رووداو دیجیتاڵ
نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دوای رفاندنی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ نیویۆک، ئەمڕۆ یەکەم دادگاییکردنی بەڕێوەچوو و تێیدا گوتی، "من بێتاوانم و هێشتا سەرۆکی ڤەنزوێلام".
مادۆرۆی 63 ساڵ، لە دادگای فیدراڵیی نیویۆرک نکۆڵی لە چوار تۆمەتی تاوانکاری کرد کە بریتین لە: تیرۆری مادەی هۆشبەر، پیلانگێڕی بۆ هاوردەکردنی کۆکاین، و هەبوونی چەکی قورس (رەشاش) و ئامێری وێرانکەر.
دادگاییەکە کاژێر 12:02ـی دوانیوەڕۆی ئەمرۆی دووشەممە بە کاتی ئەمریکا بەڕێوەچوو. مادورۆ بە جلی زیندانییەوە لەبەردەم دادوەر ئامادە بوو و تۆمەتەکانی رەتکردنەوە.
مادورۆ لەبەردەم دادوەر و لە رێگەی وەرگێڕەکەیەوە قسەی کرد و گوتی، "من تاوانبار نیم. من پیاوێکی بەڕێزم. من هێشتا سەرۆکی وڵاتەکەمم".
سیلیا فلۆریس، هاوسەری مادۆرۆش بە هەمان شێوە نکۆڵی لە تۆمەتەکان کرد و خۆی بە بێتاوان لە قەڵەم دا. دادگاییکردنی داهاتووش بۆ 17ـی ئازار دیاری کرا.
"من سەرۆکی ڤەنزوێلام"
سەرەتای دادگاییەکە، دادوەر داوای لە مادورۆ کردووە خۆی بناسێنێت و بیسەلمێنێت نیکۆلاس مادورۆیە.
مادورۆ لە وەڵامدا بە زمانی ئیسپانی دادوەری گوتووە، "من لە ماڵەکەی خۆم لە کاراکاس دەستبەسەرکرام".
دادوەر قسەکانی بە مادورۆ بڕیوە و پێی گوتووە، "کاتی باشتر و شوێنی باشتر" هەیە بۆ ئەو قسانەی ئەو.
دادوەرەکە بە مادورۆ و خێزانەکەی گوت، مافی ئەوەیان هەیە کۆنسووڵخانەی ڤەنزوێلا لە دەستگیرکردنیان ئاگادار بکەنەوە.
رۆژی شەممە لە ئۆپەراسیۆنێکدا هێزی کۆماندۆی ئەمریکا بە پشتیوانیی هێزی دەریایی و ئاسمانی، هەڵیکوتایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتیی (میرافلۆرێس) لە کاراکاس و مادورۆ دەستگیرکرا.
لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا بۆ سەر کۆشکەکەی مادورۆ، زۆربەی پاسەوانەکانی مادورۆ کوژراون، ئەمەش بەگوێرەی ڤلادیمیر پادرینۆ، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا.
تۆمەتەکانی سەر مادورۆ
داواکارانی گشتیی ئەمریکا دەڵێن مادورۆ لەو کاتەوەی لە ساڵی 2000 لە کۆمەڵەی نیشتمانیی ڤەنزوێلا دەستی بە کار کردووە، تاوەکو سەردەمی کارکردنی وەک وەزیری دەرەوە و دواتر هەڵبژاردنی لە ساڵی 2013 وەک جێگرەوەی سەرۆکی کۆچکردوو هۆگۆ چاڤێز، تێوەگلاوە لە بازرگانیکردن بە مادە بێهۆشکەرەکانەوە.
داواکارانی گشتیی فیدراڵی لە نیویۆرک بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2020 دا مادورۆیان وەک بەشێک لە دۆسیەیەکی درێژخایەنی بازرگانیکردن بە مادە بێهۆشکەرەکان دژی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ڤەنزوێلا و گەریلاکانی کۆڵۆمبیا تۆمەتبار کرد.
تۆمەتەکان رۆژی شەممە بڵاوکرانەوە و چەند وردەکارییەکی نوێ و چەند تۆمەتبارێکی دیکەیان بۆ دۆسیەکە زیاد کردووە، کە سیلیا فلۆریسی خێزانی مادورۆشی تێدایە.
ئەمریکا لەو کاتەوەی مادورۆ لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨دا سەرکەوتنی ڕاگەیاند، کە ئەو هەڵبژاردنەش بەهۆی تۆمەتەکانی پەیوەست بە بوونی پێشێلکارییەکی زۆرەوە لێڵ ببوو، وەک دیکتاتۆرێکی نایاسایی سەیری دەکات.
مادورۆ ساڵی 2018 بە سەرۆکی ڤەنزوێلا هەڵبژێردریەوە، ئەمریکا هەڵبژاردنەکەی بە ساختەکاری ناوبرد و لەوکاتەوە مادورۆی بە "دیکتاتۆر" ناوبردووە.
هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی مادورۆ، شارەزایانی سیاسی و سەرکردەکانی هێنایە دەنگ و هەندێکیان سەرکۆنەیان کردووە و هەندێکی دیکەش بە پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسفیان کردووە.
مادۆرۆ لە مێژە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوانە تەنیا پەردەیەک بوون بۆ شاردنەوەی پیلانە ئیمپریالیستییەکان بۆ دەستگرتن بەسەر یەدەگە دەوڵەمەندەکانی نەوتی ڤەنزوێلادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ