رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نێوخۆی فیدراڵی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023، تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ، 529 کۆچبەر کە وەڵاتینامەی عێراقییان هەیە لەلایەن ئەڵمانیاوە دیپۆرت کراون. لەو ژمارەیەش تەنیا 210 کەسیان بۆ عێراق و باشووری کوردستان نێردراونەتەوە.
ئەو وەزارەتە لە وەڵامی چەند پرسیارێکی زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، رایگەیاندووە، دوایین جار لە رۆژی 19-12-2023، ژمارەیەک کۆچبەرییان ناردووەتەوە بۆ عێراق و باشووری کوردستان.
لە ماوەی رابردوودا میدیای ئەڵمانی بڵاوییان کردەوە کە بەرلین و بەغدا بەنهێنی سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی هەڵگری ناسنامەی عێراقی، رێککەوتبوون، زنار شینۆ پرسیاری ئەو رێککەوتنەی لە وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا کرد و لە وەڵامدا دەڵێن، هیچ رێکەوتنێک لەسەر پرسی کۆچبەران نەوەک تەنیا لەنێوان ئەڵمانیا و عێراق بەڵکو لە نێوان هیچ وڵاتێکی یەکێتیی ئەوروپادا نییە، بەڵام هاوئاهەنگییان لەگەڵ عێراق هەیە کە ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا وەرنەگرتووە، بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەیان.
بەپێی ئەو داتایانەی وەزارەتەکە بۆ رووداوی ناردووە، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا تاوەکو کۆتایی مانگی یازدەی ئەو ساڵە 529 کۆچبەر کە وەڵاتینامەی عێراقییان هەیە لەلایەن ئەڵمانیاوە دیپۆرت کراون. لەو ژمارەیەش تەنیا210 کەسیان بۆ عێراق و باشووری کوردستان نێردراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی کە دیپۆرت کراون زیاتر بن لەوەی کە وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا بڵاویکردوونەتەوە.
وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا رەتیدەکاتەوە هیچ ریککەوتنێک لەگەڵ عێراق کرابێت لەبارەی ناردنەوەی کۆچبەران، بەڵام دەڵێت، ئەو کۆچبەرانەی نێردراونەتەوە لە چوارچێوەی رێکارە نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە پرسی کۆچبەران نێردراونەتەوە و هاوئاهەنگییان لەوبارەوە بەردەوام دەبێت لەگەڵ وڵاتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ