیا داواى کردووە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵى ئۆکراینایە.
لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە، رووسیا نزیکەی 5,400 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە خاکی ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە، کە نزیکەی 2,000 کیلۆمەتر چوارگۆشە زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
هێزەکانی مۆسکۆ ئێستا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شاری پۆکرۆڤسک دەدەن، کە ناوەندێکی گرنگی ستراتیژییە و لەدەستدانی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بەرگری و لۆجستیی ئۆکراینا دەبێت.
هەروەها لە هەرێمی زاپۆریژیای باشووریش، هێزەکانی رووسیا زۆرترین پێشڕەوییان لە مانگی تشرینی دووەمدا کرد و 272 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان کۆنتڕۆڵ کرد، کە هێندەی چوار مانگی پێشووترە، هاوکات لە هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک نزیکەی 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی کۆنتڕۆڵکرد.
رووسیا لە ئەیلوولی 2022 بە فەرمی رایگەیاند، هەرێمەکانی زاپۆریژیا، دۆنێتسک، لوهانسک و خێرسۆنی بە خاکەکەیەوە لکاندووە، هەرچەندە لە رووی سەربازییەوە بە تەواوی کۆنترۆڵی نەکردبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ