رووداو دیجیتاڵ
ساڵی رابردوو حکومەتی یۆنان بڕیاریدا یەکێک لە پرۆگرامەکانی بەدەستهێنانی ڤیزەی وڵاتەکە کۆتایی پێبهێنێت کە دەدرێت بەو کەسانەی لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاوە دەیانەوێت لە یۆنان بژین، بەڵام دواتر داتاکانی کۆچبەران دەریان خست کە ئەو پرۆگرامە پارەیەکی زۆری هێناوەتە یۆنانەوە.
هێمن عەبدوڵڵا لە بەرنامەی دیاسپۆرا کە شەوی هەینی، 05-01-2024 پێشکێشی کرد باسی لەوە کرد، لە یۆنان دەگوترا رووسەکان بە خراپی سوود لەو پرۆگرامی وەرگرتنی ڤیزەیە وەردەگرن بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پرۆگرامە تەنیا لە ساڵی 2023ـدا ملیارێک و 500 هەزار یۆرۆی بۆ یۆنان کۆکردووەتەوە.
لەبارەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەم پرۆگرامە وەربگرن، حکومەتی یۆنان روونیکردووەتەوە، دەبێت کەسی وەبەرهێنەر موڵک بکڕێت یان وەبەرهێنان لە پرۆژەیەکدا بکات و بەو هۆیەوە 250 هەزار یۆرۆ بەرەو سەرەوە بهێنێتە وڵاتەکەوە.
لە یەکێک لە زنجیرە بەرنامەکانی دیاسپۆرا لە 09-12-2023، یەکێک لە مژارەکانی تایبەت بوو بەو پرۆگرامەی وەرگرتنی ڤیزە لە یۆنان، ئەو کات باس لەوە کرا، سەرەڕای راگرتنی ئەو پرۆگرامە لە یۆنان، بەڵام چەندین وڵاتی دیکە پرۆگرامی هاوشێوەیان هەیە بۆ داواکردنی ڤیزە، لەوانەش رۆمانیا، قوبرس، هەنگاریا و ماڵتا لەگەڵ هەندێک ناوچەی نەرویج و هۆڵەندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ