رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر و هۆشداری پێدا، سەرۆکی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، هەرچەندە سوێندی خواردووە چەک دانێت، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لەسەر خاکی وڵاتەکەی، ئامادەیە جارێکی دیکە چەک هەڵبگرێتەوە. دەشڵێت: "دەزانم شەڕی گەریلایی چۆنە."
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2025، گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی: "سوێندم خواردووە جارێکی دیکە چەک هەڵناگرمەوە دوای رێککەوتنی ئاشتی لە ساڵی 1989ـەوە، بەڵام بۆ پاراستنی وڵاتەکەم ئەم کارە دەکەم."
ئەم کاردانەوە تووندەی سەرۆکی کۆڵۆمبیا دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدایە و رایگەیاند، پێویستە پێترۆ "ئاگای لە خۆی بێت". ترەمپ لە هێرشەکەیدا بۆ سەر پێترۆ گوتیشی: "ئەو پیاوێکی نەخۆشە کە کۆکاین دروستدەکات و بە ئەمریکای دەفرۆشێت."
گوستاڤۆ پێترۆ کە پێش ساڵی 1989 ئەندامی گرووپی (19ـی نیسان) بووە، کە گرووپێکی چەپڕۆ بوون و خەباتی چەکدارییان دژی سیستمی وڵاتەکەیان دەکرد، لە وەڵامەکەیدا وەبیر ترەمپی هێنایەوە، کە شارەزای جەنگە.
پێترۆ نووسیویەتی: "هەرچەندە هەرگیز سەرباز نەبووم، بەڵام دەزانم جەنگ چییە و شەڕی گەریلایی چۆنە."
هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان بۆگۆتا و واشنتن دوای ئەوە دێت، رۆژی شەممەی رابردوو سوپای ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە نێو خاکی ڤەنزوێلا، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە و هاوژینەکەی دەستگیرکرد.
سەرۆکی کۆڵۆمبیا و بەرپرسانی وڵاتەکەی بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی واشنتنیان کرد و بە "پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی" ناویان برد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ